ئایا گۆڕان کۆمپانیای بازرگانیی هەیە؟!

هادی حەمەرەشید



١
کورت و بەبێ پێشەکی، #بەڵێ کۆمپانیای هەیە، بەڵام لەسەر تەرز و ڕێبازی یەکێتیی و پارتیی کە دنیایان قووت داوە و هێشتا ئەڵێن تەحەددا ئەکەین ئەگەر هیچ کۆمپانیایەکمان هەبێت، ئێ ڕاستە ئەوانیش بەناویترەوە کۆمپانیایان هەیە!


یان وەك شاسوار چەند جارێك ڕایگەیاند کە ئێن ئاڕ تی و نالیای فرۆشتووە و ئەو تەنیا سیاسەت ئەکات، دەی وابوو؟!


یان ڕاستترە بڵێین؛ حیزب چییە تا کۆمپانیای هەبێت؟!

 
ئێستا ناشیرینترین ناو، ناوی حیزبە، حیزب لەکۆتا قۆناغی گرگنبوون(تقزوم)ـدایە، حیزب هیچ کارە و خاوەنی ڕاستەقینەی حیزب هەمەکارەیە، حیزب موچەخۆری بنەماڵەیەکە، بنەماڵەکە بۆ خۆیان دەوڵەتی قوڵن، دەزگا و دامەزراوەی بەرفراوانیان هەیە، ڕێکخراوی خێرخوازییان هەیە و لەپارەی دزراوی خەڵك و بۆ زیاتر بچووککردنەوەی خەڵك و منەتکردن بەسەریاندا سەدەقە و زەکاتیان پێئەدەن، خەڵات ئەبەخشن بە فیگەری سەرکەوتوو، خول ئەکەنەوە و خەڵك ئەنێرنە دەرەوە!


گرووپی کۆمپانیایان هەیە و وەك تۆڕێکی ئاڵۆز ململانێی ئەوانیتر ئەکەن بۆ هەرچی زۆرتر کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ و کۆمەڵگا، دەیان سایت و هەزاران پەیجیان هەیە، تەلەفزیۆن و تۆڕی میدیاییان هەیە بۆ ماکیاج کردنیان، لە تەنیشتی ئەمانەشەوە حیزبێکیان وەك داهۆڵ داناوە تا خەڵکی تفی تێکەن!


بزووتنەوەی گۆڕان هیچی نەماوە تا کۆمپانیای هەبێت، بەڵکو گۆڕانیش لقێکە لە #کۆمپانیای_وشە هەموو مومتەلەکاتێکی ئەو بزووتنەوەیە موڵکی کوڕانی کاك نەوشیروانە، ئەوانەی کە ئێستا لەو گردەن بۆ خۆیان شەو و ڕۆژیان خستەسەر یەك تا ئەمەیان کرد بە ڕاستیی، ئیتر چۆن لە ڕوویان هەڵدێت کە تەحەددای خەڵك ئەکەن لەو بارەیەوە؟!


ئەوان توانای کڕینی بەندێکی ئەی فۆڕیان نییە بۆ ژوور و دامەزراوەیەکی گۆڕان تا لە لای کوڕەکانەوە خەرج نەکرێت، ئێ بەڵێ کوڕەکان گرووپی کۆمپانیایان هەیە و وەك کۆمپانیاکانی ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی و کۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵەح قوتی خەڵك ئەدزن!


٢
لەدوای چوونە ماڵەوەی چەند سەرکردەیەکی دامەزرێنەری گۆڕان و نەزیفی وازهێنانی هەڵسوڕاوان بە دوایدا، لەگەڵ کۆمەڵێك لە دڵسۆزان هەوڵێکی چڕمان دەستپێکرد بۆ ڕاگرتنی ئەو هەرەسە، فشارێکی توندمان لە بەڕێزان کاك قادری حاجی عەلی و کاك عوسمانی حاجی مەحمود و کاك سەلاح ڕەشید و کاك عەبدوڵڵای کوێخا موبارەك و د.موخەممەد عەلی و هاوڕێیانیتر کرد(چونکە هێشتا هاوڕێیانی پڕۆگۆڕان دانەبڕابوون و کاك عەبدوڵڵای مەلا نوری و کۆمەڵێك دۆستیتریش لە گردەکە مابوون) داواکاریی و ڕەخنەی سەنتراڵی ئەوان بریتیی بوو لە دوورخستنەوەی گۆڕان لە سێبەری بنەماڵە و سەربەخۆکردنی.


ئەمان بەخاڵ گلەییەکانی خۆیانیان بۆ ڕیز ئەکردین، کە ئەچووینە لای سەرانی گۆڕان بێ منەتییەکی بێئەندازەیان نیشان ئەدا، تەنانەت بەشێك لەم بۆینباخ لەملانە کە ئێستا خۆیان شین و مۆر کردووەتەوە و گوایە لە «سیاسەتی گۆڕان ناڕازین!!!» بە ئێمەیان ئەووت: لێگەڕێن گۆڕان پێنج کورسی بێنێت و یەك بیرکردنەوەی هەبێت، باشترە لە بیست و چوار کورسیی پەرتەوازە!


یەکێك لە ئەندامانی خانە زۆر بە دڵنیاییەوە پێی وتم: ئەم برادەرانە توانای ململانێیان نییە، پشوو کورتن لە سیاسەتدا، خۆ من ئەزانم ئێمە هەر بەوەی کە مەکۆی سەرەکییمان لەم گردەیە و گردەکەش تاپۆی کوڕەکانە، خۆبەخۆ ئێمە لەژێر باری ئەوانداین و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانمان هەیە، بەڵام ئێمە وەك خەڵکیتر هەناسەسوار و پشووکورت نین و بچینەوە بۆ ماڵەوە، یەك مانگ دوای چوونمان بۆ حکومەت بەڵێن بێت بچم داوای دابینکردنی دە دۆنم زەوی لە (کاك مەسرور) بکەم و ئەم گردە جێئەهێڵین بۆ خاوەنەکانی!


منیش سەردانی کاك قادرم کردەوە، وتم: تکایە ئێوە بگەڕێنەوە و کارەکانتان بکەن، ئەو بەڕێزانە وا ئەڵێن.
ئەویش وتی: زۆر باشە مەسرور بارزانیی توانای بەخشینی زەوی سلێمانیی نییە بەم بەڕێزانە، بەڵام هەر ئێستا تەلەفۆنەکەت دەربێنە و بەناوی منەوە بەو بەڕێزە بڵێ پێویست ناکات چاوەڕێی ئایندەیەکی نادیار بکەن، من ئامادەم دە دۆنم زەوییان بۆ دابین بکەم لە باشترین شوێندا، بەڵێن بێت خەڵکی دڵسۆزیش بدۆزمەوە تا خەرجی دروستکردنی بینا و دامەزراوەکانیش لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام دڵنیابن ئەو برادەرانە بۆ خۆیان میوانن و هیچیان لە دەست نایەت!
منیش وتم: تەلەفۆن بۆ کەس ناکەم، بەڵام مانگێك دوای تەشکیل کردنی کابینەی نۆیەم درەنگ نییە و چاوەڕوانی ئەو بەڵێنە بۆمان ئاستەم نییە!


کابینەکە دامەزرێنرا و زۆربەی ئەو بەڕێزانە دەستیان کرد بە شان شانێن بۆ وەرگرتنی پۆست، نەك بزووتنەوەکەیان لە سێبەر و ڕەهینەی خاوەنی گردەکە دەرنەهێنا، بگرە بۆ ئۆکەی و پەسەندکردنی وەرگرتنی پۆست لە حکومەتدا پێویستیان بە شان تەکاندنیشیان هەبوو!


بەڵێ گۆڕان هیچ نییە تا کۆمپانیای هەبێت، بەڵکو کرێچیی و نانخۆری کۆمپانیایەکن کە قووتی خەڵك ئەدزێت، لە حکومەتێکیشدان کە خراپترین دەسەڵاتی سەر زەوی حەسوودیتان پێنابات!


ئێوە موچەخۆری کۆمپانیان، نەك خاوەن!


29/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر