ئاساییکردنەوە (تطبیع) ی هەولێر

رابون مەعروف
 روداوەکەی دوانزەی ئۆکتۆبەر جارێکیتر ئەو راستیەی جێگیر کردەوە کە هەمو پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هەرێم لەسەر هێڵێکی خوارە و هەوڵەکانی چاکسازی و رێکخستنەوەی سیستەمی سیاسی روی لە کۆڵانێکی داخراوە. دوای دوانزەی ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردن و رێکەوتنەکان بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە حوکمڕانی هەرێم رێکاری سیزیفین، کە بەبێ گۆڕینی سروشت و ململانێی سیاسی، بە گەڕانەوە بۆ خاڵ و چوارگۆشەی یەکەم کۆتاییان دێت. 

دوای دوانزەی ئۆکتۆبەر، ناکرێت باسی هەرێم وەك یەکەیەکی یەکدەست و یەکگرتو بکەین. ناکرێت ئیتر باسی هەرێمێك بکەین کە بە یەك ستراتیجی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەڕیوە دەچێت. دوانزەی ئۆکتۆبەر پەردەی لەسەر ئەو راستیە هەڵماڵی کە یەکەمین لێکەوتەی جەنگی ناوخۆ؛ دابەشبونی هەرێم بۆ دو ناوچەی نفوز و حوکمڕانی، وەكخۆی ماوە و هەمو هەوڵەکانی دوای رێکەوتنی واشینگتۆن بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هەرێم بێبەرهەم بوە. هەنگاوێك زیاتر، هەر لە بنەڕەتەوە رێکار و هەوڵەکان لەسەر رێچکە و هێڵێکی راست و دروست نەبون، بۆیە دوای نزیکەی بیست ساڵ، پرۆسەی سیاسی لە شوێنی خۆی چەقیبەستوە.

روداوەکەی دوانزەی ئۆکتۆبەر بۆیە رویدا، چونکە دەزگا و دامەزراوە نیشتیمانیەکان لە هەولێری پایتەخت شکڵی و بێناوەڕۆکن. دوای جەنگی ناوخۆ، دەسەڵاتی راستەقینە لە پایتەخت لای دەزگا و ناوەندەکانی بڕیارە لە پارتی دیموکرات، نەك دامەزراوە فەرمی و شەرعیەکان. بۆیە لەم هەلومەرج و دۆخەدا، پەرلەمان و حکومەت و هەمو دامەزراوە نیشتیمانیەکان لە پایتەخت لای پارتی بارمتەن. ئەمەش یانی، لەگەڵ هەر توندبونەوەیەکی ململانێ و کێشمەکیشە سیاسیەکان، ئەو دامەزراوانە لەژێر هەڕەشەی ئیفلیجکردن و پەکخستندان.

ئەنجامگیری هەمو پرۆسەی سیاسی دوای رێکەوتنی واشینگتۆن ئەمەیە؛ تا بارودۆخی هەولێر ئاسایی نەکرێتەوە و هەژمونی هیزە چەکدار و ئەمنیەکانی حیزب لە هەولێری پایتەخت کۆتایی نەیات؛ تا هەولێر بە کردەوە نەکرێتە پایتەختی هەموان، هیچ پرۆسەیەکی یەکگرتنەوەی هەرێم و بنیاتنانی دەزگا و دامەزراوە نیشتیمانیەکان سەرکەوتو نابێت.

ئەگەر ویستێکی راستەقینە هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە کاریگەریەکانی جەنگی ناوخۆ و کردنی هەرێم بە یەکەیەکی یەکگرتوی سیاسی ئەوتۆ کە لە سایەی یەك ستراتیجی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەڕێوە بچێت و دەوڵەتێك بنیاتبنێین کە ئامرازی ئاسایش و جێگیری و دادپەروەری و ئازادی بێت بۆ گەلی کوردستان، پێویستە یەکەم هەنگاو بارودۆخی هەولێر ئاسایی بکرێتەوە و کاریگەریەکانی جەنگی ناوخۆ لە پایتەخت کۆتایی بێت. 


12/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر