یەكێتیی راستەقینە

شادمان مەلا حەسەن

بەر لە كۆنگرەی چوارەم, یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرجار رووبەرووی ئەم پرسیار  دەبۆوە ,كەوا ئایە ئەم حزبە خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی ,هۆكاری ئەم پرسیارەش چەند جولەیەكی سیاسی بوو لە رووداوەكانی كوردستان ,وەلامی راستی ئەوپرسیارەی هەتا رادەیەك دەسەلماند ,كە گومان لەسەر بڕیاری سەربەخۆی یەكێتیی هەبوو.بەلام لە دوای بەستنی كۆنگرەی چوارەم, یەكێتیی كەوتە قۆناغێكی تر ,ئەویش قۆناغی هەڵسانەوە و چوونەوە سەر تەختی بڕیاری سەربەخۆیانەی خۆی بوو . لەهەمان كاتدا بە هەمبازێك ,چۆوە سەر راستە هێلە رەسەنەكەی خۆی ,كە ئەویش هێلی  نیشتمانی بوونیەتی ,هێلی نیشتمانی بوون ئەو هێلەیە كەوا هەمیشە ناسنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە لە بنەڕەتدا .رەوتی یەكێتی راستەقینە, هەر زوو متمانەی خۆی لە ناو هەست و سۆزی كۆمەلانی خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسیی و نیشتمانیەكانی تەواوی كوردستان و عێراق بەدەست هێنایەوە .ئەمە وایكرد هەوادارێكی یەكجار زۆر لەدەوری یەكێتیی كۆ ببێتەوە ,كۆمەڵانی خەڵك دووبارە شانازی بە یەكێتیی بوونی خۆیانەوە بكەن .

رۆژی 8ی تەمموزی ئەم ساڵ لە پڕێك كەتنێك لەترۆپكی بەدەنی  یەكێتیی نیشتمانی كوردستان روویدا . ئەم كەتنە كە هەرزوو ناویان نا یەكێتیی نوێ, واتە رەتكردنەوەی یەكێتیی راستەقینە . چونكە نەخشە رێگاكەی ئەم كەتنە لە چەند وێستگەیەكی ئەو دیو سنور و ناوەوەی سنور و بن دیواری مالی یەكێتیی نوێ كێشرابوو . عەڕابی جێبەجێكردنی نەخشەكەش هەر لەوێوە بە كۆمەلێك فەرمانی سوڵتانی ناردبوویانەوە . كاراكتەری جێبەجێكار دلنیام هەتاكو ئەم چركە ساتەش ئاگای لە تەواوی ناوەڕكی سیناریۆ و نەخشە و پیلانەكە نیە . چونكە سروشتی ئەو لەناوەوە كەسێكی سادە و دلسافە . پێچەوانەی عەڕابی گەیاندنی نەخشە و پیلانەكەیە . لەو رۆژەوە یەكێتیی نوێ بەخیتابێكی ناشازی دوور لە پەیڕە و پڕۆگرام و  پرنسیپەبنەڕەتیەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەستی پێكردووە . میدیای رەسمی یەكێتیی رۆلێكی زۆر نێگەتیفی بینی لە گەورە كردنی كێشەكەدا,بەزمانێكی دوور لە هەموو ئادابێكی گشتی و دیسپلینی حزبی كەوتە پەخشكردنی پڕوپاگەندە هەڵبەستراوەكان ,بۆ شەرعیەتدان بە كەتنەكەی 8ی تەمموز.لەبەرامبەردا رەوتی یەكێتیی راستەقینە, بە زمانێكی نەرم و سەردەمیانە و دوور لە موهاتەرات بەرگری لە سەروەری حزب و مێژووەكەی وەلامی بۆ خیتابی یەكێتیی نوێ هەیە  ,یەكێتیی راستەقینە,هەمیشە پابەند بوونی خۆی دووپات كردۆتەوە بە پەیڕەو پڕۆگرامی یەكێتی ,بەمەبەستی چارەسەر كردنی كێشەكان بە رێگا چارەی دیسپلینی حیزبی لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی . یەكێتیی نوێ پشت ئەستوور بە دارێژەرانی پیلان و نەخشەكەی 8ی تەمووز و ژمارەیەكی كەم لە ئەندام و لایەنگر,چەندین نووسراوی رەسمیان ئاراستەی رەمزی یەكێتیی راستەقینە كردووە ,كەوا لە رووی زمانەوە زۆر كرچ و كالە ,لەگەل ئەدەبیاتی رەسەنی یەكێتیی یەكناگرێتەوە ,هەروەها ناكۆكیشە لەگەل هەموو بنەماكانی دەستووری عێراق  و مافی مرۆڤ . بەلام یەكێتیی راستەقینە, پشت ئەستوور بە كەس و كاری شەهیدان وپێشمەرگە دێرینەكان و كادیر و ئەندام و جەماوەری یەكێتیی, خیتابی خۆی گەیاندووە,ئەم خیتابە نیشتمانی و نەتەوەیەیی یەكێتی راستەقینە, پەخشی كردووە ,وایكرد سنوری لایەندار و پالپشتی كردن بۆ ئەم رەوتە بچێتە دەرەوەی جەماوەری یەكێتییش . چونكە بە هەستكردنیان بە مەترسی ئەو پیلانەی لەسەر یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەیە .ئەویش تێكدانی بالانسی هێز و نەهێشتنی فەزای ئازاد و یەك رەنگكردنی سیستەمی سیاسی هەموو هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی بیروڕای جیاواز و تۆخكردنەوەی تەوریسی سیاسی .لە رۆژی 8ی تەمموزەوە هەموو جولەیەكی یەكێتیی نوێ‌,هەر لەناو كۆشكەكەی دەباشان بووە ,ناتوانێ بچێتە دەرەوەی كۆشكەكە و رووبەڕووی جەماوەری دلسۆزی یەكێتیی ببیێتەوە . بەلام یەكێتیی راستەقینە دەقە بەدەقە و سەعات بەسەعات و رۆژ بەرۆژ زیاتر پشت ئەستوور دەبێ بە جەماوەری دلسۆزی كۆمەلانی خەڵكی كوردستان .جەماوەرێك كە رەگەكەی رەنجدەرانی بیر و باز و خانەوە قوڕەكانە .

رەنگ رێژیەكەی یەكێتیە رەسەنەكەی سەردەمی مام جەلال و كاك نەوشیروانە . بەلام یەكێتیی نوێ, رۆژ بەرۆژ پشت ئەستور دەبێ بە ئالیگارشیەكان و ئەو هێز و لایەنانەی كەبەرژەوەندیان لە بچوككردنەوەی یەكێتییدا هەیە .یەكێتیی راستەقیە, ئەو رەوتەیە لە ژێر باری هیچ جۆرە فشار و چاوسوركردنەوەیەك یەكێتیی نیشتمانی كوردستان تەسلیم ناكات و بەجێیی ناهێلێ , هەمیشە پەیڕەو پڕۆگرام بە دەستوور و بنەمای چارەسەركردن و یەكلایكردنەوەی كێشەكان دەزانێ . هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتیش بە مەرجەع و بالاترین دەسەلاتی ناو یەكێتیی دەزانێ .بەرێزگرتنی بۆ ئەنجومەنی بالای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان . هەروەها پشت ئەستوور بە دلسۆزانی حزبەكەمان و كۆمەلانی خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسی و نیشتیمان پەروەرەكانی تەواوی كوردستان و عێراق ,هەموو دەرگایەك بە ئاسایی دەبینین كەوا لێیبدەین ,بۆ ئەوەی ئەم دۆخە نەخوازراوە تێپەڕێنین و زالبین بەسەر چارەسەركردنی . هەمیشە رێگا چارەی ئاشتیانە و گفتوگۆكردن بە دەست پێك و كۆتایی كاری حزبی خۆمان دەزانین .

28/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر