نیو وەزیرەكەی پەروەردە بەزەییت بە خۆت و حكومەتە تێكشكاوەكەتدا بێتەوە!

ستاره‌ عارف



سلێمانی شایانی بەزەیی نیە..شایانی ڕێزە

لەتازەترین وتەی كاڵ و كرچی نیو وەزیرەكەی پەروەردە و لەبێچارەیی و شكستخواردوی خۆی و تاقمی بە ناو حكومەتەكەی زۆر كۆمیدیانە وتی، بەزەیم بە منداڵانی سلێمانیدا دێتەوە، كە ناخوێنن و بە لێشاو لەبەر ئەوەی ناخوێنن بۆ هەولێر دێن، ئەم وتە بێكەڵكانە هێندە مایەی پێكەنین و كاڵ و كرچن، كە ئێستا بونەتە نوكتەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و هێندەیتری نیو وەزیرەكەی پەروەردە و تاقمەكەی بە ناو حكومەتی نێچیر بارزانی پێ بچوكتر و كەم بۆتەوە، چونكە نەك ڕاست نیە، بەڵكو ئەو قسانە دەرەنجامی بێچارەیی و پەلەقاژێی شكستخواردنیانە و ئەو منداڵانەی ئەوان گوایە بەزەییان پێیاندا دێتەوە، هەر ئەم تاقمە موچە و سەرەتاییترین مافی دایک و باوکیانیان بڕیوە و دەستیان ناوەتە بینەقاقایان.

لەئەنجامی شكستپێهێنانی تەواوی بڕیار و ڕێنمایی و وتە نەشیاوەكانیان لەلایەن خۆپیشاندەرانی پارێزگای سلێمانیەوە و جێبەجێ نەبونی هیچ یەكێك لەو ڕاسپاردانەی ئەوانی بە ناو حكومەت و تاقمە خەیاڵ پڵاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی دەریدەکەن، كە تەواویان دژی هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانن، ئێستا ئەو تاقمە وایان لێهاتوە هەرچی بە دەمیاندا بێت، بێ سانسۆر هەڵی دەڕێژن و وتەی نەشیاو و كاڵ و كرچ و چیرۆکی چەواشەکارانە بێ لێكدانەوە دژ بە خەڵك هەڵدەبەستن.

نیو وەزیرەكەی پەروەردە خەڵكی سلێمانی و خوێندكارەكانیان شایانی بەزەیی نین، ئەوە ئێوەی حزبی بنەماڵەی بێ بەرنامە و ترسنۆك و مێشك ڕاوەستاو و جوت حزبەکەی یەکێتی و پارتین شایانی بەزەین، ئەگەر ئەم قسانە درۆیەكی شاخدار نین، بۆچی ناچیت یەخەی سەرۆكی بە ناو حكومەتەكەت بگریت و لێی بپرسیت، كوا داهاتی خەڵك؟، بۆچی موچە و شایستەی پێویستی خەڵكی كوردستانت قۆرخكردوە و بۆچی بە مەبەست و ڕقی شەخسی میللەتێك برسی دەكەیت؟، بۆچی داهات و پارەی كورد بۆ سوپا فاشیستەكەی تورك و ئەردۆغانیەكان خەرج دەكەیت؟، بۆچی پارە وداهاتی كورد بۆ بە ناو ئاوارەی عەرەب و دروستكردنی كەمپ و داڵدەدانیان خەرج دەكەیت و كەمترین مافی هاوڵاتیانی نیشتیمانەكەت نادەیت؟.

بۆیە بە پشتیوان سادق و سەرۆكی بە ناو حكومەتەكەی و تاقمە بازرگان و ڕانتچیەكەی نەوت و دزی دەڵێم، بەزەیتان بە خۆتاندا بێتەوە، كە بونەتە مەزەیەكی باشی فەیسبوك و ناوەندە ڕۆژنامەوانیە جیهانی و ناوچەیەكان، بەزەیتان بە خۆتاندا بێتەوە، شكست لەدوای شكست تۆماری دەكەن و عەقڵتان پێناشكێت ڕاستی بكەنەوە و ئەزمونی لێوەربگرن.

بەزەیتان بە خۆتاندا بێتەوە، كە هێندە نزم و بچوكن ئێستا منداڵانی سەرەتاییش بڕوا بە وتە و بڕیارەكانتان ناكات، بەزەیتان بە خۆتاندا بێتەوە، کە لەشکستدا دڕ و درۆزنتر بون و بە چەپ و ڕاستدا پەلامار دەدەن.

سلێمانی و خوێندكارەكانی مایەی بەزەیی نین، بەڵكو مایەی شانازی و هاندان و دەستخۆشین، كە سەر بۆ كۆمەڵێك بازرگان و چەتەی نەوتفرۆشی وەك ئێوە شۆڕ ناكات و بە هەمو دەنگی بڵندی پێتان دەڵێت، نەخێر بێدەنگ نابین...



08/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر