aso
سه‌رم سوڕما
مەریوان سەلاح حیلمی

ئه‌وه‌نده‌ به‌رزو بڵنده‌ ئاشیانی عیزه‌تی نه‌فسم
به‌عاری تێده‌گه‌م ژینم له‌ ژێر ته‌ئسیری ئه‌فلاكا  (حیلمی)

لیستی ناوی دوو هه‌زارو دووسه‌دو چل و چوار له‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌ نووس و هونه‌رمه‌ندو شاعیر و مامۆستای زانكۆ بۆ پشتگیری و مانه‌وه‌ی مه‌سعود به‌رزانی بۆ دوو ساڵی تر توشی سه‌رسوڕمان و شۆكی كردم، به‌وه‌نا كه‌ من دژی مه‌سعود بارزانیم، به‌ڵكو به‌وه‌ی كه‌ئه‌مه‌ ئیشی رۆشنبیران نیه‌ ته‌داخول له‌ كارێكدا بكه‌ن كه‌ نایاساییه‌، دیاره‌ كه‌ مانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌ر یاسایی بوایه‌ پێویستی نه‌ده‌كرد خه‌ڵكی ئیمزای بۆ كۆبكه‌نه‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی ئیمزایان كردووه‌ بۆ چه‌ند گروپێك دابه‌شده‌بن:
 یه‌كه‌میان: ئه‌و كه‌سانه‌ن به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان سوودمه‌ندبوون له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان.
 دووه‌میان:به‌شێكیشیان له‌ترسان ئیمزایان كردووه.‌
 سێیه‌میان: كادیرولایه‌نگری حیزبن له‌نه‌وه‌ی نوێ.
 چواره‌میان: ئه‌گه‌ر شمولی ئه‌و سێ خاڵه‌ نه‌كه‌ن ئه‌وا به‌ته‌مان شتێكیان له‌ پارتی ده‌ستده‌كه‌وێت.
 پێنجه‌میان: كه‌سانی پاك و به‌ بیروباوه‌ڕن و له‌ مێژه‌ پارتین له‌نه‌وه‌ی دێرین و چاویان له‌سوود نیه، یان كاتی خۆی بۆ سوود دوای پارتی نه‌كه‌وتوون.  
شه‌شه‌میان: كه‌سانی به‌ئه‌زمونن له‌بواری ژیان به‌ گشتی و نوسین و سیاسه‌ت به‌ تایبه‌تی، بڕوایان وایه و وای لێكده‌ده‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌دا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆك نه‌بێت ئه‌وا ئاكامه‌كه‌ی باش نابێت‌.
 حه‌وته‌میان: وه‌كو مه‌حمود ره‌زا له‌نوسینێكدا رایگه‌یاند كه‌ (جه‌مال عه‌بدول و حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم) ئه‌و ئیمزایانه‌ی كه‌ كردوویانه‌ بۆ ئه‌و نوسینه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئازاد عه‌بدولواحید و حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی خستوویه‌تیه‌ به‌رده‌میان، كه‌واته‌ خاڵی حه‌وته‌م بریتییه‌ له‌ فێڵكردن له‌هه‌ندێك نووسه‌رو رۆشنبیر.
 چوار جۆری یه‌كه‌م جێگای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌خنه‌باران بكرێن، وه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆرینه‌ی لیسته‌كه‌ پێك ده‌هێنن و په‌روه‌رده‌ی رۆژگاری به‌عسن، له‌سه‌رده‌می به‌عسدا و به‌عسیش ده‌یتوانی بێ گرفت هه‌زاران رۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندو رۆژنامه‌نووس له‌چركه‌یه‌كدا له‌خۆی كۆبكاته‌وه‌، یه‌كێك له‌ گرفته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆشنبیری كورد وه‌ها چۆته‌ مێشكیه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م ناودار بێت و دووه‌میان كه‌سایه‌تی به‌هێزی هه‌بێت و سێیه‌میان خۆش بژی و سودمه‌ند بێت و جگه‌ له‌ خۆی خه‌ڵكی تریش بحه‌سێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر بوون به‌ رۆشنبیر ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و پاراستنی  به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و شه‌هید بوونی (جه‌مال عیرفان و ئه‌حمه‌د موختارجاف) له‌رابردووداو  له‌ ئێستادا (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی) لێبكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بوو رۆشنبیرمان وه‌كو هه‌موو شته‌كانی تر له‌ده‌ره‌وه‌ بهێنایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شیكردنه‌وه‌و راڤه‌و ره‌خنه‌كان بنووسنه‌وه‌. ‌  
ئه‌وه‌ی جێگای ره‌خنه‌ی تونده‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هاوینی 2015دا هه‌رێمی كوردستان به‌ناخۆشترین ژیاندا تێپه‌ڕی كه‌چی ئه‌مانه‌ په‌یتا په‌یتا كۆبوونه‌وه‌ی حیزبییان سازده‌كرد نه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی یه‌ك كه‌س، ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پێناوی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئاماده‌یه‌ چۆن ئاوه‌ها به‌گوڕوتین سه‌ردانی حیزبه‌كان ده‌كات، ئایا ئاماده‌یه‌ ئاوه‌ها به‌گوڕوتین دوای كێشه‌كانی خه‌ڵك بكه‌وێت؟
 
به‌كورتی: 1ـ له‌كوردستاندا هیچ كه‌س ( نه‌سه‌رۆكی ناچارییه‌ نه‌ سه‌رۆكی كاتی پێویست)ئه‌زمونی نه‌خۆشكه‌وتنی مامجه‌لال و دوركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان ئه‌وه‌ی پێوتین كه‌ كورد به‌ بێ سه‌ركرده‌كانی نه‌وه‌ی دێرین نه‌ گورگ ئه‌یخواو نه‌هیچ.
2ـ ئه‌وانه‌ی كه‌ رازین كه‌ مانه‌وه‌ی هه‌رێم به‌م دۆخه‌ پڕقه‌یرانه‌، واته‌ رازیشن به مانه‌وه‌ی ‌سیستمی گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستاندا.
3ـ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئیمزا بۆ یه‌ك كه‌س كۆده‌كه‌نه‌وه‌ با هاوكاتیش ئیمزا بۆ ژیانی خه‌ڵك و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك كۆبكه‌نه‌وه‌و روو بكه‌نه‌ ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ته‌وێڵه‌و بیاره‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مه‌ریكا باره‌گایان هه‌یه‌ و به‌ده‌یان و سه‌دان كه‌ناڵی بێكه‌ڵكی سه‌ته‌لایت و رادیۆو رۆژنامه و سایت ‌و راگه‌یاندنی جۆراوجۆریان هه‌یه‌ و پرسیار بكه‌ن به‌پاره‌ی كێ و چۆن ئه‌م باره‌گاو له‌شكره‌ ئیعلامیه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن؟ ئه‌ی بۆچی له‌ ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكان دا به‌شه‌ره‌شه‌ق رادیۆیه‌كتان بۆ به‌ڕێوه ‌نه‌ده‌برا؟   
4ـ من جه‌ند جارێكی تر وتومه‌و ده‌یڵێمه‌وه‌ زۆرینه‌ی رۆشنبیرانی كورد خراپترین و بێكه‌ڵكترین رۆشنبیرن به‌به‌راورد به‌جیهان، هه‌میشه‌ شه‌ڕی ناوخۆ به‌قسه‌و وتاری رۆشنبیران ده‌ستی پێكردووه، ئه‌گه‌ر رۆشنبیرانی ئه‌مڕۆ بگه‌شتنایه‌ به‌ تۆزی پێی (قانع و فایه‌ق بێكه‌س و گۆران و پیره‌مێرد... ) هه‌رگیز دۆخی كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوو كه‌هه‌یه‌ و به‌رده‌وام گه‌نجه‌كانی به‌جێی دێڵن،من  كه‌ له‌ ناونیشاندا وتومه‌ سه‌رم سوڕما وه‌مزانی ده‌رسیان له‌ رابردوو وه‌رگرتووه‌، به‌كورتی عه‌یبه‌ بۆ رۆشنبیر به‌ به‌رماوه‌یه‌ك رازی بێت له‌ پێناوی به‌ هه‌ژاركردنی خه‌ڵك و مانه‌وه‌ی  سوڵتانێك.  ‌
6/8/2015
:04:58:07.08.2015
زیاتر ...
خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ بایكۆت وخۆپیشاندانی مامۆستایان
زۆر عه‌یبه
دروشمی خۆپیشاندانه‌كانی مامۆستایانی سلێمانی 2016
ده‌بوو به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ چی گوتبا؟
بڕینی ئینته‌رنێت كاریگه‌ری نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی قۆپیه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان
چی بكرێت بۆ باشتركردنی سیسته‌می ئه‌زمونه‌كان؟
سه‌رم سوڕما
پرۆژەیەك بۆ گۆڕینی كاری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و پسپۆڕی
بۆ كۆنگرەی پەروەردەیی هۆكارەكانی پشتەوەی تاقیكردنەوەكان بە هەڵبژاردن