نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا

شادمان مەلا حەسەن

بەشی پێنجەم

ئەمە لە ئاستی رێكخستنەوەی بەرنامە و بیروبۆچوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوای كۆنگرەی چوارەم وەكو حزبێكی مۆدێرن و سەردەمیانە لە كۆڕی خەبات .دەبێ‌ یەكێتی نیشتمانی لەگەل ئەم دۆخە سەردەمیەدا خۆی یەك بخات بۆ ئەوەی بتوانێ‌ لە چوارچێوەی بەرنامەی نوێبوونەوەی خۆی هەنگاوی زیاتر بۆ پێشەوە بنێ‌ و بتوانێ‌ كۆمەلگای كوردی بخاتە ژیانێكی خۆشتر و شایستە تر . هەروەها ببێتەوە خاوەن مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی ,چونكە مەسەلەی نیشتمانی هێشتا تەواو نەبووە ,ئەركی سەرەكیش لەسەر شانی یەكێتیە ,چونكە زۆرینەی ناوچە جێ ناكۆكەكان متمانەیان هەمیشە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەخشیوە بۆ چارەسەری كێشەكەیان .

لە ئاستی نیشتمانی و نەتەوەیش یەكێتی وەك جاران مامەلەی لەگەل بزووتنەوە سیاسی و رزگاریخوازیەكانی بەشەكانی تری كوردستان لەسەر بنەمایەكی ستراتیجی نەتەوەیی و سوودی گشتی نەتەوەیی بێت, نەوەك لەسەر بنەمای ستراتیجی كەسی و حزبی و كورت خایەن . بۆ قۆناغی ئێستای باشوری كوردستان كەلە قۆناغێكی قەیراناویدایە .دەبێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان راستیەكان وەك خۆی ببینێ‌ كەوا مۆدیلی حزبایەتی پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە و ستایلە كۆنەكەی بگۆڕدرێ‌ و یەكێتی وەك بەشێك لە ئامانجەكانی كۆنگرەی چوارەم كە كۆنگرەی نوێبوونەوەیە لە پلەی یەكەم هەندێ‌ هەنگاو بە ئاراستەی چاكسازی و نوێكردنەوەی بەدەنی یەكێتی بگرێتە بەر ,كە كۆنگرە لە راسپاردەكانی خۆی ئەمەی خستۆتە كاری بەرنامەی داهاتووی یەكێتی ,ئەم هەنگاوەش دەبێت بەخێرایی لە رووی كرداریەوە رەنگ بداتەوە لەسەر رای گشتی جەماوەری یەكێتی و خەڵكی كوردستان ,ئەمەش وەك نیشاندان و دروستكردنی جیاوازی یەكێتی وەك حزبێكی خاوەن دەسەلات لە كوردستان لەگەل حزبەكانی تر . ئەم هەنگاوانەش بەم شێوەیە دەكرێ‌ جێبەجێ بكرێت.

 
1_ بە مەدەنی كردنەوەی تەواوی سەركردایەتی یەكێـتی نیشتمانی كوردستان ,واتە یەكێتی زیاتر حزبێك بێت خەباتی مەدەنیانەی خۆی زالتر بكات لەسەروی هەموو جۆرە جولەیەكی تری خەبات .

 
2_ رێكخستنەوە و نەهێشتنی جیاوازیەكی ئەوتۆ لە نێوان پاداشتی سەركردەیەك و كادیرێك ,بەشێوەیەك یەكێتی سەرچاوە دارایەكەی نەبێتە بار گرانی بۆ كۆمەلانی خەڵكی كوردستان و هەروەها نەبێتە سەرچاوەیەك بۆ دەوڵەمەند بوون و گەندەلی , دەبێ بەشێوەیەك بێت كەوا سەركردە و كادرەكانی یەكێتی جیاوازی ژیانیان هەر وەك هەموو تاكێكی كوردستان بێت و ژیانێكی شایستەبێت نەوەك زۆر لە تاكێكی ئەم كوردستانە زیاتر بێت . لەم رووە وە لە ئێستادا سەرەتای هەندێ هەنگاوی باش نراوە بۆ رێكخستنەوە و كۆنتڕۆل كردنی .

 
3_ رێكخستن و جێگیركردنی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان بە شێوەیەك لە كەمترین ژمارەدا بێت .چونكە هیچ پێویست نیە هەر حزبی و تەنانەت حوكومەتیش ژمارەیەكی زۆر پاسەوانی بەدەورەوە بێت لە كاتێكدا ئاسایشی گشتی بەرقرارە و كێشەی ئەوتۆ ئەمنی لە كوردستاندا نیە . 

 
4_ كەم كردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمۆبیلی بەرپرسانی بالای یەكێتی بۆ یەك ئۆتۆمۆبیل .چونكە بەراستی دیاردەی زۆری ئۆتۆمۆبیلی بەرپرسانی بالا ناشیرنیەكی زۆری بۆ یەكێتی هێناوە و جیاوازیەكانی یەكێتی وون كردووە .

 
5_ گرتنە بەری سیستەمی سزا و پاداشت بۆ هەموو كادیر و ئەندامانی یەكێتی وەك لە پەیڕەوەكەی جێگیركراوە .

 
6_ بەدواداچوون لە سەروەت و سامانی ئەوانەی بە هۆی یەكێتی دەولەمەند بوون و بوونەتە خالی ناشیرن و ناكۆكی یەكێتی لە ناوچەكانی خۆیان ,ئەم جۆرە كەسانە بەلاداخستنیان قازانجی زۆر زیاترە لە مانەوەیان .چونكە لە بنەڕەتدا كە هاتونەتە ناو یەكێتی ئامانجیان پارە كۆكردنەوە بووە وەك لە خەبات و تێكۆشان .

 
7_ باریك كردن و رەشیق كردنی سەرەوە لە پێناو گەیاندنی كۆمەكی زیاتر بۆ خوارەوە .واتە كەمكردنەوەی پاداشت لە نێوان سەروە و خوارەوە .نابێ‌ سەركردایەتی پاداشتێكی زۆر بكرێ‌ و كادیرێكی ماندوونەناسی خوارەوەش بە نانە زگ كاری رێكخراوەیی بكات .

 
8_ هەموو جولەیەك لەمەولا دەبێ لە چوارچێوەی یاسا و مافی شەرعی بێت .نەوەك بەكار هێنانی هەژموونی یەكێـتی بۆ دەرچوون لە كاری نایاسایی بەهەموو شێوەیەك.



18/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر