چی گۆڕاوە؟

کامەران سوبحان

(شەش خاڵ، بۆ بەشداریکردن لە پەراوێزی گفتوگۆیەکی ئامانجداردا!)
١-بارودۆخی ئێستای کوردستان، گۆڕاوە، هی نۆ ساڵ لەمەوبەر نییە، کاتێ نەوشیروان مستەفاو هاوڕێکانی، توانییان بە گوژمێکی سیاسیی گەورە، سەرنجی ناوەندی سیاسیی و ڕاگەیاندنی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بۆیەکەمینجار، گوزرێکی توند بدەن لەو دەسەڵاتە کوردییەی کە لە غرورێکی گەورە و بێ منەتیدا بوو.!
٢-ئەو (دیالۆگە و چەلەحانێ) بەرفراوانەی کە ئێستا لە ناوەندی سیاسیی گۆڕان و دەرەوەی گۆڕان هەیە، هێمای گەورەی ئەو گۆڕانکارییەیە کە لە خەون و داوای هاوڵاتی هەیە بەرامبەر بەم هێزە سیاسییە. کە زاراوەی(دیالۆگ و چەلەحانێ)بەکاردێنین، مەبەستەکە ڕوونە، هەندێ قسەی بێ مانا و وتی وتی، لەناوەوەو دەرەوەی ئەم هێزەدا هەیە (چەلەحانێ)یەکی بێ مانا و بێ ئامانجە، جیاوازە لە داواو داواکاریی سەدان هەڵسوڕاو و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لەدەرەوەی ئەم بزوتنەوەیە و خەونی گەورەیان لەسەر مانەوەی گۆڕان، لەسەر پرنسیپ و بیروباوەڕەکانی هەڵچنیووە.!
٣-تا ئێستا ئەم هێزە، لە جوڵەکانی دەرەوەی خۆی و ئەو ئامانجەی بۆی درووست بووە لای نەداوە. بەڵام جوڵەی ناوخۆیی، شەکەتکراوە بە کۆمەڵێ پرسیارو ڕەخنە و جیاوازیی، گەر نەتوانن، ئەم چەمکانە لە پرۆسەیەکی رەخنەیدا کۆبکرێتەوە، پێگەو چارەنووسی بزوتنەوەکە، بەرەو هێزێکی ناچالاک و وەستاو دەبات!
٤-سەبارەت بە خاڵی یەکەم و بارودۆخی ئێستای کوردستان، ئێستا ٢٠٠٩ نییە، دەبێ مانۆڕ و گەمەی سیاسیی ئەم هێزە جیاواز بێت، لەو مانۆڕ و هەنگاوانەی کە لەسەرەتادا هاویشتی، ڕەنگە قۆناغی ئێستا زیاتر پێویستی بە لۆژیک و بیرکردنەوەی ستراتیژیی بێت، پێچەوانەی ئەو درووشمانەی پێشووتری. ئەم گۆڕانکارییە، خەریکە لە ئاڕاستەی سیاسیی ئەم هێزەدا دەبینرێت، بەڵام لە ئاستی میدیاییدا، لاوازە و نالۆژیک و نا ڕوونە!
٥-پێکهاتەی بونیادی بزوتنەوەکە، مایەی لەسەر وەستانە، بەو پێیەی هەمو ئایدیا و بیرکردنەوەو تێڕوانینێکی سیاسیی لەم سەری راستەوە بۆ ئەو سەری چەپ و نەتەوەیی و ئاینیی تێدایە. هەر هەوڵێک بۆ لە قاڵبدانی ئایدیای ئەم هێزە، وەستان و پاشەکشەی پێدەکات!
٦-هەڵکشان و داکشانی حیزب، لە هەمو دونیا، حاڵەتێکی ئاساییە. گرنگترین کارێ "گۆڕان" بیکات، کارکردنە بۆ چۆنایەتیی نەک چەندایەتی. ڕاستە ژمارە گەورەکان، گۆڕانکاریی گەورە درووست دەکەن، بەڵام ناکرێت هەر خولێکی پەرلەمانی ستافێ بنێریتە دەزگای یاسادانان و پاشتر بەهۆی ناتەبایی کارکردنیان، نەپەرژێنە سەر پەیام و کارکردن و درووشمەکانی هەڵبژاردنیان و خەریکی ململانێی یەکتر بن!

25/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر