دانانی وێنه‌كه‌ی مام جه‌لال له‌ده‌روازه‌ی زانكۆی سلێمانی ئایدیا و پێشنیازی هه‌ركه‌س بێت هه‌ڵه‌یه، ئیتر ناشمه‌وێت گوێم له هیچ ئامۆژگارییه‌ك بێت گوایه مام جه‌لال پشتیوان و هاوكار و یاریده‌ده‌ری سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی بووه. حەزم لەئامۆژگاری نییە و هه‌ركه‌س پاڵپشتی ئه‌م پرۆژه‌یه بووه نه له دنیای رێزگرتن له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌یی تێگه‌یشتووه، نه ئه‌شزانێت چۆن رێز له‌سه‌ركرده کۆچکردووەکان ده‌گیرێت. له‌به‌رامبه‌ریشدا دژی ئه‌و لێدوان و بۆچوونە ناماقوڵ و نهزانانهم كه وه‌ك كه‌ناڵێكی ته‌له‌فیزیۆنی راپۆرتێكی كردووه و ده‌ڵێت: "سیستمه شمولی و دیكتاتۆره‌كان گرنگی ده‌ده‌ن به وێنه‌ی سه‌ركرده مردووه‌كان". ئه‌م ڕاپۆرته پڕه له‌هه‌ڵه‌ی مه‌عریفی.
هه‌ر دوو لێكدانه‌وه‌كه بۆ دنیای سه‌ركرده کۆچکردووەكان و رێزگرتن لێیان هه‌ڵه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌پێی راپۆرتی كه‌ناڵه تهلهفیزیۆنییهكه بێت، كه‌واته هه‌ر له‌ئێستاوه بكه‌ومه خۆم چاوه‌ڕێی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكا نه‌كه‌م. جانتاكه‌م بپێچمهوهو بگه‌ڕێم به شوێن وڵاتێكی تردا، چونكه من ناتوانم له ده‌وڵه‌تێكی داپلۆسێنه‌ری وه‌ك ئه‌مریكا بژیم كه پرۆژه‌یه‌كی وه‌ك شاخی راشمۆر -ی مۆنۆمێنتی نیشتمانی بۆ جۆرج واشنگتن و تۆماس جڤرسن و سیدۆر ڕۆسفێڵد و ئه‌براهم لینكۆلین-ی سه‌رۆكه کۆچکردووهكانی پێشووی ئه‌مریكای كردووه. من كاتێك مۆنۆمێنته‌كه‌ی راشمۆرم له ویلایه‌تی ساوس داكۆتا، بینی- کە بریتییە لە ھەڵکۆڵینی سێ کەلەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا- سه‌رسام بووم به عه‌قڵیه‌تی ئه‌و كه‌سه‌ی پرۆژه‌كه‌ی بنیاتناوه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی من بینیوومه له‌ماوه‌ی رابردوودا له بازارێكی وه‌ك شێڵز له ویلایه‌تی نۆرس داكۆتا، په‌یكه‌ری هه‌موو سه‌رۆكه کۆچکردووەكانی ئه‌مریكای لێدانراوه. كه‌واته كه میدیا قسه ده‌كات، ئه‌بێت بزانێت له چ بوعد و یه چ تێڕوانینێك قسه ده‌كات. ناكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه كۆك نین له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئیتر ئه‌وه‌ی بۆ مام جه‌لال ده‌كرێت راست و چه‌پی لێبدرێت. ئه‌گه‌ر تێڕوانین بۆ وێنه‌كه تێڕوانینێكی ژیاری و سه‌لیقه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی سیاسی بێت ئه‌وه راسته دانانی ئه‌و وێنه‌یه لەو شوێنە هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به تێڕوانێكی سیاسییانه له وێنه‌كه بڕوانین و بڵێن مادام مام جه‌لال مردووه نابێت هیچ وێنه و په‌یكه‌رێكی بۆ بكرێت تا سیستمه‌كه نه‌بێت به سیستمێكی داپلۆسێنه‌ر ئه‌وه ئاره‌زوومه‌ندانه و نه‌زانانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوه ده‌كرێت.
ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه له ئه‌زموونی وڵاته دیموكراسییه‌كانه‌وه وانه وه‌رگرین. ده‌توانم بڵێم من كۆنتاكتم هه‌یه له‌گه‌ڵ سێ زانكۆی ئه‌مریكی واته سه‌ردانی به‌رده‌وامم هه‌یه بۆ سێ زانكۆ، تا ئه‌م ساته وێنه‌ی یه‌كێك له‌سه‌رۆكه کۆچکردووەكانی ئه‌مریكا یان په‌یكه‌ری سه‌رۆكێكی ئه‌مریكام له هیچ كونج و كه‌له‌به‌رێكی زانكۆكه نه‌بینیوه. ئێ خۆ كۆپیكردنی ئه‌م ئه‌زموونه نه پاره‌ی تێده‌چێت نه په‌یوه‌ندی به په‌رپرس و گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌وه من ئاواته‌خوازبووم كه پرۆژه‌یه‌كی وه‌ك شاخی راشمۆر-ی ویلایه‌تی ساوس داكۆتا بۆ مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا بنیاتنرایه له‌قه‌د پاڵی شاخی ئەزمڕ یاخود پیره‌مه‌گروون. یرۆژهیهكی ئاوا له پاش 60 ساڵی تر ئه‌همیه‌تی ده‌زانرێت، دوور نییه وه‌ك چۆن ئێستا شاخی راشمۆر ساڵانه 2 ملیۆن كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن. پرۆژه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی راشمۆر له‌قه‌د پاڵی ئه‌زمڕ یان پیره‌مه‌گروون ساڵانه به هه‌زاران گه‌شتیار سه‌ردانی نه‌كات و به‌هۆیه‌وه نه‌بێته پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری. کاتێک گۆتزن برۆگلم -ی پەیکەرساز لەگەڵ لینکۆلن-ی کوڕیدا پرۆژەکەی دەستپێکردووە بیری لەوە نەکردۆتە ساڵانە ٢ ملێون کەس سەردانی بکات. به‌ڵام بەڕاستی دانانی وێنه‌یه‌ك كه ئه‌مڕۆ یه‌كێتی حاكمی ره‌های سلێمانییه ده‌شێت بۆ چه‌ند ساڵێك درێژه بكشێشێت و دواتر كه‌سێكی تر له زانكۆی سلێمانی عه‌قڵی بڕ نه‌كات و لایبه‌رێت.
مۆنۆمێنتی راشمۆر، 14 ساڵی خایاندووه. كێشه چییه! پرۆژه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وە بۆ مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا 15 ساڵ بخایه‌نێت. كاتێك پرۆژه‌ی راشمۆر دروستكراوه له‌ساڵی 1927 هێشتا نه "هه‌ربرت هۆفه‌ر و فرانكلین رۆسفیلد و هاری ترومان و دوایت ئایزنهاور و جۆن كه‌نه‌دی و جیرالد فۆرد و جیمی كارته‌ر و رۆناڵد رێگان و جۆرج بۆش و بێل كلنتۆن و جۆرج ده‌بلیو بۆش" و نه باراك ئۆباما و دۆناڵد تره‌مپ خه‌ویان به سه‌رۆكایه‌تییه‌وه بینیوه، كه‌چی ئێستا كه‌سێكی وه‌ك بێل كلنتۆن ئیره‌یی به جوانی پرۆژه‌كه ئه‌خوازێت.
كه‌واته ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت پرۆژه‌یه‌ی مۆنۆمێنتی بۆ سه‌ركرده كۆچكردووه‌كان، بنیات بنێبن، ئه‌بێت بیر له دوور مه‌ودایی پڕۆژه‌كه و ئایندهی بكه‌ینه‌وه، نه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مڕۆ كه دڵی دوو كه‌سی حزبی له‌سه‌ر بێت.