مل .. ھەڵکێشان!

ئاشتی عەبدولآ

بەپێی دروشمەکان بێت ئێمە لەسەردەمی دیموکراسی و نوێبوونەوەداین، ساڵ ساڵی ٢٠١٨ یەو جگە لەوەی سۆسیال دیموکراتین، ئەی خێرە لەدوای ھەرەشەی مل ھەڵکێشان لەبەردەم مایکەکانەوە کەسێک لەم حزبەماندا ناڕەزایی دەرنەبڕی و بڵێ سەردەمی عەنتەریات و زمانی چەک و چەقۆ بەسەرچوو !!
بەڕیشی دیموکراسی و نوێگەراییەکەمان رەوایە ھەرکات قسەیەک کرا، نووسینێک نوسراو بەدڵی پاڵەوانی قەڵەم شکێن وچەک بەدەست نەبوو، ھەڕەشەی مل ھەڵکێشان بەڕۆژی رووناک لەبەردەم مایکەکانەوە بانگەوازی بۆبکرێت!!
جا ئەم جۆرە لەزمانی ھەرەشە بەرامبەر کەسێکی وەک شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بێت و بەقەولی ھەرەشەچیەکان خاتریشی گیراوە کەخوشکی خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدە و لەبەر خاتری خوا لێ خۆشبووان مام جەلال و ئیبراھیم ئەحمەد، کەوایە بێ پشتوپەناکان ھەرکات نووسینەکان وقسەکانیان بەپێوەری ئەوان نەبوو، ئەوا بێ و سێ دوو ملیان ھەڵئەکێشرێت!
جا مل ھەڵکێشان مەرج نیە ھەرچەقۆ لەملت بدرێ، ئەکرێت چەقۆکانیان کەرامەتی ئینسانیەت سەربڕێ  و فیشکە ستۆکەکەنیان رۆحیان تیرۆر بکات.
ئەمەوێت بەحزبەکەم بڵێم لەقاعیدەوە تا قیادەکان، واز لەوە بێنن کەبۆچوونتان جیاوازە و ناکۆکن لەگەڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ، با ئەسڵی باسەکەو ترسناکیی ئەم جۆرە خیتابانە راتان گرێ، ئێوە لەلایەک و لەلایەکی تریش  کوان قەڵەمە ئازاکانمان و ژنانی حزبەکەمان و بگرە رۆشنبیران و نووسەرانی دەرەوەی حزبیش؟ چۆن زمانی ھەرەشەو سەڕبرین با بەخاترانەشەوە بێت، بەرامبەر  ژنە نووسەرێک رای نەگرتن؟
لەکۆتاییدا بەدەرلەھاوسەنگەریمان و لەدایک و کچ بوونمان، وەکو رۆژنامەنووسێک  و ژنێک ، بەترسنۆکیی ئەزانم کە بێ دەنگبم لەئاست خیتابی لەوجۆرە و لەو ئاستە.
ئاشتی عەبدوڵا

28/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر