ئیمزا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان!

رابون مەعروف


لەراستیدا لەبنەڕەتەوە، ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان، بیناکردنی ئاگۆرایەك نەبو بۆ دیبەیت و گفتوگۆکردنی کێشە و گرفتی پەبلیک و ئینجا یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەت و بڕیاردان بە ئاراستەی چاکەی گشتی، بەڵکو دامەزراندنی دەزگایەكبو بۆ شەرعیەتدان بە رێکەوتن و بەرژەوەندی گروپە دەسەڵاتدارە تازە دەرکەوتوەکان. بۆیە، هەر لەسەرەتاوە فیگەرە سیاسیە بەهێزەکان ئامادەنەبون ببنە ئەندامی پەرلەمان. لێرەوە، هەر لە دامەزراندنیەوە، هەرگیز پەرلەمانی کوردستان نەبو بە هەیبەت و شکۆیەک کە هەموان ناچاربن شەرمی لێبکەن و رێزی لێبگرن.

بەدرێژایی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم، نەك هەر ئەجێندایەکی جدی و رۆشن نەبوە بۆ پێکهێنانی پەرلەمانێکی بەهێز و خاوەن قسە، بەڵکو سوك و رسواکردنی پەرلەمان بەشێكی گرنگی ئەجێندای گروپە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمە. پەلامار و شاڵاو بۆسەر هەیبەتی پەرلەمان دۆخێکی خستەوە کە نەك پەرلەمان کەوت و شکا، بەڵکو، بە نیگەرانیەوە، رایگشتی چێژ لە زەلیلکردنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران وەردەگرن. دواجار، شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پەکخستنی لە کودەتاکەی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو گەیشتە لوتکە.

ئێستا بەشێك لە پەرلەمانتاران، لە فراکسیۆنە جیاجیاکان، لە دەرچەیەك دەگەڕێن بۆ راستکردنەوەی پەرلەمان، هەرچەندە پێناچێت دیدەگایەکی رۆشن هەبێت سەبارەت بە باکگراوند و فاکتەرەکانی پاسیڤکردنی پەرلەمان و چۆنێتی گێڕانەوەی شکۆ شکاوەکەی. پاڕانەوە و مانگرتن شکۆی پەرلەمان ناگێڕێتەوە و بەپێچەوانەوە جوڵەی ئەوتۆ بەشداری دەکات لە زەلیلترکردنی. پەرلەمان و پەرلەمانتاران نابێت ئیمزا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان بکەن، بەڵکو دەبێت هێز و هەیبەتی پەرلەمان بسەپێنن و هەموان ناچار بکەن رێزی لێبگرن.

ئێستا پارتی بە ئاشکرا و بە رۆژی روناك پەرلەمانی پەكخستوە. پارتی نەك هەر نکوڵی لەو راستیە ناکات، بەڵکو بەڕاشکاوی هەمان هەڵوێست پێشدەخات. پەرلەمانتاران کە ئەو راستیە دەزانن، حەق و رەوا نیە بەگوێرەی ئەو فاکتە هەڵوێست وەرنەگرن. هەولێری پایتەخت و باڵەخانەی پەرلەمان لەژێر هەژمونی چەکداری پارتی دیموکراتە و بە هێزی چەکداریش، نەك بە یاسا، پەرلەمانی پەكخستوە. کەواتە؛
پەرلەمانتاران با یاداشت ئیمزا نەکەن، بەڵکو با فراکسیۆنەکانیان پەیامێکی ئاشكرا و راشکاو بۆ پارتی بنێرن کە ئەگەر پارتی رێگە بە کۆبونەوەی پەرلەمان لە هەولێر نەدات، ئەوا (ارچ اللە واسعە) و ئامادەکاری بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە دەرەوەی ناوچەکانی نفوزی پارتی دەکەن. پارتی لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی جدی و راشکاوە و راستکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیش تەنها بە جوڵە و هەڵوێستێك بەدیدێت کە هاوتای راشکاوی و پێداگیری پارتی بێت.



12/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر