کێ هوها دەکێشێت؟

کامەران سوبحان
ئەو گەنجانەی کە لە شەقامێکی شاردا(هوها)لە خانمان دەکەن کە جلوبەرگی نیمچە ڕووت دەپۆشن، ئەو گەنجانە کادیری حیزبە ئیسلامییەکان نین، گەنجە خوێندەوارەکانیش نین، ئەوانەش نین کە دانەمەزرێنراون، ئەو گەنجانەی (هوها) لە خانمان و لە زۆر دیاردەی تریش دەکیشن، ئەو گەنجە(چەپێنراو-کەپت)انەن، کە هەمو دونیا لە غەریزە سێکسییەکانیانەوە دەبینن.

ئەم قسەیەشم بێ بەڵگە نییە و چەندین جاری تریش خۆم بینیوومە گەنجی چەپێنراو بە حاڵەتی نەستییانە دەستدرێژییان بۆ ئازادیی خانمان بردووە و هەندێجاریش دیاردەی زۆر ئاسایی هەبووە (هوها)ی بۆ کێشراوە.

گەنجە چەپێنراوەکانی ئێمە لەگەنجە چالاکوان و گەنجە سیاسییەکانیشمان زۆرترن، ئەوان بۆمبێکی ئامادەن لە هەر چرکەیەکدا گڕی ئارەزووی سێکییان بجوڵێت ئازادی بەرامبەریان دەبەزێنن لە پێناو تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیاندا، بۆیە پێش ئەوەی ئەم دیاردەیە هەر خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێت، دەبێت چاو بە سیستەمی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیماندا بخشێنینەوە و لەو ڕەهەندەوە ئەم نەخۆشییە چارەسەر بکرێت هەر بۆیە نابێت (هوها)لەمە زیاتر هیچ بەرگێکی تری بکرێت بەبەرداو خوێندنەوەی ئایدۆلۆژی و سیاسی بۆ بکرێت.!

بەڵام بەداخەوە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێ لە سایتە ئەلیکترۆنییەکان لەپەنای دیواری ئەم ڕوداوەدا، دەیان خوێندنەوەی لاواز و ڕووکەشی بۆ(هوها)کان کرا.!

 سەیرە بنوسێکی کورد وێنای دیاردەکە بەوە بکات کە ئەمە(تارمایی داعش)ە لە سلێمانی.! لەڕووی کۆمەڵایەتی و جوگرافییەوە سلێمانی لەدوای زۆر شوێنی ترەوەیە بۆ گەشەکردنی هزری داعش و توندوتیژی ئاینی، ئەم خوێندنەوەیە لە بری ئەوەی لێدان بێت لەگەشەکردنی هزری داعش و ئیسلامی توندڕەو، هاندانیانە بۆ توندوتیژیی زیاتر. ئەگەر لەڕابردوودا بەشێک لە کارەکتەرەکانی(ئیسلامی توندڕەو) ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبونەوەی پۆشینی جلوبەرگی خانماندا هەبووبێت، بەڵام لە ئێستادا ئیسلامییەکان بەتایبەتیش ئەوانەی بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا لەم دیاردانە بێبەرین، بەبڕوای من دەبێت (دەستەبژێر)کاری هاندانی ئیسلامییەکان بێت بۆ بەشداریکردنی زیاتر لە پڕۆسەی سیاسی، نەک سەنگەرگرتن لێیان و هاندان و پاڵنانیان بەرەو توندوتیژیی.

خوێندنەوەیەکی تری ڕووکەشانەی ئەم دیاردەیە پێی وایە ئەمە بەرهەمی ١٧ی شوباتە. من وەک بەشداروبوویەکی ئەو خۆپیشاندانە بە شانازییەکی مەزنی ئەزموونی ژیانی خۆمی دەزانم، لە پێناو دەنگبەرزکردنەوە بۆ فراوانکردنی سنووری ئازادییەکان و دەرفەتی ڕەخساندنی دادپەروەریی بۆ چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا. بەلامەوە گرنگ نییە گروپ و لایەنێکی تر چۆن سەیری خۆپیشاندانەکەی کردووە، یان بۆ چی ئایدیایەکی سیاسی بەکارهێناوە.!

خوێندنەوەیەکی ساکارانەی تر بۆ ئەو(هوها)کێشانە، ڕژاندنی بوغز و کینە بوو دژ بە سلێمانی، هیچ ساتێک لە ناخ و بیرکردنەوەمدا جیاوازیم نەکردووە لە نێوان هیچ کام لە شارەکانی کوردستان، هەمو شارو شارەدێکان بۆ من یەک شتن و ناویان کوردستانە. بەڵام نابێت کە باسی تایبەتمەندی و زیندوویی شارێک کرا، هاوڵاتیانی شارێکی تر نیگەران بن، پێشم وایە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن و ڕەهەندێکی جیاوازەوە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بێگومان باسی ئەو تایبەتمەندییانەی سلێمانیش ناکەم.(مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە).


20/07/2015



وتارەکانی تری نوسەر