ئەوەی هەڕەشەیە بۆ هەمومان.!

کامەران سوبحان
 
بەدەر لە هەمو ئەو شتانەی ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان، وەک هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر لە ناوچوونمان ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەڵام تا ئێستا باس لە مەترسییەکی گەورە نەکراوە، کە لە هەمو ئەو مەترسیانە زیاتر، ئەگەری ئەوەی هەیە هەمومان وێران و پەرت و لەناو ببات.!
گەندەڵی و نادادپەروەریی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و نادادپەروەریی لەدابەشکردنی سەروەت و داهاتی ئەم وڵاتە، لایەنە دیار و بەرجەستەکراوەکەی مەترسییەکە کە ساڵانێکە باسی لێوە دەکرێت، بەڵام ئەوەی مەترسییە گەورەکەیە و تا هەنووکە فەرامۆش کراوە، یان قسەی لەسەر نەکراوە، نەخۆشی لە(سەر یەک خوێندن) و (چاڵ بۆ هەڵکەندن) و (نەگونجانانی ناوخۆیی) گروپ و لایەن و دەستە جیاوازەکانی نێو ئەم کۆمەڵگەیەیە.!
ئەوەی لەسەر زەمینی واقیع ئێستا لێرە دەبینرێت، گرفتە ناوخۆییەکان و نەگونجاندنی ناوخۆیی بە ئاستێک تەشەنەی سەندووە، مەحاڵە جارێکی تر کاری پێکەوەیی و سیستەماتیکی لە نێو ئەو گروپە جیاوازانە ببینرێتەوە. ئەم دەردە هێندە ترسناکە، بوەتە مەترسییەک و نەخۆشییەکی بەربڵاوی کۆمەڵگە.!
(لەسەر یەک خوێندن) نەخۆشییەکی سایکۆلۆژییە، پێویستی بە پسپۆڕ و پزیشکی تایبەت دەبێت بۆ چارەسەرکردن.! جا لە هەرێمی کوردستان چارەسەری چەند نەخۆش بکرێت؟ سەدان و هەزاران بەو دەردەوە دەتلێنەوە.! ئەم دەردە، کە من ناوم برد بە نەخۆشی سایکۆلۆژی، تەنها ئەندامانی حیزبەکانی نەگرتووەتەوە، میدیاکار و ڕۆژنامەنووسەکان لەناو ئۆرگان و کەناڵەکانی خۆیان داڕزاون، هێندەی لە پشتەوە قسەیان لەسەر یەک کردووە. هونەرمەند و نووسەرەکان، لە پشتەوە لە بری ئەوەی بەرهەمی یەکتریی بخوێننەوەو ڕەخنەی لۆژیکی و کەموکورتییەکانی بخەنە ڕوو، خەریکی شکاندنی شکۆ و کەسایەتی یەکترن. بازرگان و پیاوانی بزنس، تەنها بەوەوە ناوەستن لە کۆبوونەوەی سەر مێزی شەوانیان، خەریکی شکاندنی یەکتریین. لە پشتەوە هەریەکەیان وەک سیخورێک بە جۆرێک پەیوەندی ژێربەژێریی لەگەڵ فڵان کەناڵ و فڵان ڕۆژنامەنووسدا هەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی ڕەش و گوماناویی لەسەر بەرامبەرەکەی.! باسی سیاسییەکانی ئەم وڵاتە ناکەم، چونکە لەم دیمەنە گەورەیەی کە ئێستا ئێمەی تێکەوتووە زۆر بەڕوونی دەتوانین کەسایەتی و ڕوخساری ناشیرینیان ببینین .! 
دوای پێزانین و هەست پێکردنی ئەم دەردە سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییە گەورەیەی کە ناوی (لەسەر یەک خوێندن) دەبێت دەستەبژێریی هۆشیار و وردبین، لەبری ئەوەی کاتەکانی خۆی لەم زەلکاوەدا بە فیڕۆ بدات، وا چاکترە بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی و خەریکی پەروەردە کردنی لایەنی دەروونی خۆی بێت. ئەگەر نا لە چەند ساڵی داهاتوودا، لەبری ئەوەی چاوەڕێی هەرەسێکی گەورەی کۆمەڵگە بین لە بواری سیاسی و ئابوریی، دەبێت چاوەڕێی بومەلەرزەو داڕمانی ئاکار و لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی بین لە باشوری کوردستان، کە ئێستا سەرەتاکانی دەرکەوتووە.!
لێرەدا باسی هۆکار و دەرەنجامی ئەو دەردە دەروونی و کۆمەڵایەتییە ناکەم، چونکە بینین و هەستپێکردنی ئەم دەردە، لەهەمو جومگە و بەشەکانی کۆمەڵگەدا هەیە و بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت. ئەمەش هۆکارێکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا نابێت چاوەڕوانی ڕۆژگاری گەش و پێشکەوتوو بین بۆ هەرێمی کوردستان.!
هیوادارم من ڕەش بین بم و ئەم دەردە کۆمەڵایەتی و دەروونییە، تەنها سنورێکی دیاریکراو بێت کە من هەستم پێکردووە و نەپەڕیبێتەوە بۆ تەواویی بەش و جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردی.!


28/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر