هۆ کاکی پێشمەرگە...دەنگێک لە بەرزی چیاکانەوە.!

کامەران سوبحان
(ئەمڕۆ ١-١٠ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند حەمە جەزایە، پێشتر ئەم وتارەم نووسیوە، پێم خۆشە لە ساڵیادی کۆچەکەیدا بڵاوی بکەمەوە)

کات.... سەرەتای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی کوردە. پۆل پۆل گەنجان و خوێندەوارانی شار و گوندەکان بەرەو ناوچە سنوورییەکان دەچن و دەبنە پێشمەرگە، گوندی قزلەری نزیک مێرگەپان دەبێتە مەکۆی کۆبوونەوەی سەدان پێشمەرگەی گیان فیدای کوردستان. لەو گوندە سەرکەش و دڵڕفێنەدا پێشمەرگە خەون بە ئازادی وڵاتەوە دەبینن. لەناو پێشمەرگەکانی ئەو قزلەر و لەبەرزاییەکی نزیک گوندەکەوە، پێشمەرگەیەکی چاو و برۆ ڕەش، دەم بە پێکەنین، سمێڵیکی ڕەشی ئەستووری هەیە، جامانەیەکی لەسەردایەو قژە لولەکەی لە پێشەوە هاتووەتە دەر. بەدەر لە چەکی پێشمەرگایەتی، بە دەنگە پڕ لە حوزن و لاواندنەوەکەی ئاوازی ئازادی بۆ برا پێشمەرگەکانی دەڵێت. ئێواران کە خۆر ماڵئاوایی لە سرووشتی گوند دەکات، ئەو بە خۆیی و ڕادیۆو چەکەکەی شانییەوە بەرەو ژوورەکەی خۆی دەڕوات و تا درەنگانێکی شەو لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرەگەکانیدا شەوگار بەسەر دەبات. ئەم ئێوارەیە بۆ ئەو لە ئێوارەکانی تر جیاوازە، چونکە چاوەڕێی هاتنی هاوڕێیەکی دەکات لە شارەوە بۆ ناو پێشمەرگە، بەدەم چاوەڕوانییەوە گەیشتەوە ژوورەکەی خۆی سەیری خوارەوەی گوندی کرد. پیاوێکی باڵا مام ناوەندی، بە خۆیی و جانتایەکەوە، دەستەکەی تریشی فیشی جگەرە لێ دەدات بەرەو ژوورەکەی دێت. کە یەکتر دەبینن، توند توند باوەش دەکەن بە یەکتردا، ئەم دوو هاوڕێیە یەکەمیان کوڕی پیاوێکی ناوداری دەوڵەمەندی شارەو ناوی (حەمە جەزا)یە و پێشمەرگەو گۆرانیبێژە. دووەمیان ناوی (شێرکۆ)یە و کوڕی (فایەق بێکەس)ی شاعیرە.! ئەم دوو هاوڕێیە ڕۆژانێکی زۆریان لە قزلەر و گوندەکانی تری شارباژێر بەسەر برد، دواتریش لە ئەورپا و کوردستان هەر هاوڕێ و خۆشەویستی یەکتر بوون. گۆرانی (هۆ کاکی پێشمەرگە)ی حەمە جەزا لەو دڵە پاک و پڕ لە گەورەییەی ئەو ساتانەی پێشمەرگایەتییەوە وتراوە، بۆیە تا پێشمەرگە بمێنێت، ئەم گۆرانییەش دەمێنێت.! شیرکۆ بێکەس لە بەشی دووەمی یاداشتەکانید(نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش) پەیوەندی هاوڕێیەکی خۆیی و حەمە جەزا دەگێڕێتەوە، کاتێک خوێندمەوە ئەو چیرۆکەم بیرهاتەوە کە هەمیشە لە باسی دەنگ و گۆرانی(حەمە جەزا)داباسی چرکەساتەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی خۆی و ئەوی دەکرد، دوای دابڕانیان لە گوندی قزلەر یەکتریان بینینەوەتەوە.
ئێستا دوای مەرگی ئەو دوو کەسە مەزنە، ئەوسا دەزانین ئەنفالی ئێزیدییەکان و شەهیدبوونی سەدان پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕی تیرۆرستانەدا چەند بە ساردو سڕی و بێ باکانە تێدەپەڕێن، ئەگەر ئەوان بمایان بە دڵنیاییەوە ئێستا پێشمەرگە، ورەو دەستی پۆڵاینیان بڵندتر دەبوو.! مافی خۆمانە ئێستا بە هەندێ لەو بە ناو شاعیرانە بڵێین "تکایە واز لە شیعرە لاوازەکانتان بێنن بۆ پێشمەرگە." تکا لە گۆرانیبێژانیش دەکەم بە گۆرانی و سروودی بێتام پێشمەرگە مەلاوێننەوە. لە بەر هیچ نا لەبەر ڕۆحی ئەو شاعیر و گۆرانیبێژەی کە لەچەندین وێستگەی گرنگی ڕابردوودا سیمبولی شکۆمەندی و دەنگی شۆڕشگێڕیی ئێمە بوون.!
دەمەوێت ئەوەش بڵێم لەدوای نسکۆی شۆڕشی کورد لە ساڵی ١٩٧٤ دەنگی حەمە جەزا ورەیەکی مەزنی شۆڕشگێڕیی بە خەڵکی سەرتاسەری کوردستان بەخشی، بەمەش ئەم هونەرمەندە ناسنامەی هونەرمەندی نەتەوەیی وەرگرت نەک هونەرمەندی ناوچەیەکی دیاریکراو.
میلی ڕادیۆکە مەگۆڕن، با ئەو دەنگە نە کوژێتەوە.
بە ئێستاشەوە بیرم نایەت لە هیچ قۆناغێکی ژیانمدا حەزم بەسروود و گۆرانی و شیعری شۆڕشگێڕیی کردبێت، بەتایبەتیش ئەو بەرهەمانەی مۆرک و ڕەنگێکی میللی و جەماوەرییان هەبووبێت. تاکە دەنگێک لەو هاوکێشەیەدا لەدەرەوەیە، دەنگی (حەمە جەزا)یە. یان بەشێک لە مەقام و گۆرانی و سروودەکانی(هۆکاکی پێشمەرگە و مەڕۆ مەڕۆ، ئەگەر چی شەو درەنگە، عەشق و ئازادی) چەند بەرهەمێکن یادەوەریی زۆر سەیرم لەگەڵیاندا هەیە و هەمیشە بە گوێلێگرتنیان یادەوەرییەکانم نوێ دەبنەوە.
دوای ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و نسکۆی پێشمەرگەی کوردستان لە زۆرێک لەبەرەکانی شەڕدا، ئێزگەی گەلی کوردستان و دەنگی کوردستانی ئێرانی حیزبی دیموکرات و دەنگی کوردستانی عێراق، زۆربەی بەیانیان بە سروودە پڕ لە جۆش و خرۆشەکەی(هۆ کاکی پێشمەرگە) دەستیان پێدەکرد. لە ناو شار و شارۆچکەکانیشدا خەڵک بەترس و لەرز و پڕ لە ئومێدەوە گوێیان بۆ ئەو گۆرانییانە دەگرت. ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەو لایەنە نەستییەوە هەبێت کە کورد لەشاردەکاندا دڵی لای پێشمەرگە بووبێت و بە گوێگرتن لەو گۆرانییانە هەستی بەدڵنەوایی کردبێت.
هەر لەو سەروبەندەدا و زۆربەی ڕۆژەکانی کۆتایی مانگەکانی بەهاری ساڵی ١٩٨٨، لەدوای تاقیکردنەوەی وانەکانی کۆتایی ساڵی خوێندندا بووین. خۆم و کۆمەڵێک هاوڕێم لەگەڵ کتێبی قوتابخانە و تاقیکردنەوەدا رادیۆیەکی(قیسارە)ی بچوکمان هەبوو، پێش تاقیکردنەوەکان لە دوکانێک لە گەڕەکی بەختیاریی سلێمانی، هەمومان سەرمان بەیەکدا دەکرد و گوێمان لە ڕادیۆی شۆڕش دەگرت، بە بێ ئەوەی بزانین شۆرش چ ئیشی بە ئێمەیە و ئێمە چیمان پێدەکرێت بۆ شۆڕش. کاتێکیش کەسێک بهاتایە بۆ دوکانەکە بۆ شتکڕین رادیۆکەمان دەکوژاندەوە و هەمومان بە کتێبی تاقیکردنەوەکەمان دەگرت بەدەستەوە. ئەو ڕۆژە مەقامێک بوو، یەکێک لە هاوڕێکانم ڕادیۆکەی گرتبوو بەلای گوێیەوەو ئێمەش هەمومان گوێمان نزیکدەکردەوە لەڕادیۆکە، خاوەن دوکانەکەش کە برا گەورەی یەکێک لە هاوڕێکانمان بوو، خۆی بە رێکخستنی دوکانەکەوە خەریک دەکرد، زوو زووش بە ترسێکی زۆرەوە سەیریی ئەملاو لای دوکانەکەی دەکرد، لەناکاو مامۆستایەکی قوتابخانەکەمان خۆی کرد بە دووکاندا، نازانم چۆن ڕادیۆکە کوژێنرایەوە، نازانم چی لەو رادیۆیە کرا، نازانم چۆن کتێبەکانمان برد بۆ لای ڕووخسارمان وبەجۆرێکی زۆر سەیر هەمومان پەشۆکاین.!
مامۆستا تێگەیشتبوو ئەو منداڵانە بۆچی لەبەر چی گوێ لە ڕادیۆ دەگرن، سەیری هەمومانی کرد، وەک ئەوەی بڵێ با هەموتان بناسمەوە.! (کەمێک تێڕامان و کەمێک بێ دەنگی) بە دەنگێکی هێواش و پڕ لە ترسەوە وتی " میلی ڕادیۆکە مەگۆڕن، با ئەو دەنگە مەزنە نە کوژێتەوە.!(بێ دەنگی و ترسێکی زۆر) مامۆستاکەمان دووکانەکەی بە جێهێشت بەرەو قوتابخانە ." 
ترسێکی زۆر دایگرتین، ئەو ڕۆژە بڵاوەمان لێکرد و بە ترس و لەرزێکی زۆرەوە تاقیکردنەوەی سەری ساڵمان تەواو کرد، پاش ڕاپەڕین و دوای چەندین ساڵ زانیم ئەو مامۆستایە یەکێک بوو لە فیگەرە دیارەکانی ڕێکخستنەکانی ناو شاری پێشمەرگەی کوردستان.
لەو رۆژەوە تا ئێستا کە ناوی(حەمە جەزا) دەبرێ ئەو دیمەنە ترسناکەم بیردەکەوێتەوە، لەو ڕۆژگارە ڕەشانەدا ئەو هەڵسوکەوتە منداڵانەی ئێمە دەمانکرد جۆرێک بوو لە سەرکێشی کە مەرگی بەدواوە بوو، ئێستاش پاش ٢٦ ساڵ لەو رووداوە، کە بەو شەقام و شوێنەدا گوزەر دەکەم ئەو دیمەنەم بیر دەکەوێتەوە، ئەوەی بۆ من لەو ڕۆژگارانەدا مایەی نیگەرانی بوو، بەشێکی زۆر لەو هاوڕێیانەم وەک ڕێبوارێکی خێرا بە تاریکایی ژیانمدا گوزەرییان کرد و ون بوون... یادیان بەخێر.!
یەکێکیان لە شەڕی ناوخۆدا بەتفەنگی براکان شەهید کرا، یەکێکی تریان سەری خۆی هەڵگرت دوور لە نیشتمان بژی، بەڵام لە ئاوی ئیجەدا بوو بە خۆراکی ماسییەکان، دانەیەکی تریشیان بە کارەساتی ئۆتۆمبێل گیانی سپارد، تەنها ٣ کەس ماوینەتەوە و من و دوو کەسی تر لەو هاوڕێیانە، ئەوان راکردن بەدوای ژیاندا هەلا هەلای کردوون. منیش ئەو یادەوەرییانەیان دەنووسمەوە، کە نازانم لە کوێووە دەستپێبکەم و لە کوێوە کۆتایی پێ بێنم.!
تاریکتر لە دڵی من.
حەمە جەزا، بەدەر لەو گۆرانییە شۆڕشگێڕییانەی کە تا ئێستا بە نەمری ماونەتەوە، مەقامەکانی لایەنێکی گرنگی ژیانی هونەریی ئەون. بەشی زۆری مەقامەکانیشی شیعری(هێمن موکریانی)ن، لەسەرەتادا نەمدەزانی ئەو مەقامانە شیعری کێن؟ بەڵام دەمزانی ئەم هونەرمەندە لە هەڵبژاردنی شیعری سروود و مەقام و گۆرانییەکانیدا زۆر وریاو لێزانە، بەدەر لە بەرهەمەکانی هێمن، ئەم شاعیرە چەندین شیعری(شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و گۆران)ی کردووە بە گۆرانی و سروود و مەقام. ماوەیەک پێش ئێستا دیوانی(تاریک و ڕوون)ی (هێمن)م جارێکی تر خوێندەوە. ئەوسا زانیم چەندین شیعری ئەو دیوانە حەمە جەزا بە مەقام و گۆرانی وتوونی. ئەو شیعرانەش(سیاسی و ئەڤینداریی)ن، تەنانەت مامۆستا هێمن لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:" دوای ئەوەی حەمە جەزا، کۆمەڵێک شیعری منی کرد بە مەقام و گۆرانی، ئەوسا زانیم، ناخی ئەو گۆرانیبێژە شۆڕشگێڕە بۆ ئازاری میللەتەکەی تاریکترە لە دڵی من. دوای مەقام و گۆرانییەکانی ئەو زانیم شیعرەکانم لە دڵی مییللەتەکەمدا زیندوون. پێم وایە حەمە جەزا یان لە ڕۆحی خۆمەوە نزیکە، یان لە ڕۆحی شیعرەکانمەوە، بریا هەمو شیعرەکانم ئەو بیکردنایە بە گۆرانی.!"
ئێستاش کە تاریک و روون دەخوێنمەوە، هەندێ لەو شیعرانە بە حاڵەتێكی نەستییانە ئاوازەکانی حەمە جەزای لەگەڵدا دەڵێمەوە، زۆرجار خوێنەر وا هەست دەکات ئەو شیعرە بۆ خوێنەر نەنوسراوە، بەڵکو بۆ گۆرانیبێژ نووسراوەو ئەو ڕۆحی میلۆدی کردووە بە بەردا.
لەگەڵ ئەوەی دونیای شیعر و وێنە و ئاوازی شیعرەکانی هێمن نزیک بووە لەو ڕیتمە گۆرانی و ئاوازانەی کە حەمە جەزا وتونی، بەڵام لە ماوەیەکی زۆری گوتنی گۆرانیدا، ئەم هونەرمەندە بە ستایل و شێوازی تایبەتی خۆی دەرکەوت، نە لە هیچ کەس دەچوو، نە کەسیش لەو دەچوو. لە دوای ڕاپەڕین و لە ژیانی پەناهەندەیدا لە ئەوروپا کۆمەڵێک گۆرانی زۆری تۆمارکرد، چ مەقام و چ گۆرانی، بەشی زۆریان شیعری خۆی بوون، هەرچەندە وەک تام و چێژ و تایبەتمەندی هونەریی زۆر جیاواز بوون لە کارەکانی پێشووی، بەڵام ئەوەش بە وێستگەیەکی نوێی کاریی هونەریی ئەو هونەرمەندە ئەژمار دەکرێت، دەبێت لە باسی کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە ئەو قۆناغە جیاوازەش لە یاد نەکرێت.

01/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر