کوردە رۆژهەڵاتییەکان و هێژمۆنی بارزانی

عه‌لی که‌ریمی
میژووی تێکەڵاویی سیاسی کوردانی رۆژهەڵات و عەشیرەی بارزانی بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆرتر زانراو، دەگەڕێتەوە سەردمی کۆمەڵەی هیوا و دواتر کۆمەڵەی ژێکاف لە مەهاباد.
لە کەسمان شاراوە نییە لە سەدەی رابردوو و پێش شەڕی عالەمی دووهەم زۆربەی شۆڕش و جوڵانەوەکانی ئازادیخوازی کورد لە ژێر فەرمان و رابەری شیخ و ئاغا و دەرەبەگ و مەلادا بووە.
کۆمەڵەی هیوا بە هۆی باوەر نەبوونی بە هێزی شار و رۆشنبیر و نوخبەی خوێندەواری خۆی لە ساڵی 1943 ویستی ئەم راپەرین و جولانەوەیەی لە ناوچەی بارزان سەری هەڵداوە بیقۆزێتەوە و ئیستفادەی سیاسی و نەتەوەیی لێبکا و بەرگی شۆرشی کوردی و سەربەخۆیی کوردستانی لەبەر بکا و مەلا مستەفا بکاتە مواجیهەی ئامانجی حیزبی و سیاسی خۆی. ئەوان بە ناردنی کۆمەڵێک لە ئەفسەرانی خویندەوار و کارامەی جەیشی عێراق و پۆشتە بە بیری رزگاری کوردستان ویستیان ئیستغلالی رەوشی بارزان و بە کار هێنانی مستەفا بارزانی بکەن بۆ سەرهەڵدانی شۆرشیکی کوردی. ئەوان لە خۆیان رانەدەدیت وەک پێشرەوە و نوخبەی وردەبورژوای ناوشار خۆ لە قەرەی رێبەریی جوڵانەوەی کوردیی بدەن، وەک ئەوەی عادەت وا هاتبوو رێبەریی ئی پیاوی دەسترۆیشتو و خاوەن دیوەخانە و ئەم کارە بە "دم رووت" ی شاری ناکرێت و وا باشترە مەلا مستەفا وەک سەرۆک بەکار بینن و خۆیان لە پشتەوەڕا داینامۆی هەموو رەوشەکە بن!
بە حوکمی نزیکی ژێکاف و هیوا ئەم سیاسەتە لە دواتر و لە ساڵی45 و 46 ژێکافی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش گرتەوە.
قازی  و پیاوە ماقوڵانی ئەو کاتی سابڵاغ و موکریان کە راپەڕینی بارزان بە دەست فرۆکەکانی بریتانیا شکستی هێنا و ناعیلاج روویان لە کوێستانەکانی شنۆ و باکوری رۆژهەڵات کرد، بە هۆی نزیکیان لە سۆڤیەت و ئازەربایجان هیچ حەزیان بە هاتنی بارزانییەکان نەکرد و خۆیان لێ گێل دەکرد. کۆمەڵەی ژێکاف و سەرانی، ئەوەیان بۆ قبوڵ نەکرا و هەستان ئەندامی سەرکردایەتی ژێکاف، سەدیقی حیدەریان بە دودا ناردن و هینایانن بۆ سابڵاغ و پایتەختی کۆمار، چەند رۆژیک دواتر.
دەکرێ بگوترێ ئەمە لە یەکەم پەیوەندییە توند و تٶلەکانی نوخبە و خەڵکی موکریان و عەشیرەتی بارزان و سەرکردەیان مستەفا بارزانی بوو.
رەوتی رووداوەکانی سابڵاغ و رووخانی کۆمار و دواتر خۆبەدەستەوەدانی سەرانی کۆمار و چوونی مەلا مستەفا بۆ تاران و دواتر چوونەوەی شێخ ئەحمەد و زیاتر لە چەند هەزار ژن و مناڵ بۆ عێراق و خۆ تەسلیم کردنیان و هەروەتر چوونی مەلا مستەفا و نزیکەی 500 کەسی تریان بۆ سۆڤیەت زۆر بە خێرایی و کەمتر لە چوار مانگ روویان دا.
لە ماوەی 11 ساڵی مانەوەی مەلا مستەفا لە سۆڤیەت نوخبەی سیاسی و رۆشنفکری کوردی بە تایبەت ئی رۆژهەڵات و باشور بە هۆی خەیاڵ و خۆشباوەڕی و پاڵەوان دروست کردن، سەدان داستانی داتاشراویان لە بارزانی و هەڤاڵانی لە سۆڤییەت دروست کرد و هەر ئەو نوخبەیەی لە شەستەکاندا شەڕیان لە گەڵ کرد، بارزانیان کردە قارەمانی میللی و بەهۆی کەریم قاسم کە سەلتەنەتی لە عێراق رووخاندبوو بە پێشوازێکی  زۆر گەرم گەراندەوە عێراق.
ئەوەی توێژی سیاسی و خوێندەواری باشور لە شەستەکانی سەدەی رابردوو چی کرد و چۆنی بە عەشیرەت و خێڵ دۆراند، زۆری لەسەر گووتراوە و بە دەیان کتێبیشی لەسەر نووسراوە و باسەکەی من لێرەدا ئەوە نییە. باسی من هێژمۆنی بارزانییە لە سەر کوردانی موکریان نەک هەمووی رۆژهەڵات.
هێچ پێویست بە زۆر گوتن ناکا کە باسی بارزانی و کوردەکانی رۆژهەڵات دەکرێ زۆر بە کەمی و بە تاقە تاق کوردی خواروو واتا سنە و کرمانشان و کامیاران و ئیلام و ... دەگرێتەوە، ئەوەی زۆرتر ئەمڕۆکە لە ژێر چەشنێک هێژمۆنی بارزانیدا خۆی دەبینێتەوە توێژێکی زۆر دیار و تاریفکراوی ناوچەکانی سابڵاغ و بۆکان و خانێ و باکوری رۆژهەڵات و بە کورتی موکریان دەگرێتەوە.
ئەو ناوچانەی بە حیسابێک پێشتر لانکەی ناسیونالیزم یان کوردایەتی یان مەکۆی حیزبەکەی پێشەوا و دیمۆکرات بوون.
زۆربەی رێبوارانی پێشەوا و حیزبی دیمۆکرات بە دوای نەمانی کۆمار و قازی خۆیان لە چوارچێوە و ژێر رکێفی حیزبی تودەی ئێراندا دیتەوە، ئەوان دەیانگوت ئیتر کوردایەتی باوی نەماوە و هەموو دەبێ لە ژێر رێبەریی حیزبی تودەی نەتەوەی سەردەست خەبات بۆ رزگاری ئێران و کرێکاری جیهانی بکەی، باسی کوردبوون بڤە و دواکەوتوویی بوو، دواتر جگە لەمانە حیزبگەلی وەک کۆمەڵە و چریک و ئەوانەش کە هاتن سەد قات عەیبە بوو باس لە کورد بوون و ناسیۆنالیزمی کوردی. هەڵبەت مرۆڤی وەک ئەحمەد تۆفیق هەمان عەبدوڵا ئیسحاقی نابێ لە بیر کرێت کە لە پێناو کوردایەتی و مەلا مستەفا بوو بە بەلای گیانی هاورێیانی لە حیزبی دیمۆکرات و ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردوو.
سەرکردایەتی شۆڕشی باشور بە رابەری مەلا مستەفا توانی بە پشت بەستن سەردمێک بۆ حکومەتەکانی بەغدا و سەردمێک شای ئێران هەموو نەیارانی خۆی لە ناو بەرێت یان سڕیان کات، بە شۆرشگێرانی وەک سولەیمان موعینی و هەموو سەرکردەکانی ساڵانی 67-68ی رۆژهەڵات و تەنانەت خودی ئەحمەد تۆفیقیش. ئەمانە هەموو لە پێناو نەک بەرژەوەندی حیزبی بەڵکۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و عەشیرەتی بارزاندا کرا و بە دەیان رووناکبیر و نوخبەی رۆژهەڵاتی بۆ رازیکردنی دڵی شای ئێران لە ناو چوون و دەیان شەڕی براکۆژی لە باشور قەوما لە پێناو ‌هێژمۆنی ئەم عەشیرەتە و چەند شۆرشگێری کوردی باکوریش سەریان لەسەر دانا. هەمووی ئەم کارەساتەی بەسەر رەوتی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی هات لە سەدەی رابردوو، زۆربەی لە بێ کیفایەتی و بێ ئیرادەیی و چەواشەبوونی نوخبەی کوردی باشور و رۆژهەڵاتەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەوان بۆ خۆ دەرخستن و ئەجێندای بێگانە، بوون بە کۆتری ئاشتی و کەوا سوری بەرلەشکری نەتەوەکانی فارس و عەرەب و تورک، خۆیان گوتەنی لە هەر ئێرانێک ئێرانیتر بوون و خەباتی وان بۆ رزگاری چینی کرێکاری ئێران و تورک و عەرەبە و کوردبوون ئەوە ناهێنێت پشت لە خەباتی جەماوەری ئەم وڵاتانە بکەین و تەنانەت زۆر بە کەم بوونیان دەزانی خۆیان وەک کورد بناسێنن، نووسین و قسەکانیان بۆ ئەوەی مۆرکی کوردبوونی لێ نەدرێت زۆربەی وشەکانیان فارسی و عەرەبی و تورکی بوو.
بە کورتی نوخبە و رۆشنبیری کوردی بە دوو دەستان کوردایەتی و ناسیۆنالێزمی کوردیان دووبارە تەسلیم بە خێڵ و عەشیرە و دەربەگ کردەوە و خۆیان لەوە پێ زۆرتر بوو خەریکی کارێکی وا "پەست و دواکەوتوانە" بن.
عەینی داستان لە سەردەمی ئێمە و شۆڕشی نوێی باشور و رووخانی شای ئێران و هەڵگیرسانی شۆڕش لە رۆژهەڵات هاتەوە کایە . حیزبی شیوعی عێراق کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد بوون تا سەردەمێکی درەنگ لە جبهەی حیزبی بەعسدا بوون، دواتر چوونە بەرەی جود و شەڕی شۆڕشی نوێی کوردیان لە باشور کرد. عێراقچێکانی ناو شۆڕش هەڵایان نایەوە و نفاقی گەورە هاتە ئاراوە، کوردانی رۆژهەڵات حیزبەکەی قازی کە تازە لە تاراوگە هاتبوونەوە وڵات، تاقمی شۆڤێنی حیزبی تودەیان کە لە بنەوە لە گەڵ خۆمێنی و کۆماری ئیسلامی پەیمانیان بەستبوو کردە رێبەر و رێنیشاندەری خۆیان و لایەکیان لێ جیا کردەوە بە ناوی کۆنگرەی چوار و تەسلیم بە سپای پاسدارانیان کرد، رەحمەتی دوکتور قاسملو کە ئەمرۆ یادی شەهید بوونێتی نەبا هەموو حیزبەکەیان لە گەڵ خۆ رادەستی حیزبی تودە دەکرد.
چریکی فیدایی کە بە هۆی رادیکاڵ بوون و شۆڕشگێری لە زەمانی شا بەشێکی بەرچاوی لە لاوان و خوێندەواری کوردی لە گەڵ کەوتبوو لە هەڕەی گەرمی شۆڕش لە رۆژهەڵات هەمووانی تەسلیمی پاسداران کرد بە بیانووی شەڕی نیشتمانی ئێران لە گەڵ عێراق و هەموو رەوانەی جبهەی شەڕ کران، برا هەبوو لە جبهەی شەڕی ئێران و عێراق لە ژێر رابەری چریک و تودە و کۆنگرەی چوار دەجەنگا و براکەی تر لە ریزی پێشمەرگەکان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان دژی پاسدار و بەسیچ دەجەنگی!
کۆمەڵەی شۆڕشگێری مائویستی کە بە مودەیەکی زۆر کەم زۆربەی نوخبە و خوێندەواری شارەکانی رۆژهەڵاتی کۆ کردەوە لە ناکاو و بە فڕێک هەرچی خەرمانی کوردی و ئازادیخوازی بوو بە ئەمرێکی سەرۆکەکانی کۆمەڵە کە زۆربەشیان ئاغا و دەربەگی بۆکان بوون تەسلیم بە مەنسور حیکمەت و چەند مناڵە ورکە کران و خۆیان لێ گیڤ کرد بۆ رزگاری پرولیتاری ئێران و رابەریکردنی کرێکارانی تاران و شیراز.
کە دەڵێم کوردانی رۆژهەڵات هەڵبەت مەبەستم ئەم تاقمانەن کە بەهۆی رابردووی دۆڕاو و لە دەستچوویان و ئابرووچوونی رابردوویان کە دەرحەق  بە گەیشتنی مافەکانی کورد و چەواشەکاری فیکرییان کردوویانە. ئەوانە ئەو نوخبەیە بوون کە بە نووسراو و وتار کە بە خۆشییەوە هەمووی ماوە و بەڵگە نەویستە جادە و بانیان دێنایە لەرزین بۆ لە قاودانی "قیادە موقتە گورگە لەناو میللەتا" یان نووسینی کتێب و دەیان لاپەڕە لەمەڕ "خیانەتەکانی قیادە موقت" و هەڵگیرسانی شەرێ براکان لە هەر دوو دیو.
سەیرە ئەمرۆکە لە رۆژهەڵات زۆربەی ئەوانەی بە بێ فوو لە دۆ کردن هیژمۆنی بنەماڵەی بارزانیان بە دڵ و گیان قەبوڵ و فەرز کردووە بە سەر خۆیاندا، یان بۆ سپی کردنەوەی رابردووی پڕ لە شەرمەزاریی خۆیان پەنایان بۆ ناسیۆنالیزمی دەربەگی هێناوە یان بۆ ئیستفادەی مادی لە هەولێر و ئوردوگاکانیان لە باشوری کوردستان زۆر ناشیانە و لە بیرکردنی رابردوویان پەنا دەبەنە بەر ماڵباتی بارزانی، ئەوانە کێن و بۆچی وا گەرم داهاتوون و بە رۆژی رووناک خوڵ دەکەنە چاوی خەڵک و جەماعەتی سادەی خۆیان؟!
کوردی رۆژهەڵات زۆربەیان خوێندەوارن و ئەمرۆکە لە گەڵ سیاسەتی هیج کام لە حیزبەکانی باشور و رۆژهەڵاتدا نین، ئەو راستییە زۆر بە روونی و سادەیی بە چاوخشاندنێکی خیرا بەسەر فەیسبووک و جەماعەتی گەشتیار کە دێنە دەرەوە دەردەکەوێت.
بەشێک لە ئەوانەی ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەلایەتییەکان لە خەڵکی رۆژهەڵات دەروێش ئاسا و بێ لۆجیک و لێکدانەوە و خوێندنەوەی کتێب و مێژوو بەرگری لە ماڵباتی بارزانی دەکەن، بەراستی زۆر سادە و هیچ نازانن، تەنیا ئەوەنە نەبێ عاشقی سەربەخۆیی کوردستانن و هەرئەوەندەی تێدەگەن کە هەرکەس سەربەخۆیی بێنێت ئەوان نۆکەری دەکەن و دەروێشی دەبن. هۆکاری ئەوانە کەمترخەمی نوخبە و رۆشنبیر و گەیاندنی زانیارییە بە نەوەی نوێ.
بەشێکی تر ئەو ماڵوێران و موفلیسانەن کە لە سەردەمی شۆرشی ئێران و هەڵگیرسانی شەڕی پێشمەرگایەتی لە جیاتی هاتن بۆ بەرەی خەڵک و پێشمەرگە تووشی داوی خومێنی دژی ئەمپریالیست و دەزگای جاسوسی ک گ ب بوون و تا سنوری جاشێتی و سیخوری کردن بە سەر خوشک و براکانیان لەناو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چوونە پێش و بە دەیان خوشک و برای پێشمەرگەکانی دیمۆکرات و کۆمەڵەیان تووشی راوودوونان و دەستبەسەری و زیندان و سێدارە کرد، ئەوانە تاقمی کۆنگرەی چوار، چریکی فیدایی، تودەیی و توودەکراتەکانی ساڵانی بیدایەتی هەشتاکانی سەدەی رابردوون و دواتر دوای ئەم هەموو خزمەتکردنەی بە کۆماری ئیسلامی و خومێنیان کرد هەر رەحمی پێ نەکردن و کە کاری پێیان نەما وەک دەسری کاغەز فرێیدان. یان ئەو کادر و پێشمەرگانەی حیزبی دیمۆکراتن کە لە رۆژگاری سەختی پێشمەرگایەتی  و بەهۆی تاقەت نەهێنان یان ساردبوونەوەیان بە هۆکاری سیاسەتی غەڵەتی رابەری تەسلیم بە کۆماری ئیسلامی بوونەوە و ئێستا لە ئوروپا و رۆژئاوا پاڵیان لیداوەتەوە و رابردوویان بە لایەنگری بارزانی لە بیر خۆ و خەڵک دەبەنەوە.
ئەوانە ئەمڕۆ بۆیە لایەنگری پارتی و بارزانی دەکەن، مەسەلێک هەیە کە زۆرتر بۆ خەڵکی ئینهازی و بێ چاوەروویە، دەڵێ: " هەزار قەزوان بخۆی بە گوێزێک دەتگرمەوە" رێک ئەوانە وان، بۆ روو سپی کردنەوەیان، خۆیان هاویشتۆتە پشتی ماڵباتی بارزانی کە گۆیا سەرچاوەی کوردایەتی لە وێیە و ئەوە ئەوانیش بە پەناو پشتی بارزانی ئەوە نییە کوردایەتی دەکەن و پیێان وایە ئیتر رابردوو وا بە ئاسانی وەک پارەی رەش دەشۆرێتەوە! هەڵبەت لە بیرمان بێت تاقمی جاش و ئەنفالچییەکانی باشوریش هەر ئەمە شمولیان دەکا.
توێژێکی دی لە رۆژهەڵات کە خۆیان لە پشت بارزانی هاویشتوە ئەمانەن لە لە ساڵانی بیدایەتی شۆرشی رۆژهەلات بێ غیرەت و ترسەنوک بوون و دەزانن هاورێکانی هاوپۆلیان چۆن ئازایانە روویان لە بەرگری کوردستان و پێشمەرگایەتی کرد و هەموو خوێندن و ژیانی خۆشییان فیدا کرد و ئەوانیش سەری خۆیان دانەواند و سەرشۆڕیان هەڵبژارد و لە پەنای ئەم سەرشۆڕیی و ترسەنۆکییەش و ملدان بە کۆماری ئیسلامی لە زانکۆکان قەبوڵ کران و ئیستاش خاوەن شەهادە و مەدرەکن و بۆ کوردایەتی کردنەکەش ئەوە ئیتر لە پشت هەرە باوکی "گەورەی" کوردایەتی مەسعود بارزانی وەستاون و ئەوانەش کە لە راستی رابردوویان دەزانن ناوێرن خۆیان لێ بدەن!
توێژێکی تر ئەوانەن کە سەردەمێک تۆی دژە بارزانی و قیادەموقەتەیان چاند، واتە رێبەرانی بەشێک لە کۆمەڵە و دیمۆکرات، بۆ ئەم بۆچوونەم بەلگە یەکجار زۆرە و پێویست بە درێژکردنەوەی وتارەکەم ناکا، چاوخشاندنێک بە ئەدەبیاتی ساڵانی 80ی سەدەی رابردووی دیمۆکرات و کۆمەڵە شریتی فیلمێکی حاشا هەڵنەگرە لە دژایەتی ئەم توێژە لە ماڵباتی بارزانی.
کۆمەڵەکان نە تەنیا باسی خیانەت بگرە لە روانگەی چینایەتیش بە هیچ کلۆجێک قەبوڵی ئەم بنەماڵەیەیان نەدەکرد و بە دوژمنی سەرەکی کورد و چینی کرێکار و زەحمەتکێشیان دەزانین، ئەوان لە روانگەی رزگاری نەتەوەییش هەر پێیان وانەبوو کە بنەماڵە و چینی دەربەگ توانای رزگاری نەتەوەییان هەیە. 
دیمۆکراتەکان بە سەرکردایەتی دوکتور قاسملو و هەروەتر کۆمەڵەکان تەنانەت داوای دەرکردنی سەرانی قیادوموقتیان دەکرد و پێیان وابوو بەکرێگیراوی تارانن و خەریکی سیخوری و لەناوبردنی شۆڕشی کوردن لە رۆژهەڵات و گلەیی شەهید کردنی موعینێکان و شکانی شۆڕشی 67-68یان هەر هەبوو، ئەوان پێیان وابوو مەلا مستەفا بە بەکار هێنانی ئەحمەد تۆفیق دوکتور قاسملو و کەریمی حیسامی لە عێراق دەر کردوون و ئەحمە تۆفیقی بەکار هێناوە بۆ دژایەتی حیزبی دیمۆکرات و کوردانی رۆژهەڵات لە شۆڕشی ئەیلول.
بەشێک لە لایەنگرانی دیمۆکرات و کۆمەڵەکان زۆرتر خەڵکی موکریان ئەمرۆکە وەک فالانژ لە تۆری کۆمەڵایەتییەکان و لە هەولێر بەرگری لە سیاسەتەکانی دیکتاتۆرمابانەی ماڵباتی بارزانی دەکەن بە بیانووی ئەوەی سەربەخۆیی کوردستانیان بە دیاریی بۆ دینن، بیریان چۆتەوە ئەوانەی قسە لە کوردایەتی و نەتەوەیی بوون دەکەن هەر ئەوان بوون چەندجار بۆ نیازە گڵاوەکانی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی مادی و بنەماڵەیی کوردی رۆژهەڵاتیان بە رۆژی رووناک فرۆشت و سەودا و ماملەیان پێوە کردن، دروشم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە وڵاتێکی ئوروپی و رۆژئاوایی و هاواری سەربەخۆیی لە پشت لاپتۆپەکان و هەوایەکی خۆش و سازگار هیچی تێ ناچێت و ئیرزا کردنی نیاز و حەزەکانیانە لە غوربەت، بەداخەوە ئەو توێژەی کە بۆی هەڵکەوتوە و لە وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوا دەژین، دەبوو لە عاستی عیلم و مەعرەفەت و زانیاری و لۆجیک زۆر لە سەروو بان و حەولی ئەوەیان دابا بەر پرسیار بن لە بەرامبەر نەوەی نوێ و گەیاندنی زانیاری و سیاسەتی دروست، بەداخەوە توێژێکی کەمیان ئەوندە نەخوێندەوار و دەروێش و بێ بنەمان دەبێ هەزار رەحمەت بۆ نەخوێندەوار و پاڵە و جوتیارەکانی بەر تینی خورەتاوی کوردستان بنێرین!
بەلام توێژی سەرکردە و کادری پێشکەوتووی حیزبەکانی رۆژهەڵات،(کۆمەڵەی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی لێدەرچێت) زۆربەیان کە من لە نزیکەوە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوو هەستان و دانیشتنم لە گەڵا کردوون، حەقیقەت ئیفلاس و ماڵوێرانی سیاسی و حیزبین و دوور کەوتوونەوە لە میللەتی خۆیان، بەرێوەچوونیان بە تایبەت دوای نەخۆشی مام جەلال لە ناوچەی ژێر دەسەلاتی یەکێتی زۆر زەحمەت بووە و تا رادەیەک بێناز بوون، ئەوانە بۆ رازی کردنی جەماعەتی ئۆردوگا پەنا بۆ هەموو کەس و لایەنێک دەبەن، جاران شەخسی مام جەلال زۆری پێ نەدەدان بەلام نەشیدەهێشت بکەونە موحتاجی و گیانەڵایە، بۆیە ئێستا رابردوویان بە تەوای لە بیر خۆیان بردۆتەوە و یەکسەر گێریان گۆریوە و زۆر بە شەرمەوە پەنایان بردوە بۆ دیوەخانی ماڵباتی بارزانی و ئەوانێش بە خۆرایی هیچ کۆمەک و یارمەتێکیان تا ئێستا بە کەس نەکردوە، دەبێ چیان گوت بیکەی دەنا یەکسەر بۆ دەرەوە. حیزبەکانی رۆژهەڵات لە دۆخی دووری لە خەڵکدا دەژین و ئێستا تەنیا ئومێدیان وڵاتانی سەعودی و خەلیج و ماڵباتی بارزانییە، بۆ ئەم کارەش دەبێ هێژمۆنی ئەم سەرۆک و ماڵباتە قبوڵ بکەن. بەڵام ئەوەی پێویستە بگوترێ و بیر پارتی و بارزانی بخرێتەوە، دەبێ دڵنییا بن ئەوانەی باسم کردن هەموو کوردی رۆژهەڵات ناکات، ئەمانە دەرسەدێکی زۆر کەمی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتە و ئەم تاقمانەن یان وەک بازرگان سیاسەت دەکەن یان ئەوەتا ماڵ وێران و شکستخواردووی دۆینێی مەیدانی کوردایەتین کە بە خۆشییەوە ئەوەندە کەمن بە دەرسەدیش حیساب ناکرێن و زۆربەیان لە کونجێکی ولاتانی رۆژئاوا ماڵوێران و ئیفلاس و سواڵکەری ئەم وڵاتانەن و زۆربەیان بە دەست نەخۆشی نەفسی و رەوانی و هەڵنەکردن لە گەڵ ژن و مناڵیان بە سەرخۆشی و مرۆڤی گەندەڵ و ئەنگەل و مەسرەفی چاوەرێی مەرگی بە ئازارن، کوردایەتی و خۆ هەڵاوەسین بە ماڵباتی بارزانی بۆتە ئامرازێک بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکانی شکستیان چ لە رابردوو و چ لە ژیانی کۆچبەریان.
کوردی رۆژهەڵات ئەمڕۆکە چاوکراوە و بە فەرهەنگ و پێشکەوتوون، هەر ئەوەی کە راکێشی ئەحزابی دۆینێ نابن و خۆ لە قەرەی زۆر باسی سوک و بێ مستەوا نادەن بەڵگەی تەواوە بۆ ئەم ئیدعایە، چەند سەد کەسێکی بەکرێگیراوی سەر سایت و نوێنەری حیزبەکان لە هەوڵێر دەبێ زۆر باش بزانن نابنە زمانحاڵی کوردی رۆژهەڵات و پارتی و بارزانیش دەبێ ئەم راستییە بزانن وا بە ئاسانی بە کۆیلە کردنی چەند حیزب و ساویلکەیی چەند بەکار هینەرێکی بێ مستەوای فەیسبووکی ناکرێت هێژمۆنی پێ چێ کرێت بە سەر کوردی رۆژهەڵات.



12/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر