لە ماوەی بیست ساڵدا ڕوو بە نشێو!

هادی حەمەرەشید

لە ساڵی ۲٠٠٤دا شۆفێرانی هێڵی گەڕەکی کارێزەووشك مانیان گرت و پاشتر هاتنە سەر شەقامەکان، هاتوچۆیان لەو ڕێگا سەرەکییەوە داخست.
ئەم دیمەنە چەند ڕۆژێکی خایاند، مشتومڕێکی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دروست کردبوو، لیژنەی پەرەپێدانی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیی کە پارێزگاری ئەو دەمە(ئاسۆی شێخ نوریی) سەرۆکی بوو، نوێنەری سەندیکای هاتوچۆ و  شارەوانیی و پۆلیسی هاتوچۆ تیایدا ئەندام بوون نەگەیشتنە ئەنجام.
بەقەولی بەهادین ئەحمەد Bahadin Ahmad (سەرۆکی پێشووتری سەندیکای هاتوچۆ) ڕەنگە بینینی سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی سلێمانیی(بەرهەم ساڵەح) کلیل و سەرەتای چارەسەر بووبێت، بەڵام ئایا سەرۆکی حکومەت ئەوەندە خاکەڕایە کە گوێ لە داخوازیی چینەکانی خوارەوە بگرێت؟!
مام جەلال کە لەو مانگەدا سەرۆکی خولیی ئەنجوومەنی حوکمی کاتیی عێراق بوو، لەسەر ڕێگای بەغدا ـ نەجەف بوو، لەو پارێزگایەش خەڵکی هاتبوونە سەر شەقام و گرفتی خزمەتگوزارییان هەبوو، کە هەواڵەکە ئەبیستێت، دەست بەجێ تەلەفۆن بۆ دکتۆر بەرهەم ئەکات، بە توڕەییەوە پێی ئەڵێت:( ئێمە ئەمانەوێت بچینە نەجەف بۆ چارەسەری کێشەی ئەوان، ئایا لە شارەکەی خۆماندا نەتوانین چارەسەری گرفتەکان بکەین، چۆن ببین بە فریادڕەسی نەجەف؟!)
ئەم پەیامە بەس بوو بۆ هاتنە سەر هێڵی سەرۆکی حکومەت و چارەسەری کێشەکەیان،  خێرا لیژنەی پەرەپێدانی هاتوچۆی سلێمانیی کۆکرایەوە و دیدار لەگەڵ بەرهەم ساڵەح بەبێ تەکلیف هاتەبوون، بە ویستی شۆفێرانی هێڵەکە و پێداگریی لیژنەکە کێشەکە کۆتایی پێهێنرا.
بیست ساڵ لەمەوبەر بە کەمترین فشاری شۆفێرانی یەك هێڵی ناو شاری سلێمانیی لە کۆی بیست و هەشت هێڵ، خودی تاڵەبانیی و سەرۆکی حکومەتی هێنایە سەر هێڵ و چارەسەری کێشەکەیان کرد، لەو ساڵە بەدواوە تا پانزە ساڵ پاشتریش و بەدیاریکراوی تا ڕیفراندۆمە شوومەکە، دەستەبژێری کۆمەڵگا کۆك بوون لەسەر ئەو فشارانە، نووسەر و مامۆستایانی زانکۆ و  میدیاکاران و بەشێك لە دادوەر و تەنانەت تێکۆشەری دێرین و زانایانی ئاینیی هاوهەڵوێست بوون لەگەڵ مافخوراوان، لەناو حیزبدا گرووپی ئیمزا و فشاری جیاواز سەربار کران.
سەرەتای خوێندنی ئەمساڵ، وا پێنج مانگە مامۆستایان و بەشێك لە فەرمانبەران لەسەر شەقامن، کار و کەسابەتی کاسبکاران ڕاوەستاوە، سەرباری کۆمەڵێك گرفتیتر کە کۆمەڵگاکەمانی بردووەتە ناو بازنەی قەیرانی قوڵەوە، کەچیی دەستەبژێر لە جوڵەیەکی پێچەوانەدا زۆر کۆك و تەبان لەگەڵ دەسەڵاتدا!
حیزبەکان جگە لە قیژە قیژێکی وەڕەسکەر بۆ کۆکردنەوەی مشتێك دەنگ، مێشێك میوانیان نییە!ا
بەداخەوە ناچارین بڵێین کە هەرێم لەسەر دەستی ئەو نوخبە پۆست ویست و خۆپەرستە، لەسەر دەستی پارتیی و یەکێتیی و حیزبە نانخۆرەکانیان زۆر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و  کاری مەدەنیی ڕوو بە نشێوە، ئاسۆیەکی ئەوتۆش جگە لە خۆڕاگریی خەڵکانی بە پرانسیپ لە بەردەم ئیغرائاتی دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆن و فیگەر و بازرگانانیدا نییە!

03/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر