مۆدێلی حوکمڕانی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە خراپیدا هاوشێوەی نییە و کەچی هەربەردەوامن بۆ؟کاتیان ماوە یان تورکیاوئێران ڕایگرتوون؟
کتێبی (سقوگ الدولە البولیسیە فی تونس)، یەکێکە لە کتێبە باشەکان، کە باسی حوکمڕانی تونس و خێزانەدەسەڵاتدارەکان و گەندەڵی و بێکاری و هۆکارەکانی شۆڕش و ڕوخانی ڕژێمەکەی بن عەلی دەکات.
یەکێک لە هۆکارەکان بێکاری و دەرچووی دانەمەزراو و زۆربوونی ڕێژەی بێکاری لەناو ئەم توێژەدایە، کە خۆسوتاندنی (بوعزیزی) بوە چەخماخە و سەرەتای شۆڕش و کۆتایی ئەو ڕژێمە.
سەرنجبدەن، لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە نزیکەی ۲۸ هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و لە ۲٠۱۳وە بودجە و دامەزراندن نەماوە، ئێستا لەنێوان ۲٠٠_۳٠٠ هەزار دەرچووی دانەمەزراو هەیە، کەچی منداڵی بنەماڵە و بەرپرسان زانکۆ و کۆمپانیایان هەیە و نەوەی چوارەمیان بۆ حوکمڕانی داهاتوو ئامادەدەکەن!!!
ئەم جیاوازییە چۆن و بۆ و تاکەی؟!
لاپەڕە ۲۳٤ی کتێبەکە باسی سەروەت و سامانی بنەماڵەی بن عەلی و لەیلای هاوسەری و کوڕ و کەسە نزیکەکانی دەکات لەماوەی ۲۳ بیست و سێ ساڵی حوکمیاندا، کە بە ٥_۱٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. سەرەنجام گەلی تونس جامی ئارامییان پڕبوو، بە شۆڕش ڕژێمەکەیان گۆڕی بە مەرجێک تونس وەک ئەوروپای ئەفەریقا ئەژماردەکرا.
بەپێی زانیاری کۆمپانیا و بەرژەوەندی بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکانی کوردستان و دەستوپێوەندەکانیان و سەروەت و سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەی یەکێک یان زیاتریان زۆر لەوەی بنەماڵەی بن عەلی زیاترە، کەچی هەر بەردەوامن و ڕوقایمانە باسی کوردایەتی و بەرژەوەندی کوردستان دەکەن؟!
ئاخۆ کەس دەزانێت سەروەت و سامانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی چەندە؟ پارەکانیان لەدەرەوە چۆن خستۆتە بازرگانیەوە و کێ سەرپەرشتی دەکات؟!
ئیبرایم ئەحمەد لەکتێبی (دادگای مێژوو) لاپەڕە ۱۳٤، دەڵێت: ٬٬ساڵی ۱۹۷٥ کاتی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول جگە لەوانەی شاراوەبوون و لای بارزانی بوون، ئەوەی ئاشکرابوو شۆڕش خاوەنی ۲٠ بیست ملێۆن دۆلاربوو٬٬، ئاخۆ ئەو پارەیە چی لێهات و بۆکوێ چوو؟! جگەلە بنەماڵەی بارزانی کەسی تر وەڵامەکەی لایە؟!
ئێستا ئیتر دوای ئەم هەموو ڕەخنە و نوسین و گلەیی و گازەندەی ڕۆژانەی بەردەوامی خەڵک و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە، لە خۆمان بپرسین تاکەی ئارامی و خۆڕاگری میللەت درێژەدەکێشێت و ئەم مۆدێلە بنەماڵەییە جەردەییەی کوردستان بەردەوامدەبێت؟!
ئایا ۳٠ سی ساڵی شارو ۳٠ سی ساڵی شاخیش بەس نییە؟تائێستا نەمانناسیوون؟بەدڵنیایی بۆئەمەودواش لەمەی ئێستا خراپتردەکەن و باشتر ناکەن!
ئایا خەڵک لەم مۆدێلە ڕازییە؟ نائومێدە؟ یان چی؟
من ئەزانم ئێمەدەوڵەت نیین وهەرێمێکین وتورکیاوئێران بەڕێوەماندەبن،بەڵام ئایا لەپێناودروستبوونی ئایندەی سیاسی و ژیانی باشترو دەسەڵاتێکی نیشتمانی وخەڵکسالار کاتی ئەوەنەهاتووە لانی کەم بەشێوازی مەدەنی و هەڵبژاردن ئەم مۆدێلە جەردەسالارییە کۆتایی پێبهێنرێت؟!