ئەڵقەیەکی تری زنجیرەی تێرۆر..

د. شاهۆ سه‌عید
وێنەی جەستەی کوژراو و ئەشکەنجەدراوی "ویدات دهۆکی" ڕیسواییەکی ترە لە زنجیرەیەکی درێژی ڕیسوایی، کە بێگومان دەچێتە فایلی حوکمڕانی "خۆماڵی" هەرێمی کوردستانەوە. 

ئەو وێنەیە جارێکی تر گوزارشت لە هەقیقەتێکی تاڵ دەکات، دووپاتی دەکاتەوە کە قسەکردن لە ئازادی کاری میدیایی و سەروەریی دەسەڵاتی یاسا لە کوردستاندا وەک هەمیشە درۆیەکی گەورە و فریودانێکی قێزەونە.

زنجیرەکە ڕۆژبەڕۆژ درێژتر دەبێتەوە، زنجیرەی تێرۆرکردنی جەستەیی و مەعنەویی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان، پاوانکردنی میدیای خوێندراو و بینراو و بیستراو لەلایەن حیزبەکانەوە، وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی میدیای ئەهلی و فریودانی ڕۆژنامەنوسان بۆ کاری میدیایی لە کەناڵە حیزبیەکان و سێبەرەکانیاندا.

ئەڵبەت زنجیرەیەک کە بە کوشتن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران دەستپێبکات، لە دوا ئەڵقەدا دەبێتە زنجیری کۆتکردن و بێدەنگکردنی سەرجەم کۆمەڵگا.
بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت لە دوای هەموو کەیسێک لە کەیسە زۆرەکانی کوشتن و شێوازە جیاوازەکانی تێرۆری قسە و نوسین لە کوردستاندا تەنها کۆمەڵێک بەیاننامەی ئیدانە و لێدوانی ناڕەزایی دەردەچن.

پاشان وردە.. وردە لەیاد دەکرێن و دەچنە ئەلبوومی یادە زۆرەکانی ئەم هەرێمەوە، کە توانای ئاساییکردنەوەی هەموو کەیسێکی نائاسایی هەیە.

تەنانەت لە هۆشیاریی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان خۆشیاندا شۆک و ڕاچەنینی ڕاستەقینە دروست نابن، چونکە لەبری ئەوەی ویژدانی دەستەجەمعییان بەجۆرێک ببزوێت کە بایکۆتی میدیا حیزبیەکان و سێبەرەکانیان بکەن؛ کەچی ئەوانیش، پێبزانن یان نا، زۆرجار دەبنە بەشێک لە ئەجێندای ململانێی حیزبە ناکۆکەکان و خۆراکی میدیا سێبەرەکانیان و سوتەمەنی شەڕە سیاسیەکانیان، کە تەنها لە کاتی گەرمبوونی کێشە حیزبیەکاندا ئەو کەیسانە وەک کارتی گوشار لەدژی یەکتر دەجوڵێنن. لەوە بترازێت، لە کاتی دانوستان و دابەشکردنی بەرژەوەندیەکاندا ئەو کەیسانەش وەک هەموو کەیسە گرنگەکانی تری ئەم هەرێمە دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن و وەک کۆمەڵێک دوروشمی پان و پۆڕ و تایتڵی بێ ناوەڕۆک دەمێننەوە


15/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر