بەرەو(بەغدا)..لە نادیارەوە بۆ نادیار!

هادی حەمەرەشید

کۆتایی ساڵی ۱۹۸۳ یەكێتیی و حکومەتی ناوەندیی(بەعس) دەست بە گفتوگۆ(مفوچات) ئەکەن، مەرجی پێشوەخت ئەوە بووە کە ئەبێت تاڵەبانیی خۆی بچێت بۆ بەغدا، نوێنەرەکانی حکومەت هەموو جارێك پێ لەسەر ئەوە دائەگرن کە گوایە بە  یەك جار دانیشتنی (مام جەلال) لەگەڵ (سەددام)ـدا  گیروگرفتی کورد یەکلایی ئەکرێتەوە!
هەواڵی چوونی تاڵەبانیی بۆ بەغدا لەناو خەڵکدا بڵاوبووبووەوە، کۆمەڵێك لە پیاوماقوڵانی خۆشناوەتیی چووبوون بۆ دیداری تاڵەبانیی، کاتێك کە بینیبوویان، لێیان پرسی بوو:ڕاستە ئەچیت بۆ بەغدا؟
وتبووی:بەڵێ ڕاستە.
وتبوویان: گرەنتی چییە کە بە سەلامەتیی بگەڕێیتەوە؟
وتبووی:هیچ!
پاشان وتبوویان: چی لە سەددام چاوەڕێ ئەکەیت؟
ئەویش وتبووی: لەوانەیە دەمانچەکەی دەربێنێت و فیشەکێك بنێ بەسەرمەوە، یان لەوانەیە هەمان دەمانچەی خۆیم  بە دیاریی پێشکەش بکات، هەردوو کاری لێئەوەشێتەوە.
لە هەردوو بارەکەدا(تاڵەبانیی) خۆشبەختتر بووە، بە بەراورد بە(مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم)
چونکە لە عێراقی سەددامدا لەو دوو ئەگەرەی تاڵەبانیی زیاتر چاوەڕێ نە ئەکرا.
کوشتنی تاڵەبانیی بۆ خۆی و حیزب و هاوڕێ و خزمانی ئەبوو بە شانازیی و بۆ سەددامیش ئەبوو بە پەڵەی بەدناویی، پێشکەشکردنی دەمانچەکەشی بە دیاریی، واتە درێژەدان بە ڕەوتی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە بنەمای دانوستان.
بەکورتیی لەو عێراقەدا لایەنی کەم گرووپی دانوستانکار ڕوون بوون، سەددام و دەربارەکەی بڕیاری جەنگ و ئاشتییان ئەدا.
بەڵام لەعێراقی پاش سەددامدا؛ شیعەیەکی فرە گوتار، سوونییەکی فرە گوتار، کوردێکی فرە گوتار، سەرباری کەمایەتیی و گرووپە ئاینیی و ئیتنییەکانیتریش دیسان پەرتەوازە و فرە سەر!
بەرەو بەغدا ئەچین، چونکە حەفتا و یەك ڕۆژە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کردووە و کەچی یەك بەرپرس جگە لە وەڵامە سواوەکان، قسەیەکیان بۆ ووتن نییە!
پەرەگرافی ئینشائیی و لێدوانی لاستیکی گشتیی و بێبایەخ نەبێت، وەڵامێکی لۆژیکیی لە گۆڕێ نییە!
فێری چەواشەکارییەك بوون، ئەڵێن: نەوتمان ڕادەست کرد و موچە لای ئێمە نەماوە لای بەغدایە!
باشە گریمان ڕاست ئەکەن، بەڵام بۆچی کە پارەکەش لە بەغداوە دێت، ئێوە بە حەفتەیەك هەواڵی لەسەر بڵاو ئەکەنەوە، عەمر ئەڵێ من هێنام و زەیدی موعارەزەش ئەڵێ نەخێر تا ئێمە نەچووین کەس....
پاشان حەفتەیەکیتریش کات ئەکوژن بە مژدەی بڵاوکردنەوەی لیستی موچەوە!
ئینجا بە پانزە ڕۆژیش، هەر ڕۆژە و دەستە بە دەستە و لیوا بە لیوا و وەزارەت بە وەزارەت دابەشی ئەکەن و سوکایەتیی بە خەڵك ئەکەن!
دیسان ئەوا گریمان بۆ موچەی مانگانە ڕاست ئەکەن(کە درۆ ئەفەرموون) ئێ خۆ پلەبەرزکردنەوە لای ئێوەیە، بۆچی پڕۆسەکەتان بەبڕیارێکی زاڵمانە ڕاگرتووە و نایگێڕنەوە بۆمان؟!
ئەچین بۆ بەغدا، لەم نادیاریی و تەمومژەی سەرانی دەسەڵاتەوە ئەچین بۆ نادیارێکیتر!
بەڕاست لە بەغدا کێ بڕیار بەدەستە؟!
سۆدانیی سەرۆك وەزیرانە، بە یاسا فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکانە، ئەمریکا کە بە یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی ناودەوڵەتیی وەك داگیرکەری عێراق مافی دەستێوەردانی لەعێراق هەیە، وەزیری بەرگرییەکەی دێتە عێراق و لەگەڵ سۆدانیی کۆئەبێتەوە،داوای لێئەکات کە بە میلیشیاکان بڵێت هێرش بۆ سەر بنکەکانیان ڕاگرن.
وەك فەرماندە و سەرۆك نا، بەڵکو وەك نێردەیەك ئەچێتە لای میلیشیاکان و پەیامەکە ئەگەیەنێت، بە گوێی ناکەن!
ئەو سەرۆك وەزیرانە و دەیان کەسیتر لەسەرووی ئەوەوە حساباتیان لایە، سەدر نەك ئۆپۆزسیۆن بەڵکو لە پەرلەمانیش کشاوەتەوە و بەحساب بەشداریی هەڵبژاردنی ئایندەش ناکات، کەچیی هێشتا خەڵکی زۆر دەستڕۆیشتووی لەناو حکومەتەکەدا هەیە!
ئەم سەرنجانەی ئێمە دوورە لە تێڕوانینی گرووپی فشەکوردایەتییەوە،بەڵکو ئەوەی لە بەغدایە لە دۆستە زۆر باوەڕپێکراوەکانی سەرانی هەرێمن، دوو دیوی یەك دراون!
ئێمەش لە نادیارەوە ئەچین بۆ نادیار، ڕاستییەکە ئەزانین و هەر ئەشچین!
بەڵام بۆ من جوڵەیەکی زۆر بێ مۆڕاڵانەیە کە مێشکی خەڵك بار بکەین بە سەدان بەڵێن و هەزاران هیوایان بۆ دروست بکەین، لەکاتێکدا سەرانی بەغدا و هەرێم لەسەر هیچ کۆك نەبن، لەسەر چەوساندنەوەی هاوڵاتیان هاوڕا و بێ گرفتن!
ئەچین، بەڵام ئەشزانین!

24/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر