چەند ڕۆژی ڕابوردوو، هاوڕێ لەگەڵ وەفدێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان سەردانی(شەنگال)مانكرد و لە نزیكەوە بەشێكی سەرزەمینی ئێزدیانمان تەیكرد، بەداخەوە بەشێكیان لە خاكی خۆیاندا ئاوارەن و لەژێرچادردان.
ئەوان ئێستا دوای كاولكاری داعش خەریكی هەستانەوە و بنیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەیانن، بەڵام پیلانی ناوخۆیی و ناوچەیی و بێدەنگی جیهان لێناگەڕێن و كاردەكەن بۆئەوەی وێرانەخاك بەردەوامبێت و لە بری ئاوازی بەردەوامی ژیان ترس و مەرگ میوانیانبێت و لەگەڵیانبێت.
ئێزدییەكان لە مێژودا ۷٤حەفتاوچوار فەرمانیان لەسەر جێبەجێكراوە، هەر كەس هاتوە بەهانەیەكی بۆ پەلاماردانیان دۆزیوەتەوە، هەر میر و پاشاو والی و تاریكییەك هاتبێت ئەمان پشكیان لە وێرانكاریدا بەركەوتوە.
بەم شێوەیە هەموو بستێك و شوێنێكی شەنگال چیرۆكی خۆی هەیە و هەریەكەو چیرۆكی خۆی وخێزان ونزیكەكانی دەگێڕێتەوە، بەڵام زامی چیرۆكی فەرمانی ۲٠۱٤ لەسەر دەستی داعش و بەتەنیا جێهشتنیان لەلایەن ئەو هێزە كوردییانەی لە شەنگال بوون و بە بەرچاوی جیهانەوە بێ بەرگری شارەكەیان جێهێشتوە و ئێزدییەكانیان لەبەردەم ئەوپەڕی دڕندەیی داعشدا بەجێهێشتوە، ئەمە زامێكی قوڵی لە نەست و یادەواریاندا تا ئەندازەی ڕقبونەوە دروستكردوە. وەك خۆیان لەكاتی دانیشتمان لەگەڵ ئەنجومەنی عەشایری ئێزدیان وتیان: "۱۲دوازدە هەزار پێشمەرگەی پارتی بەرگرییان نەكرد، بەڵام ۱۲ دوازدە گەریلا هاتن و بەرگرییانكرد و ئێمەیان پاراست و ئێمە لەیەك دڵۆپەخوێنی خۆمان خۆشنابین و ئیدی ئێمە مادام هەر تەنیایین خۆمان خۆمان بەڕێوەدەبەین".
ئێستا شەنگال و خانەسور و سنونێ و ناوچەكانی تر خەریكی سەرلەنوێ بنیادنانەوە و دەستپێكردنەوەی ژیانن، بەڵام كێشە و گرفتی زۆریان هەیە و لە نێوان هەرێم و بەغدا بونەتە قوربانی و ئەوەی خۆشیان بونیادیدەنێنەوە توركیا بەدرۆنەكانی كاولیدەكاتەوە، واتە توركیا خراپتر لە داعش لێیدەدات، وەك دایكی شەهید مەروان وتی: "ئەگەر بێدەنگی ئەمەریكا و عێراق و هەرێم نەبێت توركیا چۆن دەتوانێت وابكات".
ئێزدییەكان بەهێواشی و لە پەنهانیدا لەبەردەم توانەوەدان چونكە:
۱_ شەنگال پێش ساڵی ۲٠۱٤، نزیكەی ٥٠٠ هەزار كەسی تێدابوە ئێستا هەر ۱٠٠ هەزارێك لەوێن، ئەوانیش لە ژیانێكی سەختی كەمی خزمەتگوزاری و شوێنی ژیان و خوێندنگا و ......
۲_ بەشێكی زۆری ئێزدییەكان لە كەمپەكاندان و ڕێگری لەگەڕانەوەیان دەكرێت و ژماریەكیشیان (وەك حاڵەت خۆیانكوشتوە).
۳_ بەشێكی زۆریان نزیكەی ۲٠٠ هەزاریان بەنیازن یان بۆ وڵاتانی ئەوروپا سەریانهەڵگرتوە.
٤_تایبەت بەگەڕاندنەوەی تەواوی ئێزدییەكان و سەرلەنوێ بنیادنانەوەو تەرخانكردنی بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدان بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی بەغدا و هەرێمە ئەم كارەبكەن.
٥_ كاتی خۆشی بەعس بەپلان بەشێكی زۆری كانییەكانی سەرچیای شەنگالی بەهۆی ئەوەی قیری تێكردون وشككردوە، كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی شەنگالن.
شەنگال قەزایەكی تەنیا پێشترلەبەردەم دڕندەیی داعش و ئێستاش لەبەردەم درۆنەكانی توركیادابۆیە لەهەموو كات زیاتر پێویستیان بە دەستی ئاوەدانی و خەمخۆرییە ئەمەش ئەركی ڕاستەوخۆی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقە، نەكردنی و ڕێگری دروستكردن لەگەڕانەوەی خەڵكەكەی و ئاوەدانكردنەوەی مانا و مەغزای تری هەیە!