ئامێزگای توندڕەویی

د. شاهۆ سه‌عید
سروشتی ئەو ئامێزگایە چۆنە کە لە خاکی خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامیدا شەڕانگێزی دەسەڵات و توندڕەوی نەیارانی دەسەڵات پێکەوە، یان بەنۆرە، بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا ژێرخانەکەی کولتوری خێڵ و عەسکەرتاریەتی دەسەڵاتی سیاسیە کە دەزگاکانی دەوڵەت لە شێوەی دیوەخانی قەبیلەدا دادەمەزرێنێت؟ یان مزگەوت و پەرستگا ئاینیەکانە کە قفڵ دراون بەڕووی هونەر و ژیانی پێکەوەیی نێوان دوو رەگەزەکەدا؟ یان دەرەنجامی ئەو جەنجاڵیە سایکۆلۆجی و نەخوێندەواریە میدیاییەیە کە دنیای خۆرئاوا لەگەڵ تۆڕە گەردوونیەکانی پەیوەندی و گۆڕینەوەی زانیاریی لەگەڵ خۆی هێناونی؟! 

دەرکەوتنی داعش سەرەتای پایزی خۆشبینی بوو پاش رەوینەوەی وەرزێکی کورتی بەهاری شۆڕش و گۆڕانکاری کە بەخێرایی ناوچەکەی تەنیەوە. لە بەهاری شۆڕشەکانەوە تا پایزی هەڵوەرینیان تەنها سێ ساڵ بوو. وەرزی یەکەم ئەو وەهمەی چاند کە گەلانی ئەم ناوچەیە توانای رزگاربوونیان لە دەسەڵاتی جەهل و عەسکەرو قەبیلە هەیە. بەڵام وەرزی دووەم ئاوێنەیەکی دایە دەستمان تا وێنەکەی پشتی سەرمان ببینین، وێنەی مەرگ بەئاڵایەکی رەش و شمشێرێکی عەقائیدیەوە. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا لەو راستیە گەیشتین کە ئەگەر پێگەی کورسی دەسەڵات دیوەخانی قەبیلەو سەربازگە و جبەخانە داخراوەکان بێت، ئەوا زۆرجار کلیلی نەیاربوونی دەسەڵات لەلایەن هێزە تاریک و مەرگ دۆستەکانەوە دەفڕێندرێت. 

دەرکەوتنی داعش دەرکەوتنی فۆرمێکی توندڕەویی خۆرهەڵاتییە، کە پەیوەدنی بە کات و شوێنێکی دیاریکراوەوە هەیە. هەربۆیە شەڕی داعش بەتەنها مانای شەڕی ئەو ماشێنە ناگەیەنێت کە لە رابردوودا بەعس و لە ئایندەشدا فۆرمی تری لەبابەتی بەعس و داعش بەرهەم دێنێت. واتە بەهەمان ئەو ئەندازەیەی شەڕی داعش لەڕووی سەربازییەوە گرنگە شەڕی ئەوە ئامێزگایەش گرنگە کە لەڕووی کولتورییەوە فۆرمە جیاوازەکانی توندڕەوی بەرهەمدێنێت.
سەبارەت بە کوردستانیش، شەڕی داعش بەبێ شەڕی ئەو ئامێزگایەی شەڕانگێزیی داعشی بەرهەمهێناوە، دەبێتە شەڕێکی سەربازیی پەتی کە دەشێت پەرچەکرداری شەڕانگێزانەی لێبکەوێتەوە. هەرچەندە ئێستا لە بەرە جیاوزەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە شەڕی داعش دەکرێت؛ بەڵام بەپێی بەرە جیاوازەکانیش وێنەکانی داعش گۆڕانیان بەسەردێت. هەندێک داعش بەنوێنەری سەلەفیەتی جیهادی و هەندێک بە نوێنەری شۆڤێنیزمی عەرەبیی دەزانن. هەندێک بەدروستکرای تورکیا و هەندێک بە دروستکراوی جەمسەری ئێران و سوریای دەبینن. هەندێک وەک بەرهەمی کولتوری ئیسلامی و هەندێکیش وەک دەرهاویشتەی گلۆبالیزم و پیلانی ئەمریکی لێی دەڕوانن. بەڵام لە هەموو سیناریۆکاندا خاکی کوردستان بەرەی پێشەوەی شەڕەکەیە و بەشێکی زۆری قوربانیەکانیش خەڵکی ئێرەن. 

شەڕی داعش بۆ کورد گەر سەرکەوتنی سەربازیشی تێدا تۆماربکرێت، دەشێت لەڕووی سیاسیەوە لێکەوتەکانی گرفتئامێز بن. چونکە تا ئێستا دیار نیە شەڕی چ داعشێک دەکرێت و ستراتیجی شەڕەکە دەچێتە بەرژەوەندیی چ بەرەیەکی نێودەوڵەتی یان ئیقلیمیەوە. ئەوەش ئەگەرێکە بۆ درێژەکێشانی شەڕەکە. بەبێ دیاریکردنی ستراتیجی شەڕی داعش دەشێت ئەو شەڕانگێزیەی کە ئەمڕۆ لەدژی داعش گەورەدەبێت لە قۆناغێکی تردا وەرگەڕێت بۆ چەشنەکانی تری شەڕانگێزیی، وەک شەڕانگێزی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسیی بەرتەسک. ئەوەش دیسانەوە دەڕژێتەوە کانگاکانی توندڕەوی و دەچێتەوە خزمەتی بەرژەوەندیە ئیقلیمی و نێودەڵەتیەکان، لە کاتێکدا دیار نیە ئێمە لە کوێی ئەو بەرژەوەندیانەداین. 

ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات شەڕی تەنها فۆرمێکی توندڕەوەییە کە لە وێنەی داعشدا بەرجەستەبووە، دەشێت سبەی لەژێر ناوی ترو بەبەرگی ترەوە دەربکەوێتەوە، واتە تەنها شەڕێکی تەکتیکی و کاتییە. هەربۆیە شەڕی گرنگ و ستراتیجی بۆ هەموومان شەڕی ئامێزگاکانی توندڕەوی و شەڕی ئەو ماشێنەیە کە توندڕەی لە بەرگی جیاوازدا بەرهەم دێنێت.

04/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر