وێستگەی یەکەم:
کاتێك کاك نەوشیروان لە چاککاری ریشەیی و پێویست لە ناو یەکێتی نیشتیمانی نائومێد دەبێت، یەکێتی جێدەھێڵێت و بە ئامانجی تێپەڕاندنی ململانێی مەلایی/ جەلالی و کردنەوەی دەرگا بەڕوی پارادایمێکیتری سیاسی و تێکۆشان بۆ دیموکراتیزەکردنی ھەرێم، لەگەڵ ھاوڕێ و پشتیوانەکانیدا بزوتنەوەی گۆڕان دادەمەزرێنێت!
ھەڵبەت، کاتێك بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت، پڕۆژەیەك ھەبو بۆ دیموکراتیزەکردنی عێراق، بە کوردستانیشەوە. لەگەڵ شکستی پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی عێراق، دیموکراسی لە کوردستانیش پاشەکشە دەکات و پارتی و یەکێتی وەك دو ھێزی دەسەڵاتدار و شەریك رێگری دەکەن لە ھەر ھەوڵێك بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی ھەڵبژاردنی ئازادەوە. بەوجۆرە ھەوڵە مەدەنی و دیموکراتییەکانی گۆڕان بۆ چاککاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی ھەرێم ، سەرەڕای خاڵە گەش و پۆزەتیڤەکانی ئەزمونی قۆناغی یەکەمی
گۆڕان وەك ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن، ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت!
وێستگەی دوەم:
لە ئەزمونی ئۆپۆزیسیۆنەوە، گۆڕان دەچێتە سەر تاقیکردنەوەی شێوازێکیتری تێکۆشان بۆ چاککاری دیموکراتی; لە رێگەی بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی! ھەربۆیە دروشمی سەرەکی گۆڕان لە ھەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان (بەرەو دەسەڵات) دەبێت!
لە پێناوی سەرخستنی ئەو قۆناغە، شەخسی کاك نەوشیروان ئامادەکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات! ھەوڵدەدات پەیوەندیەکانی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکرات ھێور بکاتەوە و کۆمەڵگای کوردستان ئامادە دەکات بۆ قۆناغێکی سیاسی ھێمن! بەڵام وەك دواتر دەرکەوت، پارتی ھیچ بەرنامە و ئەجێندایەکی بۆ چاککاری دیموکراتی و بەشکردنی راستەقینەی دەسەڵات نەبو!
بە داخستن و پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دوا بزماری لە تابوتی ئەو قۆناغەدا و ھیچ ئومێدێکی راستەقینەی بۆ چاککاری ریشەیی لە ناوەوەی دەسەڵات و بە ھاوبەشی نەھێشتەوە!
وێستگەی سێھەم:
کاك نەوشیروان و و گۆڕان لە بەڵێنەکانی پارتی و کاك مەسعود بۆ ھاوبەشێتی راستەقینە و چاککاری دیموکراتی نائومێد دەبن! ھەژمونی پارتی و ئەجێنداکانی بۆ مۆنۆپۆلی دەسەڵات و بێباکی
سەرۆکایەتیەکەی بۆ پێکەوەژیانی سیاسی، رێگە بۆ رێکەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی دەکەنەوە. ئامانجی یەکەمی رێکەوتنەکە گێڕانەوەی جۆرێك ھاوسەنگی سیاسییە لە ھەرێم کە چاککاری سیاسی و ئابوری و قانونی لە سیستەمی سیاسی ھەرێم بسەپێنێت و بیکات بە ناچاری.
پارتی دیموکرات خێرا دژایەتی توندی بۆ رێکەوتنەکە راگەیاند و پلانەکانی لەباربردنی رێکەوتنەکە و ئامانجەکانی خرانە گەڕ. ھەڵبەت چەند ناوەندێکی بەھێز لە ناو یەکێتی، ھەم رێکەوتنەکەیان بۆ ئامانجیتر دەویست و ھەم بەقەت پارتی دژی رێکەوتنەکە بون.
رێکەوتنەکە ھیچی لێ سەوز نەبو!
وێستگەی پیاچونەوە: پرسیارە پشتگوێخراوەکەی کاك نەوشیروان!
کاك نەوشیروان بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی دەچێتە لەندەن! دوای دیقەت و تێڕامان لە ھەمو پرۆسەکە، حەز دەکات پەیامێکی ئاگادار کردنەوە ھەم بۆ کۆمەڵگای کوردستان و ھەم بۆ لایەنگران و ھەڵسوڕاوانی گۆڕان بنێرێت! کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنەکانی گۆڕان لە بەریتانیا دەکاتە فرسەت و لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا، رایدەگەیەنێت کە ; خەباتی پەرلەمانی لە کوردستانی عێراق لە ژێر پرسیارێکی قورس دایە!
بانگەوازەکەی کاك نەوشیروان، سەبارەت بە تەنگژە و قەیرانی خەباتی پەڕلەمانی، بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگا، بە تایبەتی ھەڵسوڕاوانی گۆڕانە بۆ پیاچونەوەیەکی ھەمەلایەن و فراوان بە قۆناغە سیاسیە جیا جیاکانی بزونەوەکە و گەڕان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارە; ئێستا کە خەباتی پەڕلەمانی لە کوردستانی عێراق لە تەنگژەیەکی راستەقینەدایە، ئایا چی رێگە و ئامرازێکیتر تاقیبکەینەوە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی وڵاتەکەمان؟
ئەو پرسیارە جدیەی کاك نەوشیروان، نە کۆنفرانسێکی بۆ گیرا و نە دیبەیتێکی
ھەمەلایەنی خستەوە!
ئێستا کوردستانی عێراق لە ھەمان قەیران و تەنگژەدایە، پرسیارەکەی کاك نەوشیروانیش لە جێی خۆیەتی!