قسەیەك لەسەر پێشمەرگە!

د. به‌هادین ئه‌حمه‌د
دوێنێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دوا ئاماری شەهید و قوربانیانی جەند مانگی رابردووی هێزەكانی پێشمەرگەی کوردستانی لەدژی جەكدارەكانی رێكخراوی داعش راگەیاند، كە تا ئێستا 999 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 4600 ی تر برینداربوون ؟! 

بەڕای بەندە ئەم جۆرە ئامار و زانیارییانە لەرووی ئاشکراکردنی نهێنی و ستراتیژی سەربازییەوە هەڵەن و ، زیان بە ورەی هێزەكانی پێشمەرگە و جەماوەر دەگەیەنێت و سوودی بۆ دوزمنانی كورد هەیە! 

هەروەها بڵاوكردنەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و میحوەرەكانی شەڕ لەنزیكەوە و نیشاندانی ژمارە و جۆری جەکەكانی پێشمەرگە و بڵاوكردنەوەی وێنەی تەرمی شێوینراوی كوژراوانی داعش، كە لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن هەندێ كەسی حەماسی و دڵگەرم یان نەزانەوە ئەنجامدران و، دواتر لەلایەن هەندێ لە كەناڵی راگەیاندنی كوردییەوە بڵاوكرانەوە دیسان سوود بەدوژمن دەگەیەنێت و زیاتر رق ئەستوورتر دەبێت و لەدەرەوە رەوایەتی بەخۆی دەدات و پشتیوانی بۆ خۆی پەیدا دەكات و، هاوکات زیان بە ناووبانگی پێشمەرگە و حكومەتی كوردستان دەگەیەنێت؟!

لەبەرامبەردا لەدوێنیوە كەناڵی جەزیرەی عەرەبی بەردەوام باسی ئەوە دەكات، كە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەباشوری شاری كەركوك 5 گوندی عەرەبیان خاپووركردووە؟!

لەولاشەوە لەبری وەزەراتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە رینمایی بۆ كەناڵەكانی راكەیاندن دەردەكات، كە تكایە جیتر وێنەی تەرمی شێوێندراوی جەكدارەكانی داعش و میحوەرەكانی پێشمەرگە و سەنگەر و بەرەكانی شەڕ لەنزیكەوە بڵاومەكەنەوە؟!

لەکۆتاییدا دەڵێم جیتر كاتی ئەوە هاتووە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی رۆشنبیری و كەناڵەكانی راگەیاندن، بەرنامەیەكی دیاریكراو و ستراتیژێكی روون و رۆشنتر بگرنە بەر، سەبارەت بە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ روومالكردنی وێنە و هەواڵ و زانیارییەكانی تایبەت بە پێیشمەرگە و بەرەكانی شەڕدا.


06/02/2015



وتارەکانی تری نوسەر