ڕۆژە پشووەکانی حکومەت بۆ ناو کتێبی گێنیسەوە!

عه‌لی که‌ریمی

ئیتر دەبێ هەر وابێ، کاتێک لە وڵاتێکی بێ ساحێبیی وێران و بێ شوان و دایک و باب، دەوڵەتمداری و بەڕێوەبردن و کوێخای وڵات، دەکەوێتە دەستی خەڵکانی کاڵفام، ماستاوچی، موستەفید، موزایدەچی و دەروێشی بنەماڵە و شێت و شەیدای عانە و باخ و ڤێلا و تڕۆمبێلی دەیان دەفتەر دوڵاری، سروشتی دەبێ دۆم کە کەڵاش بۆ خۆی بکات چی لێ دەردەچێت؟!

ڕوانینێکی سەر پێیی بەسەر وڵاتانی ئەم سەر عەرزە زۆر بە سانایی بۆمان دەردەخەن؛ ڕۆژانی پشوو لە زۆربەی وڵاتان چۆن و بە چ عەیارە و پێوانەیەک و دوای مشت ومڕی لایەنەکانی ناو پەرلمان، چۆن ولەبەرچی دیاریی دەکرێت.

لە ناوەڕاستی هەشتاکان ئاگادار بووم، بۆ ڕۆژی نەتەوەیی سوید ، چەند ساڵ لەسەر یەک گفتوگۆ و ململانێ بوو لە نیوان خەڵک و حیزبەکانی ئەم وڵاتە، پەرلمان کۆ دەبووەوە ئەرێ ئەم رۆژە، وا بزانم شەشی پووشپەر دەکات، بکرێتە پشوو و بۆنەی فەرمی یان نا؟!   زۆری خایاند و چەند ساڵێک لە پەرلمان بیرۆکەکە سەر نەدەکەوت، دەیانگوت ڕۆژانی پشوو زۆرە و نابێ وڵات داخرێت و چەرخی ئابووری وڵات بەم بۆنانەوە دوا کەوێت.

لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ١٠ ڕۆژ، کاندا ١١، سوید و زۆربەی وڵاتانی ئەورپا لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ ڕۆژیان هەیە، لە وێتنام تەنیا ١٠ ڕۆژ و هەرچی وڵاتانی لاتین ئەمریکایە کە بە تەمبەڵی و زۆرتری پشوو بە ناوبانگن، کولومبیا کە زۆرترینە ١٨ ڕۆژ و مکزیک کەمترینە ٧ ڕۆژیان هەیە، ئاڕژانتین و شیلی ١٥ ڕۆژ و برازیل ١٢ ڕۆژ.

ئیتر زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان لە نێوان ٧ بۆ ١٨ ڕۆژ پشووەکانی فەرمیان بە دەستور و بریاری کۆ و پەرلمان دیاری کردووە. لە وڵاتانی دەورووبەری خۆمان تورکیا ١٥ ڕۆژی لە ساڵدا هەیە.

ئێران ئەم وڵاتە بوو تا ئەمڕۆ زۆرترین پشووی ساڵی هەبوو، ٢٧ ڕۆژ بە فەرمی پشووی کارمەندان و خەڵک بوو.

ئەمڕۆ لە ناکاو تەنیا بە بریاری حکومەتێکی فاشڵ و دوور لە خەڵک، بەبێ حیسێبکردنێک بۆ پەرلمان، ڕۆژی مردنی مستەفا بارزانی کە زۆر زیاتر لە نیوەی خەڵک نە تەنیا لەسەری هاوڕا نین، بەڵکو بە نەیاری خۆیان و بە  سەرکردەیەکی فاشل و شکستخواردووی دەزانن و پێیان وایە زۆرتر لە غەمی کوڕان و بنەماڵەکەی خۆیدا بووە تاکوو ڕەشوڕووتی وڵاتەکەی و شۆڕشێکی پانزەبیست ساڵی بە ئاشبەتاڵکردن دا، کرایە پشووی فەرمی بۆ هەموو هەرێم. ڕۆژانی پشووی هەرێمی کوردستانێکی بێ بەهرە و مەسرەفی و تەنیا پشت بەستوو بە فڕۆشی نەوت، تاقە شتێکی کە دەتوانێ کوردستان بەرێتە کتێبی گێنیسی جیهانی، ژمارەی ڕۆژە پشووەکانێتی کە بوو بە ٣٨ ڕۆژی فەرمی و دەیانی بندیواریش!

لە وڵاتێک کە هیچ لەبەرچاوگرتنێک بۆ ئیش و دەوامی کرێکار و کارمەندەکانی نەکرێت و لە دیوەخانان بریار بدرێت کرێكار و ژنان و پیاوانی میری چەند سەعات کار بکەن و چەند ڕۆژی ساڵ بەدەست بەتاڵی لە ماڵدا بمێنەوە و بیر لە گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان نەکرێتەوە، زۆر دیارە ئەم وڵاتە هەر دەبێ خەونی سەربەخۆیی و ئیرادەی نەتەوەیی ببینێت. زۆر زوڵمە کوردستان بەم دەردە بەرین و حاڵی جوتیار و کرێکارمان ئاوا بە زەڵیلی بێ و دەوڵەتمدارانی جێی پێکەنین و هیچ لەباراندا نەبوو، چارەنووسی ئەم میللەتەیان بە دەستەوە بێت!

ئیتر مادام تەنانەت لەم پرسەش هیچ حیسێبێکیان بۆ پەرلمان و ڕای خەڵک نەکرد، باش وایە دەرگای ئەم هۆڵە گاڵە درێت و هەرچی هەیە بگەڕێتەوە بۆ دیوەخانەکەی سەری ڕەش و ڕۆژانی پشووی سەرۆکی پەرلمان و پەرلمانتارانیش بکرێتە ٣٦٥ ڕۆژ!


13/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر