سازان یان سازش

د. شاهۆ سه‌عید
چەند ساڵێکە وشەی "سازان" بۆ گوزارشتکردن لە تەوافوقی سیاسی، بەدەر لە پێوەری زۆرینە و کەمینە، هاتۆتە ناو فەرهەنگی سیاسی کوردییەوە. لە رۆژانی رابردوودا هەمان وشە لە پەیوەندیدا بەیاسای "ئامادەکردنی دەستوری هەرێم بۆ راپرسی" هاتەوە بەرگوێمان. 

لە راستیدا ئەوەی ناونراوە سازان سەبارەت بە ئامادەکردنی دەستور بۆ راپرسی هیچ نیە جگە لە سازشی هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ ئیرادەی تاکە هێزێکی وەک پارتی کە ساڵی ٢٠٠٩ لە کاتێکی ناکاتدا، بە پشتیوانی یەکێتی و ئیسلامییەکان، دەستورەکەی تێپەڕاند. ئێستاش لە کاتێکی ناکاتی هاوشێوەدا دەیەوێت رتووشی هەمان دەستور ناوبنێت سازانی نیشتمانی بەرامبەر سفرکردنەوەی سێ ویلایەتی پێشووی تەمەنی سەرۆکی هەرێم، کە دەبێت پێش راپرسی دەستور ماوەکەی بۆ درێژبکرێتەوە، دوای راپرسیش دەتوانێت بۆ دوو ویلایەتی تر ببێتەوە بە سەرۆک.

رەنگە جیاوازییەک لەنێوان ساڵی ٢٠٠٩ و دۆخی ئێستا لەوەدا بێت کە ئەو دەمە هێزێکی سیاسی وەک گۆڕان و چەند گروپێکی نیمچە مەدەنی هەڵمەتێکیان دژی رەشنوسی دەستور بەرپاکرد؛ بەڵام لە ئێستادا جگە لەوەی گۆڕان خۆی بکەرێکی سەرەکییە لەو شتەدا کە ناونراوە سازان لەسەر دەستور، لە دەروەی گۆڕانیش دەنگێک لە ناوەندە مەدەنی و ئەکادیمی و رۆژنامەوانی و یاساییەکان نایەت سەبارەت بە پاشهاتە مەترسیدارەکانی ئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت. تەنانەت وەهمێک لای هەندێک دروست بووە گوایا ئێستا هێزە سیاسیەکان هەموویان پێکەوە پارتییان خزاندۆتەوە ناو گۆشەیەکەوە سەبارەت بە پەرلەمانیکردنی سیستمی سیاسی هەرێم. بەڵام راستیەکەی تەواو پێچەوانەیە، ئەوە پارتییە هەموویانی لە چەند گۆشەیەکی جیاوازدا بەندکردووە و بەجیا وتوێژ لەگەڵ هەر یەکێکیان دەکات.
رۆشنتر:

١. پارتی، چ وەک سەرۆک و چ وەک حیزب، بێمنەتە لەو شتەی کە ناونراوە سازان لەسەر دەستور، لە کاتێکدا ئامانج لە کۆی پرۆسەکە و ئامانج لە هەڵبژاردنی تەوقیتەکەی تەنها بۆ رازیکردنی دڵی پارتی و درێژکردنەوەی تەمەنی سەرۆکی هەرێمە کە خۆی راشکاوانە ئاماژەی بەوە دابوو ئامادە نیە مێژوی خۆی لەپێناو کورسی دەسەڵاتدا بسوتێنێت. کەچی لەبەرامبەردا هەموو هێزە سیاسیەکان، لەپێناو درێژکردنەوەی تەمەنی ئەودا ئامادەن قوربانی بە تەمەنی سیاسی و ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان بدەن.

٢. "سازان" چەمکێکی ناکۆکە بە چەمکی "زۆرینەی پەرلەمانی". هەردووکیان لە هەندێک شوێندا پێویستن و لە هەندێک جێگەدا مەترسیدارن. بەڵام لە هەر سێ ئەو حاڵەتەدا کە تایبەت بوون بە دەستور، لایەنە مەترسیدارەکەی "سازان" و لایەنە خراپەکەی "زۆرینەی پەرلەمانی" جێبەجێکراون:

حاڵەتی یەکەم: ساڵی ٢٠٠٩ ئەو کاتەی کە پارتی دەستورەکەی لە سایەی سەرۆک پەرلەمانێکی یەکێتیدا تێپەڕاند، دەبوو ئەو کارە بە سازان بکرایە کەچی بەزۆرینەی پەرلەمانی سەپێندرا. 

حاڵەتی دووەم: ساڵی ٢٠١٣ ئەو کاتەی کە پارتی لە سایەی سەرۆکێکی تری یەکێتیدا یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی تێپەڕاند، ئەو دۆخەش پێویستی بە سازان بوو چونکە پرسی دەستور هاتبووەوە پێش، بەڵام دیسانەوە کار بە لۆجیکی زۆرینەی پەرلەمانی کرا.

حاڵەتی سێیەم: حاڵەتی ئێستایە، کە بەپێچەوانەوەی دوو حاڵەتەکەی پێشووەوە "چەمکی زۆرینەی پەرلەمانی" بەهای دیمۆکراتی خۆی پەیداکردووە لە سایەی فرەییەک کە گوایا لە دەرەوەی ئیرادەی پارتی دروستبووە لەپاڵ سەرۆک و سکرتێرێکی پەرلەماندا کە سەر بە دوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوون؛ کەچی تەنها لە ئێستادا داوای سازان دەکرێت و لۆجیکی زۆرینەی پەرلەمانی پێشێل دەکرێت.
واتە هەر سێ جارەکە شانۆگەریەکە لەپێناو بەرژەوەندیی پارتیدا نمایشکراوە؛ کەچی هەر سێ جارەکەش غەیرە پارتییەکان ئیدارەی شانۆگەریەکەیان کردووە.

٣. سازان تەنها کاتێک بەهای هەیە کە "سازان بێت بۆ گرێبەست" نەک سازان بۆ "پێداچووەنەوەی گرێبەستێکی پێشووتر". چونکە لە دۆخێکی وادا ئەگەر سازانەکە سەری نەگرت، بۆ نمونە ئەگەر لە "دە" ئەندامی سازانەکە تەنها "یەک" ئەندام ڤیتۆ لەسەر دەقێکی هەموارکراو بەکاربێنێت، ئەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەموارەکە پوچەڵ دەبێتەوەو دەقە پێشوەکە دەبێتەوە بە دەقێکی دەنگ بۆدراو. واتە کاتێک کە رەشنوسی ئێستای دەستور دەکرێتە بنەمای پێداچوونەوە ئیتر هیچ مانایەک بۆ سازان نامێنێتەوە، چونکە هەموو نەسازانێک یەکسانە بە پەسەندکردنی رەشنوسی پێشو. بەمەش سازانی نیشتمانی دەکرێتە شانۆگەریەکی کرچ و بێمانا بۆ پەسەندکردنی ئیرادەی هێزێکی سیاسی کە پێشتر بە زەبری زۆرینە، نەک سازان، دەستورەکەی تێپەڕاندووە.

٤. ئەم دۆخە حیکایەتێکی هاوشێوەی "سازان"مان دێنێتەوەیاد لە هەواڵنامەی پێشوازی سەرکۆماری عێراق بۆ وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە ٢٤/٩/٢٠١٢، کە دواتر دەقی هەواڵنامەکە لە میدیای کوردیدا بەناوی رێکەوتننامەی دەباشانەوە بڵاوبووەوە. لە هەواڵنامەکەدا هاتبوو "هه‌ردوولا له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌و هه‌مواركردنی -دەستور- هاوڕابون، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌وافوقی هه‌موو لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێت...". واتە تەنانەت ئەو شتەش کە ناونرا رێکەوتننامەی دەباشان سازان و تەوافوقی لایەنەکانی تری کردبووە مەرجی پێشوەختی جێبەجێبوونی لێکگەیشتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان. بەوەش دەبوو پارتی و لایەنەکانی تر لێکگەیشتنی یەکێتی و گۆڕان مۆر بکەن بۆ ئەوەی ببێتە لێکگەیشتنێکی راستەقینە.

٥. سەبارەت بەو سیناریۆیەی کە ناونراوە بە پەرلەمانیکردنی سیستمی هەرێم بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی سەرۆک، لە راستیدا ئەویش شتێک نیە جگە لە کۆششێک بۆ پاراستنی ئاوی روخسار و خۆدزینەوە لە مەسئولیەتی رماندنی پایەیەکی دیمۆکراسی کە پرنسیپی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە. ئێستا گرنگ و جەوهەریی ئەوەیە یاسا سەروەر بێت و روخساری دەسەڵاتداران بگۆڕدرێ نەک یاسا رتووش بکرێت و ناوی سیستم بگۆردرێت. ئینجا رەنگە خەڵکی ئاساییش ئەوە نەزانن کە لە رەشنوسی ئێستای دەستوری هەرێمدا سیستمی سیاسی پەرلەمانییە نەک سەرۆکایەتی. کەواتە لە ئێستاوە بێ هیچ دانوستانێک پارتی رازییە بەوەی سیستم ناوبنرێت پەرلەمانی.
دوا خاڵ، ئەڵبەت ئاشکرایە دەستور و رێکەوتننامەی سیاسی هەمیشە چەکی دەستی لاوازەکانە کە وەک چەتری یاسایی بۆ پاراستنی خۆیان لە کاتی پێویستدا پەنای بۆ دەبەن، هەر ئەمەشە دەخوازێت لایەنە مەدەنیەکان کە هێزی چەکداریان نیە بەوریاییەوە رێکەوتن لەگەڵ بەهێزەکاندا بکەن. باشترە لە بنەڕەتدا رێکەوتنەکە نەکەن، هەر کە کردیشیان بە وریاییەوە بەشداری لە داڕشتنی دەق و هەڵبژاردنی وشەکانیدا بکەن.


16/04/2015



وتارەکانی تری نوسەر