نوکتەی_سیاسیی

هادی حەمەرەشید
کابرایەكی قسەخۆش هەبووە لەم دەڤەرەی ئێمە، دوو کوڕی هەبووە(کەمال و جەمال) ئەوەی یەکەمیان لە نوێژکردندا زۆر جدیی ئەبێت و ئەوەی دووەمیش هەر نایکات.

بەڵام کەمال زۆر باسی ئەم چاکییەی خۆی ئەکات و ئەبێت بە(ئەلەرم)یش بەسەر باوکییەوە، هەر بانگ ئەدات، خێرا بە باوکی ئەڵێت: باوکە یەڵا هەستە کاتی نوێژە.

بەیانییەك زوو دێتە گیانی باوکی و ئەڵێ هەستە کاتی نوێژی بەیانییە.
باوکیشی بێزار ئەبێت، ئەڵێ:تەڵاقم کەوتبێت کافرییەکەی جەمالم پێخۆشترە تا موسڵمانییەکەی کەمال!

جا فیعلەن ئەوە کە هیچ، دەیان مووچەی ساڵانییترمان لای حکومەتە، بەڵام هەر لە ڕابردووی نزیکماندا سێ مووچەی مانگەکانی ۱٠و۱۱و۱۲ی ۲٠۲۳مان لایانە، وا دیارە لەسەر سەهۆڵ بۆیان نووسیوین، کەچی لە ئێوارەوە هەر حیزبە و بەجۆرێك موزایەدەمان بەسەرەوە ئەکەن، تا ئەو ڕادەیەی بڵێیت حەزم ئەکرد لیستی موچەم نەدیبایە تا ئەو هەمووە موزایەدەش نەکرایە!

بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە کە عەقڵی بەسیطی کادیری حیزبیی لێی تێبگەن، شەڕی دوو بەرەی گەورەی جیهانیی لە عێراقدا نمایش ئەبێت، پێش چوونی سۆدانیی بۆ ئەمریکا ئەبێت هەندێ دەستواڵایی بنوێنێت بۆ هەرێم، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان خاڵی لاوازی حکومەتی عێراقیان دۆزیوەتەوە کە بریتییە لە ویست و حەزی سەرۆکوەزیرانەکانی بۆ تازەکردنەوەی ویلایەتەکەی، بۆ ئەم مەبەستەش چەندە ئۆکەیی ئێران پێویستە، ئەوەندەش قایلبوونی ئەمریکا و ڕازیی کردنی هەردوو لایەنی سوونیی و کوردی پێویستە،  هەر وەك لە تویتێکی  پڕ لە تەنزی #مستەفا_سەنەد دا لە سەکۆی ئێکس هاتووە.

ئەمە کادیر و دەروێش لێیتێناگەن!


07/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر