شەهید ئارام و سەردەشت عوسمان بە نموونە

لوقمان غەفور
هەموو چەند دەیەیەك ئەم مێژووە خۆی نوێدەكاتەوە لەبەرگ و سیسمی جودادا، كۆی هەموو دیدەش ئەوەیە ئەوانەی كە قوربانین، قوربانین دژی نایەكسانی و ستەم و زۆرداری.

نایەكسانی و ستەم و زۆرداری هەر لەو سیستمانەدا كۆنابێتەوە كە خاوەنی كارخانەن و لەسەر سەرخانی سەرمایەداری بنیاتنراون، رای من وایە ئەو سیستمەی كوردستان سیستمێكی سەرمایەداری نییە، بەڵام پڕ لەناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و نایەكسانی و زۆرداری و كپكردنەوەی ئازادی، كە ئەمە بابەتێكی تر و دیدێكی ترە بەرامبەر ئەو سیستمە تێكەڵ و پێكەڵەی كوردستان.

كرۆكی بابەتەكەم ئەوەیە كە هەندێك كەس بەگەنجی و لەتافی لاویدا ئەمرن، بەڵام بەگەورەیی لەمێژوودا ئەمێننەوە، شەهیدبوونی سەردەشت عوسمان و كاوە گەمیانی دوو نموونەن لەوانە، هەروەك چۆن شەهید ئارام مێژوویەكی گەشی بۆ خۆی تۆماركرد كاتێك بە گەنجی شەهید بوو. لەوانەیە پێنج دەیەی تر ناوی تر و خەڵكی تر هەبن لەسەردەمی سیستمێكی تر و لەسەر دەستی سیستمێكی تر و لەپێناو دیدو بۆچوونێكی دیكە شەهیدبن، بەڵام هێشتا لەناو پشتی باوكیاندان.

ساڵی 1978 كاتێك شەهید ئارام، شەهید دەكرێت، دەبێتە ناوێك نەوە لەدوای نەوە چەپەكان شانازی پێوە دەكەن، ئەوانەی ڕۆژێك ناسویانە وەسفی رەوشت و نموونەی توانا و مەنتالییەتی ئەو پیاوە دەكەن، زۆركەس هەبوون وەك ئەو بیریان كردۆتەوە و ئێستا لەژیاندا ماون و ئیرەیی بەوە دەبەن خۆزیا لەوكاتەدا ئەوانیش شەهید بوونایە بۆئەوەی ئێستا نەكەوتنایەتە بەر عەرشی رەخنەو سوكایەتی خەڵك. ئێدەی خۆ دوور نییە دوو بۆ سێ دەیەی تریش زۆر كەس هەبن كە شانبەشانی سەردەشت عوسمان بیریان كردۆتەوە، ئیرەیی بەشەهیدبوونی ئەم رۆژنامەنووسە ببەن و بكەونە بەر عەرشی رەخنە و سوكایەتی سێ دەیە لەنەوەی داهاتوومان.

بەڵام 1978 كەس بەبیریدا نەەاتووە كە كەسێك هێشتا لەناو پشتی باوكیایەتی و هەڵگری دیدو بۆچوون و دنیادیدیەكە و ناوی ئەنرێت سەردەشت یان كاوە، ئەوێ ڕۆژی كەس بەبیریدا نایەت كە ئەوەی ئارام بۆی تێكۆشاوەو دەیەوێت بەدەستی بێنێت، ئەبێتە بكوژی نەوەیەكی نوێ كە هەمان دیدو دنیابینی ئەوی هەیە بەرامبەر ستەم و نایەكسانی. كەواتە تا نایەكسانی هەبێت دەیان ئارا م و سەردەشت و كاوە-ی تریش دەبێت.

جا تۆ لەو مێژووە بڕوانن ئەم دوو كەسە تیرۆر و قوربانی دەستی یەك بیرو ئایدیای سیاسییە كە تا ئێستا بەهەمان عەقڵ و بە هەمان تێڕوانییەوە لەدنیابینی ئازادی دەڕوانێت. ئەم قسانە ناخۆشن بۆ ئەو هێزانەی كە لەكوردستان خۆیان بە خاوەنی چەمكە سواوەكەی دیموكراسی و ئازادی دەزانن و بەڵام لە ناوەڕۆكدا جەللادێكن نموونەیان كەمە


08/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر