ڕەخنەگرتن، یان ئیرەیی بردن!

کامەران سوبحان
ئەوانەی ململانێت لەگەڵ دەکەن، ئەوانەی وادەزانن لە بەرژەوەندیت داون و تۆ بۆ ئەوە هاتوویت ئەو بکەیتە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، ئاساییە بە دووژمنی خۆتت بزانن، بەڵام هاوپیشە و هاوسەنگەرێکت وا بیربکاتەوە ئەمە ترسناکە. 
ئاساییە هاوپیشەیەکت ڕەخنەت لێ بگرێت، بەڵام ئەگەر لە بری ڕەخنە لە پشتەوە لەسەرت بخوێنێ، جگە لە بێ ویژدانی و ئیرەیی بردن بە دڵسۆزی و ئازایەتی و سەرکەوتنت هیچی تر نییە.

یەکێک لە گرنگترین شانازییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە درووست بونییەوە تا ئێستا فراکسیۆنەکەی بوو لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمە جگە لە ڕاگەیاندنە ئازا و ڕۆژنامەنووسە چاونەترسەکانی، کە هەمیشە ڕاستییەکانیان بۆ هاووڵاتی گواستووەتەوە. خولی پێشووی پەرلەمان، فراکسیۆنی گۆڕان کۆمەڵێک پەرلەمانتاری ئازا، بوونە سەرمەشقی شێوازێکی دیموکراسییانەی کاری پەرلەمانتاری لە باشووری کوردستان و دەیان ئیمتیاز و پاری ئۆتۆمبێل و شتی تریان ڕەتکردەوە.

 توانییان شەڕی بودجە و بەهەدەردان بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکەنەوە، بەڵام لە کۆتایی خولەکەدا کاتێک وەک مافێکی ئاسایی و یاسایی پارەی خانەنشینیان وەرگرت کە بڕێکی زۆریان بە (خێزانی شەهیدان و تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجەیان) بەخشی. بەڵام کۆمەڵێک کەس بێ ویژدانانە و بێ منەتانە لێیان هاتنە دەنگ، ئەوەی نەشێت پێیان وتن.! 

کارێکی باشە هاووڵاتی و دەنگدەر، چاودێری پەرلەمانتار و بەرپرسەکانی بێت و لەکاتی هەڵە و کەموکورتیدا بە ئاگای بێنێتەوە، بەڵام هەمو ڕەخنە و چاودێرییەکیش بنەما و تایبەتمەندییەتی خۆی هەیە.

لەم خولە نوێیەی پەرلەمانیشدا، فراکسیۆنی گۆڕان بە هەمان خەون و ڕێچکەوە درێژەی بەو ڕێبازە دا، بەڵام سەردەم و شێوازی کارکردنیش گۆڕاوە، بۆ مێژوو دەیڵێم، بەدەر لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە هەموو فراکسیۆنەکانی تریش چەندین پەرلەمانتار هەبووە، کە بە گیانی چاودێریی و بەدواداچوون بۆ کێشەکان و دڵسۆزی کاری کردووە بۆ بە سیستماتیک کردنی دادپەروەریی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆسپ و تەگەرەکان کەم نەبوون لە بەردەم کارکردنی کۆی پەرلەمانتاراندا.

ئەوەی بۆ من مایەی نیگەرانییە، لەلایەن هەندێ کەس لەبری ڕەخنە لێگرتن بە ئیرەیی بردن، بە چەپ و ڕاستدا کەوتوونەتە قسە و لە سەر خوێندن لەو هاوڕێیانە. ئەم دیاردەیە جگە لەوەی گیانی یەک تیمی تێکدەشکێنێ، لەململانێ سیاسییەکانیشدا ئەو تیمە لاواز دەکات و ناتوانێت وەک پێویست پەیمان و کارەکانیان جێ بەجێ بکات. ئەوەی من لەم دیاردە ناشیرینە تێیگەیشتووم، پەیوەندیی نییە بە پرۆسەی ڕەخنە گرتن، یان دڵسۆزیی ئەو کەسانە بۆ باشکردنی سیستمی سیاسیی وڵات و گەشەکردنی دیموکراتی، بەڵکو پەیوەندی بە باری دەروونی ئەو کەسەوە هەیە و ئەوەی لەناو خۆماندا باوەو بە زمانە میللییەکە پێی دەڵێن(ئیرەیی بردن، یان بەغیلی) ئەمە دەردە کوشندەکەی کوردە و هیچی تر.!


04/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر