ئەو ناوە لە سلێمانی بکەنەوە!

کامەران سوبحان
چەند ساڵێکە بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەم شارە، نازناوێکی ساختەتان لێناوەو پێی دەڵێن پایتەختی ڕۆشنبیریی.! تکان لێ دەکەم تا زووە ئەو ناوە لەم شارە بکەنەوەو سلێمانی پێویستی بە ناو و نازناوی ئێوە نییە.!

 سلێمانی پێویستە سلێمانی بێت و هیچی تر. شارێک لە سەرەتاکانی درووستبوون و گەشەکردنییەوە تا ئێستا، مەڵبەندی بەرخودان و کولتوور و گەشەکردنی هزریی مرۆیی بووبێت، چ پێویستی بە ئێوەیە پاشگریی رۆشنبیریی پێوە بلکێنن. ئەو پاشگرە هەڵگرن بۆ خۆتان و کەمێک ڕووخساریی تاریکتانی پێ رووناک بکەنەوە.!

شارێک خاوەنی دەیان کەسایەتی گرنگ و شاعیر و نووسەر و سەرکردەی ئازا و قارەمان بێت، بە ئێوە ناشیرین و پەراوێز ناخرێت.! سلێمانییەک خاوەنی ئەو مێژووە گەورە و مەزنە بێت، شایەنی ئەوەیە بەڕۆژی ڕوناک ژنی تیدا بکوژرێت؟ گولە بە سنگی گەنجەکانییەوە بنرێت؟ سینەماکانی خاپور بکرێت؟ ئاسەوار و ماڵە کۆن و مێژووییەکانی وێران بکرێت و سیما جوانەکەی جارانی بشێوێنرێت.؟! (ئێمە ڕۆژانە لەم شارەدا دەژین، ئەگەر نا، پایتەخت و شارەکانی تریش لەم شارە وێرانترن.!)

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەم شارەدا، هۆڵەکانی شانۆ جمەی دەهات لە بینەر، سینەما و گەلەریی پێشانگەکان و کۆڕی شیعریی و چالاکی ڕۆشنبیریی لە برەودا بوون، ئێستا بەهۆی سزاکانی ئێوەوە بۆ ئەم شارە هەمو ئەو شتانە نەمان و سلێمانی خەریکە دەبێتە شارێکی مردووی بێ رۆح. لە دوا دەرکەوتنی ئەو مردنەیدا، ئێوارەی ئەمڕۆ ٢شەممە، لە نمایشێکی شانۆیی بووم بینەرەکانی لە پەنجەکانی هەردوو دەستم تێ نەدەپەڕین.! ئەمە شتێکی ئاساییە چونکە هەر ئەمڕۆ، لە سەنتەری شارەکەدا بەرچاوی هاوڵاتیانەوە مافیا ئاسا، هونەرمەندێکی میللی خەڵاتنی خوێن دەکرێت.! کار وا بڕوات دەبێت چاوەڕێی زیاتر بکەین.! چاکترە پێش ئەوەی بەو ڕۆژە بگەین ئەو پاشگرە ساختەیەی کە پێی دەڵێن (ڕۆشنبیریی) لێ بکەنەوەو سلێمانی هەر سلێمانی بێت و بەس.!

تێبینی: ئەم هەستەم دوور لە هەناسەی شارچێتی نووسراوە، ئەگەر نا هەمو شارەکانی کوردستان بۆ من وەک سلێمانین .!


29/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر