نەشیروان مستەفا؛ لەنێوان رەخنەگرتن و پیاھەڵدانا

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا

یەکێک لەو رەخنانەی لەدوو دەیەی رابردوو لە ھێزە باڵادەستەکان ئەگیرا؛خوڵقاندنی ئەو دۆخە "کۆرییاییە"بوو کە خەڵکانێک چۆن لەپێناو دەستخستنی ژیان و نان و پلەو پۆستدا بەشان و باڵی سەرکردەکانی ئەو ھێزانەدا ھەڵدەدەن و کوێرانە خەریکی تەقدیسکرنیانن.

 
بەداخەوە لە ئێستادا ئەم دۆخە خەریکە باڵەکێشێ بەسەر بزوتنەوەی گۆڕانیشدا.بەشێک لەو خەڵکانەی خۆیان بە گۆڕان دەزانن لەسەر ھەمان ریتم خەریکی  رەوایەتیدانن بەو کەلتورە.


نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی گەورەو کاریگەری ئەم گەلەبوو،ئەمە شتێکە ھەموان دیزانن،بە یارو نەیاریشەوە.بەس ئەوەی نازانرێت ئەوەیە کە وێنەی ئەو زاتەو ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسایەی ئەو کەسانەوە بەرەو چ لێڵیی عاقیبەتێ ئەچێ؟!

 
بزوتنەوەی گۆڕان خۆی لە مناڵدانی رەخنەو ناڕەزایەتیەوە لەدایکبوە.بۆیە ئەوانەی لەئێستادا خەریکی پیاھەڵدان و تەقدیسکردنن و خۆیان کردۆتە پاڵەوانی بەرگریکردن لەگۆڕان و بەو پاساوەش پەلاماری ھەموو ئەوانە ئەدەن کە رەخنەیەک یان بۆ چونێکی جیاوازیان ھەیە،لە ھەموو کەس زیاتر ھەڕەشەن لەسەر گۆڕان و وێنەی نەوشیروان مستەفایەک کە وەک سەرکردەیەکی خاکەڕا قەت لەگەڵ پەسن و پیاھەڵدانا نەبوە.


ئەوان بەرگری لەو بەھاو ئامانجانە ناکەن کە گۆڕانی لەسەر دامەزراوە،بەڵکو بەرگری لەو دۆخ  و واقعەی ئێستای گۆڕان دەکەن کە پێچەوانەی رابردوویەتی و لەیەکچووی ھەموو خەسڵەتەکانی ھێزە باڵەدەستەکانە.


ئەوانە کاریان بەوەوە نیە ئاخۆ گۆڕان بەرنامەی چییە،ھێزێکی تا چەند جیاوازە لە ھێزە تەقلیدی و  بنەماڵەییەکان،چی ئەکاو چی ناکات،بەڵکو کاریان بەوەیە گۆڕان چیان بۆدەکات و چیان پێ ئەبەخشێ.


لە رابدووشدا ئەو وەختەی کاک نەوشیروان خۆشی لەژیاندا بوو ئەو جۆرە کەسانە زۆربوون کە خۆیان کردبۆوە پاڵەوانی پارستنی بزوتنەوەکەو بێ ھیچ وشیاریەک پیاندا ھەڵدەداو لەدەوری کوڕەکانی ئەگەڕان،کەچی بەتێپەڕبوونی زەمەن وەک شێخی سەنعان لەدین وەرگەڕان،ھەندێکیان سەنگەریان گواستەوە و ھەندێکیشیان تێربوون و تاقەتیان نەماو ھەندێکی تریشیان بەھۆی وەلانان و پێنەدانی دەستکەوت و پۆستەوە عاجزبوون و خۆیان خزاندە بەرەی رەخنەگرانی گۆڕان!

 
لە داھاتوشدا دەبینن بەشێک لەوانەی ئێستاش بە پاساوێکی درۆینەوە لە گردکە غلدەبنەوەو دروشمێکی بریقدار دەئاڵێنن لە خۆیان خۆیان ھەڵدەواسن بە بەرەی رەخنەگرانی گۆڕان.

 
یاخود لەبەر ئەوەی ھەر لەسەرەتاوە ئەمانە ئەھلی کێبڕکێی مۆدیرن نەبون و لە ئەھمێتی رەخنە تێنەگەیشتوون پەرچەکدارانە دەیگەیننە دژایەتی و تەخوینی گۆڕان و تەنانەت خودی کاک نەوشیروانیش!


*مەبەست لە دۆخی کۆریایی،مەبەستە لە دۆخی خەڵکی کۆریای باکور


ھەژیر کمال


16/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر