ساتی(بێ دەنگی)یە.!

کامەران سوبحان
بەبڕوای من، هیچ ساتێکی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە هێندەی ئێستا پێویستی بە (بێ دەنگی) نەبووە، پێچەوانەی ئەوانە بیردەکەمەوە کە پێیان وایە ئێستا ساتی دەنگ بەرزکردنەوەیە بەرامبەر بێ دەنگی و بێ باکی نەیارەکانمان. چونکە ئێستا کەشێک درووست بووە یان لەگەڵمدایت یان دووژمنمیت، ئەمەش ترۆپکی نەرجسییەتی بیرکردنەوەو گوزارشتکردنە لە خود، چونکە دابەشکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ دوو رەنگی ڕەش و سپی هیچ زەمینەیەک نایەڵێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە سرووشتی ڕاستەقینەی کێشەکان، لە کاتێکی حاڵەتی ڕاستەقینەی هارمۆنییەتی بیرکردنەوەی  مرۆڤ بینینی هەمو ڕەنگەکانە. نەبینینی ئەم ڕەنگانە هاوسەنگی بیرکردنەوە لای مرۆڤ ناهێڵێت، لێرەشەوە هەمو هەوڵێک بۆ قسەکردن و دیالۆگ جۆرێکە لە بێ هیوایی. (ئەم تێڕوانینە بۆ ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە هێندە خوێندنەوەیەکی هزرییە هێندە خوێندنەوەیەکی سیاسی نییە).

 تا شانۆگەریی(بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ)ی نووسەری بەڕەچەڵەک ئێرلەندی سمۆئێل بیکێت نەخوێنیتەوە نازانی بۆ هەردوو کارەکتەری شانۆگەرییەکە(فلادیمێر و ئێستراگۆن) هێندە لە وتووێژەکانیاندا دەوەستن و بێدەنگ دەبن. بەجۆرێک ئەو شانۆگەرییە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بێ دەنگییەکی قوڵ باڵی بەسەردا کێشاوە، کاتێک خوێنەر دەیخوێنێتەوە تووشی دڵەڕاوکێ و هەندێجاریش بێ دەنگی بە ناخی خوێنەرەکەش دەبەخشێت و وا هەست دەکات لە دونیایەکی بێ دەنگ و بێهودە دەژی.! چرکەساتی نووسینی ئەو شانۆگەرییە زۆر لەم چرکەساتەی کۆمەڵگەی ئێمە نزیکە. ئەم تێکستە لەدوای ڕۆژگارە تاریکەکانی جەنگی دووەمی جیهانی نووسراوە. لەو سەردەمەدا چالاکوانانی سیاسی و  چین و توێژە جیاوازەکانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەورپا ڕژابوونە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و داوای ئارامی  و دووبارە  نەبوونەوەی جەنگیان دەکرد. ئا لەو ساتی هاوار و ناڕەزاییانەدا(بیکێت)بە نووسینی ئەم شانۆگەرییە پێچەوانەی هەمو ئەو دەنگانەی بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد دژی جەنگ و وێرانکاریی، ئەو بە هێمنی و بە(بێ دەنگی)ییەکی قوڵەوە گوزارشتی لەو جەنگ و لەو دڵەڕاوکێیانە دەکرد کە هاوڵاتی ئەورپا لەو سەردەمەدا ڕووبەڕووی بونەتەوە. سەرەتا تێکستەکە زۆر پێشوازی لێنەکرا، بەڵام دواتر دەنگدانەوەیەکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا! 

بەبەراورد و لێکچوون و جیاوازییەکانی ئەو دوو قۆناغەی ئێمە و ئەورپا،  پێم وایە ئێمەش ئێستا لەهەمان چرکەساتی مێژوویدا دەژین، لە بری ئەوەی بە دەنگی بەرز و بە تووڕەبوونی بێزارکەر گوزارشت لەم ڕۆژگارە تاریک و پڕ لە کێشانە بکەین کە ئێستا تێیدا دەژین، پێویستمان بە(بێ دەنگی) یەکی قوڵ و گەڕانەوە هەیە بۆ ناوەوەی خۆمان، پێویستمان بە چرکەساتێک هەیە لەبری ئەوەی دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیر کۆمەڵگە ئاڕاستە بکەن و ببنە ڕێبەریان، پێش ئەم قۆناغە پێویستمان بە پەروەردەیەکی (خود)ی بەهێز هەیە و لەسەر ئاستی تاکیش، هەنگاو بەرەو پەروەردەی گشتی و بونیادنانی کۆمەڵگە بنێین. 

لە ئێستادا پێویستە بە ئاڕاستەیەک کار بکەین لەبری هاوار و دیالۆگی بێ بنەما هەوڵی درووستکردنی دیالۆگێکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە بدەین، سەرەتا لەگەڵ خۆمان ئەوسا لەگەڵ دەورەبەر و نەیار و هاوبیر و نزیکەکانمان. بێ ئەم هەنگاوە گەورەو (بێ دەنگانە)مەحاڵە کۆمەڵگەی ئێمە لەم بێزاریی و خۆخواردنەوەو چەقبەستووییە ڕزگاریی بێت.!


15/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر