ئەو پیاوە مرد

عه‌لی که‌ریمی

لە بەرەبەری بەیانی رۆژی سێهەمی ساڵی تازەی ٢٠٢٠ هەواڵی کوژرانی یەک لە گرنگترین و شوێن دانەرترین کەسایەتی ئێران لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گووتەی زۆر لە چاودێران پیاوی دووهەمی دارێژەری سیاسەت و بڕیاردانی ئێران پاسدار قاسم سلیمانی هەموو جیهانی هەژاند و بوو بە سەر تیتری هەموو میدیای جیهان.

 

 
لە بیرمە چەند ساڵ پێش لەناکاو خەبەری مەرگی خامنەیی بۆ چەند سەعاتێک بەهۆی سەرەتان بڵاو بۆوە، بەس وەک ئەمڕۆ نەبوو!

 

 
بەهۆی چالاکی و لێزانی و ئازا بوونی "سلیمانی" لە ماوەی بەتایبەت ١٥ ساڵی رابردوو یەک لە پڕباسترینەکانی رووداوەکانی عێراق و بەتایبەت گرژییەکانی ئەمریکا و عێراق بوو.

 

 
هەر لەدوای تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٨ لە بیرمە رەفسنجانی گووتی ئیتر ئێران شەڕەکانی خۆی جارێکی تر لە خاکی ئێراندا ناکات.

هەر ئەوکات یەک لە هەرە دمووچاوە سەرکەوتووەکان و نازدارەکانی شەڕی ئێران-عێراق لە چاوی سەرانی کۆمار و بەتایبەت خامنەیی "سەردار سلیمانی" بوو.
لەو ساڵەدا کێشە و هەرایەکی زۆر بلوچستانی ئێرانی گرتەوە، سلیمانی راسپێردرا بۆ کوژانەوە و سەرکووتی سەرهەڵداوەکان. ئەو کارە زۆر بەخێرایی و سەرکەوتوویی کرا و دیسان "سلیمانی" زۆرتر جێی خۆی لە ناو دڵی ئیمامدا کردەوە و کرا بە قارەمانی نەتەوەیی و تەنانەت سپایەکی تایبەت بە خۆیان بۆ دروست کرد بە ناوی "سپای قودس" واتا سپا لەناو سپادا! بەڵام کەس بۆی نەبوو دەست وەرداتە کاروباری  "قاسم سلێمانی" کە زۆرتر تەرکیز کرابوو لە سەر گوازتنەوەی شۆڕش (صدور انقلاب) بۆ وڵاتانی دەورووبەر لە سەر وەسێتی ئیمام خومێنی، واتا سپای قودسی ئاغای سلێمانی وەک راسپێردراوی کاروباری شۆڕش بۆ وڵاتانی جیران کاری دەکرد و لە هەموو سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران ئەوە ئەو بوو قسەی ئەوەڵ و ئاخری دەکرد.

 

 
دوای شەڕی ئەمریکا و رووخانی سەدام ئیتر مەیدانی هەموو ناوچەکە دواتر لە سوریا، یەمەن و لوبنانیش و تەنات ئەفغانستانیش بریار و سیاسەتەکانی ئەو بوو سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی دیار دەکرد و بەدوایدا دەچوون. ئەو وەک پاسدارێکی خاکی و بوونی خۆی لە مەیدانەکانی شەڕ، کاریزمایەکی تەواو شوێنداری بۆ کەسایەتی خۆی لە لای هەموو سیاسەتمدار و دەوڵەتمدار و تەنانەت ئەمریکا و پیاوە گەورە سیاسییەکانی هەردوو حیزبی کۆماریخواز و دیمۆکراتەکان کە هەردوو بەرە لە دەسەڵاتی ئەمریکا دابوون لە سەردەمەکانی قاسم سلیمانیدا( سەردەمی بوشی باوک، کلینتۆن، بوشی کوڕ، ئۆباما و ترامپ)
واتا ٥ سەرۆکی ئەمریکا لە نزیکەوە ئەو پاسدارەیان ناسییوە و رۆژانە ناوی لە سەر مێزی کاریان بووە.

 

 
دەڵێم شک و گومان نامێنێتەوە کاریزما و هێژمۆنی قاسم سلێمانی گەر لە ئیمام زیاتر نەبووبێت بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیران کەمتریش نەبووە.
ئەمڕۆ راستە زۆربەی گەلانی ئێران و بە تایبەت میللەتی کورد لە ئێران زۆر شادن بە لەناو چوونی ئەم پاسدارە کە بووبوو بە هۆی ماڵوێرانی و تاڵانی سەروەت و بەرو بوومی ئێرانییەکان و ئاودیوکردنیان بۆ وڵاتانی دەورووبەر بۆ چەسپاندنی سیاسەتی شیعە لە ناوچەکە و هێژمۆنی ئێران –مەزنی، مەلای شیعە. گەر چاویکی خێرا لە ناسیونالیزمی دەمارگرژی ئێرانیش بە هەموو باڵەکانیانەوە بکەین دیسان شک و گومان نامێنێ کە هەن خەڵکانێکی زۆر ئەمڕۆ شینی بۆ دەگێڕن.

 

 
کوشتن و لە ناو چوونی "سەردار حاج قاسم سلیمانی" بەدەستی ئەمریکا و لەناو خاکی عێراق دەبێ وای دابنێین نوقتەیەکی وەچەرخانی زۆر گرنگ دەبێ لە سیاسەت و مانەوە و نەمانەوەی حکومەتی ئێران، لەناوچوونی حکومەتی ئێستای عێراق و بە گشتی شەڕی سوریا و لوبنان و هەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت سیاسەتی ئابووری و نرخی نەوتیش.

 

 
هەر بۆیە ئەمڕۆ کورد بە گشتی و بەتایبەت کوردی ئێران حەقە بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم رووداوە بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو ئەگەرەکان کە بە رای من گەر وریا و ژیر و یەکگرتوو بین و بزانین سیاسەتێکی واقعی دوور لە کرژ و کاڵی و ئێحساسات بکەین ئەوە دڵنیا بن هەموو ئەم گورانکارییانە لە بەرژەوەندی کورد دەکرێ تەواو بن، پڕش و بڵاوی و هەرکەس ئەسپی خۆ تاودان دیسان دەبێتە مایەی چارەڕەشی و ماڵوێرانی گەلی کوردستان.





03/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر