حکومەت و چاکسازی!

د. به‌هادین ئه‌حمه‌د
ماوەیەکە حکومەتی هەرێم بۆ دەربازبوون لەقەیرانی دارایی، پلانی چاکسازیی ڕاگەیاندووە بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات، بەڵام ئەوەی لەزەمینەی واقیعدا دەیبینین خۆی لە کەمکردنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێی پاس و تاکسی نێوان شارەکاندا دەبینێتەوە، کە زۆربەیان خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین و کاسب و هەژارن.

لەڕاستیدا کەمکردنەوە و دەستکاریکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن بەرپرسانی دارایی حکومەتەوە کارێکی نایاسایی و ناواقیعیە لەکاتێکدا 5 مانگە مووچە نەدراوە و، پێدانی نیو مووچەش ئەوپەڕی سووکایەتییە بە توێژی مامۆستایان.

 
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا حکومەت ئامادەیە نیوەی پارەی ئاو و کارەبا و باج و غەرامە و...هتد لە هاووڵاتیان وەربگرێت? 
یاخود ئامادەن سووتەمەنی وەک بەنزین و نەوت و مەوادی خانووبەرە وەکو چیمەنتۆ و شیش بە نیوە نرخ و بە نیوە قەرز بدەنە کەسانی کەمدەرامەت? یان حکومەت هەر یاسا و ڕێسا و ڕێ و شوێنە چاکسازییەکانی هەر بۆ هاووڵاتیانی هەژار و بێ پشت و پەنایە?! یان وەكو پەندێکی ئینگلیزی دەلیت: (یاسا وەکو داوی جاڵجاڵۆکەیە، تەنیا مێرووی بچووکی پێوەدەبێت)!

باشە ئەگەر حکومەتی هەرێم نیازی چاکسازی ڕیشەیی و بنەڕەتی هەیە، با لەکاری گرنگ و هەنگاوی سەرەکی و ڕاستە شەقامەوە دەسپێ بکات نەک لە هەنگاو و ڕێگەی لاوەکییەوە بڕوات و کات بەفیڕۆ بدات ?! وەکو سەرەتا لە داهاتی نەوت و غاز و مەرزەکان و گومرگ و باج و ئاو و کارەبا و داهاتەکانی تری ناوخۆ و کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و وەزیر و وەزارەتەکان و ڕاوێژکارەکان و بەڕێوەبەری گشتی و پلە باڵاکان و پەرلەمانتاران و مووچەخۆرە وەهمی و بندیوارەکان و خانەنشینە نایاساییەکانەوە دەسپێ بکات و، ئەو بینا و خانووە داگیرکراوانە لەبارەگای حزبەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی و پەرلەمانی وەربگرێتەوە کە موڵکی گشتی و حکومین لەبەرامبەردا فەرمانگە حکومییه کرێ نشینەکانی تێدا نیشتەجێ بکات کە ساڵانە بە پارەی خەیاڵی گیراون و سەدان ملیار دینار کرێیانە لەوانە فەرمانگەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵ و....هتد.

لەكۆتاییدا بەهیوای چاکسازی ڕاستەقینە و ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان و ڕزگاربوونی یەکجاری لەقەیران و نەهامەتییەکان.


01/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر