مەبن بە سوارەی حەمیدیە

ستاره‌ عارف


سوارەی حەمیدیە ئەو دەرەبەگە خۆ فرۆش و سەركردە كوردە بەكرێگیراوانەی باكوری كوردستان بون، كە بۆ دەستكەوتی مادیی و بەهۆی زاڵبونی بیری ئاینی و خێڵەكی، بونە پشتیوانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لەكۆمەڵكوژی ئەڕمەنیەكانیشەوە بێ زانابون تێوەگلان، ئەگەرچی كورد خۆیشیان ژێر دەستەی عوسمانی بون و تیپی حەمیدیەیان لێ دروستكردن و هەر خۆیشیان خێڵە كوردیەكان سەرپەرشتیانكردوە.

بەشێك لەكورد لەمێژودا لەم كارەساتانەوە، بە تایبەتیش لەقۆناغی سوڵتان عەبدولحەمیدی دوهەمدا تێوەگلاون و سەرۆك عەشیرەت و پیاوە ئاینیەكان پێشەنگیان بون، هەرچەندە زۆر هەرێمی كوردیش هەرگیز مەحكومی عەجەم و سوخرە كێشی ئالی عوسمان نەبوە.

ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستانیش تا ڕادەیەك لەلێكچونێكی بەو شێوەیەدا خەریكە خۆی دوبارە دەكاتەوە، كوردستان بەسەر دو بەرەی ئێران و توركیادا ئارەزومەندانە لەلایەن هەردو حزبی پارتی و یەكێتی و پاشكۆكانیان لەهەر چوار پارچەی كوردستان دابەشكراوە، بە پەیامی ئەوان هاوشانی هەندێك لایەن و كەسێتی كۆنەپەرستی ئیسلامی، پیلانەكانی توركیا و ئێران دژی كورد جێبەجێ دەكەن.

لەو پێواژۆیەدا سوڵتان عەبدولحەمید، بەهۆی جیاوازی ئاینەكەیانەوە ڕقی لەئەڕمەنیەكان بوە و ناو و ناتۆرەی وەك ترسنۆك و زۆریتری لێناون، باسی لەدەوڵەمەندی و قۆرخكاری بازاڕی لەلایەن ئەڕمەنیەكانەوە كردوە، وڵاتانی ڕۆژئاوایش بە هۆی جیاوازی ئاینەكەیانەوە پاڵپشتی ئەڕمەنیان كردوە، ئەمانە هۆكاربون بۆ جینۆسایدكردنی ئەڕمەنیەكان لەلایەن توركیاوە، پێویستی بە هێزی كورد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەڕمەنیەكان بوە، بۆیە كوردی بە ئازا و موسڵمان ناو بردوە و تیپی حەمیدیەی لەكورد بۆ بەرژەوەندی عوسمانی دروستكردوە.

بەڵێنی بەدیهێنانی تەواوی مافەكانیانی بە كورد دابو، وەلێ لەكۆتایدا لەهەمو مافێك بێبەشكردون و بۆیە پێواژۆی سەرهەڵدانە كوردیەكان دژی دەوڵەت دەستیان پێكردوە، كە دەرەنجام سەركوتكراون و ڕێبەرەكانیشیان لەسێدارە دراون.

ئەگەر مەسعود بارزانیش كورد بەمجۆرە چەواشە دەكات، كە توركیای ئەردۆغان پاڵپشتی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆییە، لەكاتێكدا ئەردۆغان خۆی بە جێگرەوەی سوڵتان عەبدولحەمید دەزانێت، ئەوە دەبێت باش بزانێت هەمان ڕۆڵی سەرۆك خێڵە جاشەكانی حەمیدیە و ئیدریسی بەدلیسی ئەو قۆناغەی باكوری كوردستان دەبینێت، بارزانی و پارتەكەی و كەسانی وەك عەلی قەرەداغی بە هەمانجۆر، بە نیازن ئەردۆغان لەكورد بكەنە فریشتە و بە پاڵپشتی دەوڵەتی كوردی لای كورد خۆشەویستی بكەن، كە كارەكە تەنیا پەیوەستە بە بەرژەوەندی نەوتی و ئابوری بۆ توركیا و ڕاگەیاندنی سوڵتانیەكی مشەخۆر و سەركوتكار و بنەماڵەیی و دواكەوتو بۆ باشور.

مەلا ئیدریسی بەدلیسی، سەرەتا لەلای سەفەویەكان پلەی وەزیری وەرگرتوە، دوای ئەوە ڕوی كردۆتە عوسمانیەكان و پلەی بەرزی وەرگرتوە و ئەركی نوسینی مێژوی عوسمانی پێسپێردراوە و پەرتوكێكی بە ناوی هەشت بەهەشت بۆ نوسیون، لەپێواژۆی سوڵتان سەلیمی یەكەمدا ئەركی ڕاوێژكاری پێدراوە، بۆ ئەوەی میرەكانی كورد قایل بكات، كە شەڕ بۆ عوسمانی بكەن، لەڕێكەوتنی سوڵتان سەلیمی یەكەم و میرەكانی كورد دا بەكارهێنراوە و سودی لێوەرگیراوە و بەردەوام كوردی قایلكردوە، بە فەرمانڕەوایی عوسمانی ڕازی بن، لەئەمڕۆیشدا بارزانی هەمان ئەو ڕۆڵە دژی كورد دەبینێت.

لەو ڕێكەوتنەی عوسمانی لەگەڵ میرەكانی كورد دا لەسەر ئەوە ڕێككەوتون، كە كورد هاوكاری عوسمانی بكەن و باج و سەرانە بدەن و لێی هەڵنەگەڕێنەوە و دەستكاری سنوری میرنشینەكانیان نەكەن و هەوڵی فراوانخوازی نەدەن، سەرەنجامیش كورد بە دەستی بەتاڵ لەو ڕێكەوتنە هاتونەتە دەرەوە و زۆرینەی هەرێمەكانی كوردستانیش كەوتونەتەوە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی.

گوێڕایەڵی ئەمڕۆی بارزانی و حزبەكەی و تاقمێكی ئیسلامی سیاسی لەباشور و بەشێكی زۆری كوردی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان بۆ ئەردۆغان و پشتگیریكردنی، دژی داوا ڕاستەقینەكانی گەلی كوردە لەهەر سێ پارچەكە، بۆیە نابێت ڕێگەی ئەم ئیدریسی بەدلیسی و خێڵە ژێر دەستانەی عوسمانی نوێ بدرێت، هەمان مێژوی كۆن و تراژیدی لەباكور و باشوری كوردستان دوبارە بكەنەوە.


29/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر