رێفراندۆم و ئیرادەی نەتەوەیی

عه‌لی که‌ریمی

ئەوە چەند رۆژێکە ئیتر پرسی رێفراندۆم (جارێ نابێ بڵێین سەربەخۆیی) بۆتە باس و خواستی زۆربەی میدیا و بیر و بۆچوونی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا و بە تایبەت رەنگدانەوەی بە هێزی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.


دابەش بوونی دووبەرەی لە گەڵ و لە گەڵ نەبوون بە رەواڵەت بە رووخساری ئەم پرسەوە دیار و زەقە.

ئەوەی کە بۆ یەکی وەک من جێگای رامان و دەتوانم بڵێم بۆ سەدانەوەدی کۆمەڵگای کوردیش هەر وایە، شک و گومان و تەنانەت راڕایی تاکەکانە لەم پرسە. ئاخر چۆن دەبێ و دەکرێ بە ئاوردانەوەیەکی خێرا لە مێژووی سیاسی و خەباتی ئەم گەلە لەمەڕ پرسی سەربەخۆیی کوردستان کەسێک پەیدا بێ و تەنانەت نیشانی دوودڵی و پرسیاریشی لە ناوچاوان لێ وەدیار کەوێت. خۆم بە درێژایی ٤٠ ساڵ لە نزیکەوە بە کوردستان یان نەمان و کوردستانە گەورەکەی ژێکاف و سەدان هاوڕێ و خزمی بە خوێن شەڵالی رێگەی کوردایەتی گەورە بووم و گۆش دراوم. سەیرە زۆریش سەیرە سەرنجام و دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ دوای کۆمارە جوانەمەرگەکەی شارەکەم ئێستا کە دیسان باسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی دەکرێت هەبن و بوێرن دژایەتی دەوڵەتی کوردستان بکەن؟!

نا! هەرگیز باوەڕ ناکەم هەبێ یان هەبن لە ئەمڕۆدا کوردێک ئەوەندە پەست و ریسوا و زەبوون، دژایەتی لە گەڵ دەوڵەتی کوردستان بکات، تەنانەت وەک کۆمارەکەی کوردستان گەر لە تاقە شارێک و گوندێکیش بێتە جاڕدان!

ئەدی خۆ شوکر ئەمڕۆ بەلانی کەمەوە چوار شاری گەورەی کوردستان و پانتایەکی بەرینی جوغرافیای خاکی کوردستان و کۆمەڵێک دام و دەزگای "مۆدێرن" و پەرەپێدراوی حوکومی هەن و کۆمەڵێک عیلاقاتی نێودەوڵەتیش لە ئارا دان و پایتەختیش هەیە، ئەدی کوو یەکدەنگی و یەک خواستی بۆ ئەم رێفراندۆمە نەبۆتە هێژمۆنی و داوای گشت کەسان؟!

بە خەونی شەوانی ساڵانی ٧٠ و ٨٠کانم دا نەدەهات رۆژێک پرسی سەربەخۆیی کوردستان بێتە ئاراوە و ئەحەدێک بوێرە و بە خۆی رابپەڕموێت و دژایەتی بکات! شتی وا کفرە بۆ تاکی کورد ببێتە ناحەزی ویست و داوای سەد ساڵەی میللەتی خۆی.

ئەوەی ئەمڕۆ حاشای لێ ناکرێت بە پیرەوەنەچوون و لە ئامێزنەگرتنی شیاوی ئەم پرسەیە لە لایان هەر هەموومانەوە، واتە هیچ نەبێ دوو حیزبی ناو پەرلمان و کۆمەڵیک خەڵکی دەرەوەی حیزبەکانی دەسەڵات و ناڕازیی لە ئەدای ئەم ٢٦ ساڵەی دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا لە داخی دەسەڵاتی گەندەڵ و ناشەرعی بە ئاشکرا دژایەتی رێفراندۆم دەکەن لە بیر بێ نەک سەربەخۆیی کوردستان!

دەبێ هەڵوێستەیەکی زۆر راشکاوانە لە مەڕ ئەم بۆچوونەی خەڵکانی دژ بە رێفراندۆم بکەین، من خۆم و دەزانم زۆربەی هەرە زۆریشمان وا بیر دەکەینەوە؛ گەر شەڕی خۆبەخۆمان کرد، گەر پەنا بۆ دوژمن بردرا، گەر گەندەڵیمان کرد و ماڵی مناڵە شەهید و ئەنفالمان ئاودیو کرد، گەر مناڵی خۆمان پێ جوانتر بوو لە مناڵە هەژاری گەلەکەمان و زۆر شتی تریش، بەڵام ئیتر کایە کردن بە موقەدەساتی سەربەخۆیی کوردستان و ئیرادەی نەتەوەیی ناکرێت سوک کرێت و کایەی لەسەر بکرێت، ئەوەتا هەر ئێستا دەبینین چی بەسەر ئەم پرسە پیرۆز و موقەدەسە خەریکە بێنن و هاتوە!

پرسی سەربەخۆیی و سەرنجام بڕیاری کۆتایی لێدان، بۆ رێفراندۆم (هەڵبەت نەشبێت هەر دەبێ) دەبوو ئەو کەسەی خۆی کردووە بە خاوەنی ئەم پرسە پیرۆزە ئەوەندەی لا موقەدەس بایە بۆ سەرکەوتن وهیچ نەبێ قورس مانەوەی وەک باوکێکی باش و دڵسۆزی نەتەوەکەی هەموو تەوازوع و تەنازولێکی لە پێناودا کردبا. ئاخر ئەمە کەی بە هێند وەرگرتنە دەعوەت بۆ سەرانی حیزبەکان بکەیت و لە دیوەخان بێژی ئەوە بڕیارمان دا و کێ پێی ناخۆشە با خۆی هەڵپەرێت؟! (لە کۆی دوو ملیون دەنگ زیاتر لە نیو ملیون نەهاتبوو)

ئایا ئەمە بە سوک کردنی ئەم ئەمرە موقەدەسە نەبوو؟

دڵنییام گەر میللەتی کوردی باشور ئەمڕۆ باوکێکی دڵسۆز و فیداکاری هەبوایە، زۆر کار هەبوو دەیتوانی بیکردبایە بۆ یەکدەستی و یەک هەڵوێستی لەمەڕ سەربەخۆیی کوردستان، تەنیا لوت بەرزی و خۆ بە زلزانی دانابا لە پێناو کورد و کوردستان و هاتبا تەنیا ئەم ٥ حیزبە گەورەی پەرلمانی رازی کردبا و دڵی دابانەوە و هاتبا بۆ سەر گۆڕی سەرکردەی بزوتنەوەی گۆڕان کە دووهەم گەورە حیزبی کوردستانە و هیچ نەبێ نیو ملیون دەنگی مسۆگەرە بۆ ئەم رێفراندۆمە، ئەوکات دڵنییام گۆڕانیش و کۆمەڵیش و هەموو تاکەکانی دەرەوەی ئەحزابیش کۆدەنگیان دەبوو بۆ رێفراندۆم.

ئاخر مافی خۆمانە بپرسین لە "سەرۆک" ئەگەر تۆ پرسی رێفراندۆم (نەک سەربەخۆیی)یت ئەوەندە بەلاتەوە حەیسییەتی و لا گەورە و پیرۆزە و دەبێ کۆدەنگی تەواوی بۆ بکەی و بە دۆژمنانمان بسەلمێنی کە هەموو میللەت لە پشت قەرار و بڕیاری جەنابتانە، ئەوەندەی نەدەهێنا لە غروری خۆت کەم کەیتەوە و بڵێی لە پێناو میللەتی خۆ، باشە ئەوە دێم بۆ پەرلمان و داوای کۆدەنگی نیشتمانی و مێژوویی لە نوێنەرانی میللەت دەکەم، ئەوەندەی نەدەهێنا لە رۆژێکی ئاوادا کە دڵی کوڕان و کچانی کاک نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕان وا بریندار و بە سۆیە بێنێوە و دواتریش بۆ ئەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزە متەوازعانە داوای کۆدەنگیان لێ بکەی؟!

نا! سەرۆک بوون و باوکی میللەت بە پشتێندی سێ گرێ و لوت بەرزی و غروری بێ جێ چێ نابێ، هەر باوکێکی دڵسۆز بایە و راستی کردبایە کە کێشەی رێفراندۆم و سەربەخۆیی لا ئەوندە گرنگە بێ شک هەموو تەنازولێکی دەکرد و گەر بە سواڵی چوونی بەر دەرگای ماڵ بە ماڵی کورد و غەیرە کوردی ئەم کوردستانەش بایە بۆ رۆژی رێفراندۆمەکەی هەر هەموو تاکێکی ئەم کوردستانەی لە گەڵ خۆی هاوڕا و کۆدەنگ کردبوو.

ئێستاش تا درەنگ نەبوە و ئابڕووی سیاسی خۆمان نەبردوە و سەربەخۆیی کوردستانمان بە دوو بەرەیی سوک و بێ بایەخ نەکردوە "وا وەڕگەڕێ و روو لە لای میللەت بکە و مەچوە بۆ سەر پەڕێ" ئەمە نە تەنیا عەیب نییە و لە کەسایەتیت کەم نابێتەوە بەڵکو بە عەکسەوە وەرە و دوور لە درۆ و موجاملە بەڕاستی دەستی میللەتی خۆت ماچ بکە و بۆ٢٥/٩ داوا و پاڕانەوە بکە بۆ یەکێتی و یەکدەنگی. ئەمە کارێکی زۆر سادە و ئاسانە، پەرلمان بکەوە و غرور و سەرکێشی خۆت وەلا نێ و بێژە بۆ هەموو کەم وکوورێک داوای لێبوردن لە میللەتی خۆم دەکەم، ئەمڕۆ دەبێ کورد لە بەرامبەر دۆست و ناحەز و دۆژمن یەکدەنگ بێت و بە دەنگی بەرز کە هەموو عەرشی دوژمنانمان بێنێتە لەرزین بێژە کورد یەکدەنگە و خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی! دەنا دڵنییا بە ئەنجامی رێفراندۆمەکە گەر بە هەزار ئەملا وئەولاش هەر بیکەی و لە قسەی خۆت نەیەیتە خوار، ئەمە نابێ کە دڵی خۆت و میللەتی پێ خۆش بێت!

تکا لە هەموو ئەم لایەن و کەسانەش دەکەم کە رایان لە گەڵ رێفراندۆمە بە دروشم و وتاری بێ جێ و بێ بنەمای پۆپۆلیستی و بەکار هێنانی شعور و هزری سەربەخۆیی هەڵنەخەڵێنترێن، ئێوە لە توێژی خوێندەوار گەر وا بە شەلم کوێرم شعوری خەڵکانی تر بریندار بکەن نە تەنیا خزمەتان بە پرسی رێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نەکردوە، بەڵکو تەواو ئەم پرسە گرنگەش بە حیزبی دەکەن و و خەڵکێکی زۆر زیاتر لە خۆتان دوور دەکەنەوە و بە دژ دەوەستن و ئەوش دەبێێتە هۆکار بۆ ئەنجامی خراپی دەنگدان. لە بیرتان بێت ئەوانەی ئەمڕۆ دژی قەراری مەکتەب سیاسییەکانن زۆربەیان لە داخان و دەزانن سەرچاوەی ئەم جۆرە بریارە لە کوێوە دێت، دەنا دڵنییا بن زۆر کوردن و زۆریش بڕوایان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە، دەبێ بۆ پرسێکی وا گرنگ دەست لە مزایدە و رەوشتی ناحەز و ناجوامێرانەی پۆپۆلیستی هەڵگرن. سەربەخۆیی کوردستان لە پێشدا ئاوات و خەونی منە و گیان و روح و خوێنم بۆ داوە!


12/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر