بەبۆنەی دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی زەمەن: بەتەنیشت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە

د. محەمەد عەلی
ھادی حەمەڕەشید: سەیرکە چۆن گەڕاینەوە چوارگۆشەی یەکەم؟ ببینە بە کوێ گەیشتین؟

‎بەبۆنەی دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی زەمەن: بەتەنیشت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە، سەرەتای ھەژمونی بنەماڵەی سێیەم، بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا، دەستیپێدەکات

‎لەگەڵ ڕێزم بۆ ستافی زەمەن کە کەسانێکی پاک و دڵسۆزن، بەڵام دەکرێ بپرسین: بە ڕاست کێ خاوەنی ڕاستەقینەی سایتی پەیسەر و ڕۆژنامەی زەمەنە؟ ئایا بەڕاست ھیچ کەلێنێکی ئیعلامی ھەیە ئەم سایت وڕۆژنامەیە پڕی بکەنەوە؟ یان تەنھاو تەنھا ھەبونی پارە لە لایەن خاوەندارە ڕاستەقینەکەی ئەم ڕۆژنامە و سایتەیە؟ کە کوڕەکانی کاک نەوشیروانن. ئەم کوڕانە سەرجەمی موڵک و گردو پشکی کارگەی چیمەنتۆو ماڵی گۆڕانیان بە ویراسە بۆ مایەوە و ئێستاش ئەوان وەک کوڕیی بنەماڵە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی تری ھەرێم، بەھەمان شێوە مامەڵەی ئەو سەرمایە جێماوە دەکەن کە لە باوکیانەوە بەجێماوە.
‎ لە ھەموشی کارەساتتر و لە پەیوەندیدا بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە، وەبیرھێنانەوەی پێنج ڕاستی گرنگن کە ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ژێر پێ دەخرێن:
‎یەکەم: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دروستکردنی خێزانێکی تری سیاسی خاوەن پارە و دەسەڵات، خاوەن کۆمپانیا و گرد و مەکینەی ئیعلامی ھاتەکایەوە یان ئەم بزوتنەوەیە بەتەوای بەپێچەوانەی ئەمەوە و بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم دیاردەیە دروستبوو؟
‎ دوەم: ئایا لەڕێگای بردنی کادیرانی ئیعلامی بزوتنەوەی گۆڕان و لاوازکردنی میدیای بزوتنەوەکەوە(کە دەبێتە مایەی لاوازبوونی مەعنەوی و مادی بزوتنەوەکە) و بەھێزکردنی ھەژمونی مەکینەی ئیعلامی کوڕەکانی کاک نەوشیروان، ئێوە خەریکی داڕشتنی چ پرۆژەیەکن؟ زەحمەت نەبێت جیاوازی خۆتان و چۆنیەتی ئیشکردنی دەسەڵاتی ویراسیی مناڵانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیمان پێبڵێن؟!
‎سێیەم : ئایا قەرارنەبو بزوتنەوەی گۆڕان بە گشتیی و سەرکردەکانی بەتایبەتی کلتورێکی سیاسی نوێی ناویراسیی و نابنەماڵەیی دابھێنن، نەوەک کوڕەکان و سەرکردەکانی ئەم بزوتنەوەیە ھاوشێوەی پارتی و یەکێتی ڕەفتاربکەن و درێژە بە ھەمان کلتور و عەقڵیەت بدەن کە خەڵک چاوەڕوانی ئەوەبوو ئەمان بیگۆڕن و کۆتایی پێبھێنن؟
‎چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان و ڕاگەیاندنەکەی لە ئێستادا لەوپەڕی دۆخی خراپی ئابوریدان، بەچ پاساوێک (کوڕەکانی کاک نەوشیروان) بینای نوێ بەکرێ دەگرن و سایت و ڕۆژنامەی تر بەڕێدەخەن؟!
پێنجەم: ئەرێ بەڕاست چارەنوسی 'تۆڕی میدیایی گۆڕان و کەی ئێن ئێن وسایتی سبەی' لەبەردەم شەبەحی 'تۆڕی میدیایی زەمەن ' و 'پەیسەر پرێس' دا، ھەمان چارەنوسی ( زاگرۆس تیڤی و کوردستان تی ڤی)یان نابێت لەبەرامبەر ڕوداوو کوردستان ٢٤دا؟!
‎ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستیی پێیەتی ئە وە نییە کوڕەکانی کاک نەوشیروان میدیای تایبەت بە خۆیان دروستبکەن، بەڵکو بەھێزکردن و چالاککردنی میدیای بزوتنەوەکەیە. ئەم میدیا تازانە ھیچ کەلەبەر و بۆشاییەک پڕناکەنەوە، بەڵکو وەک ئامرازی دروستکردنی ھەیمەنەی کوڕانی سەرکردە کۆچکردوەکان کاردەکەن.
‎لەساڵانی ڕابردودا، میرەکانی جەنگ و نوخبەی سیاسی باڵادەست لە وڵاتەکەدا ھۆکاری سەرەکی گرفتەکانی ھەرێم بون. بەڵام لە ئێستدا دەرکەوتن و ڕەفتاری مناڵانی سەرکردە سیاسیەکان بەبێ جیاوازی، بوەتە گرفتێکی تری کۆمەڵگا و حیزبەکان. زەقترین سیمای ئەم دیاردەیەش: دەستگرتنی ئەم مناڵانەیە بەسەر سەرچاوەی ئابوریی و داھاتدا و لەم ڕێگەیەشەوە گۆڕانیان بۆ سەرمایەداری گەورە لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا. بێگومان بەبێ ھیچ ماندووبوون و ھیچ ئەزمونێک لە بواری کارکردندا. کێشەکە تەنھا لەم گۆڕانە گەورەیەدا نییە، بەڵکو ئەم نەوە تازانە ھەموویان خەونی سیاسیی ناماقوڵ و نابەجێشیان ھەیە. دەیانەوێت ئەو ڕۆڵانە بگێڕن کە باوکیان گێڕاویەتیی. بۆ وەدیھێنانی ئەو خەونانەش ئەو پارەیەی کە بەناھەق دەستیانکەوتوە دەخەنە کار. لەوانەش بۆ نموونە ڕۆژنامەی تایبەت دەردەکەن، ژمارەیەک کەناڵی تی ڤی و ڕادیۆ و سایت و ژمارەیەکی بێشومار لە پەیجی فەیسبوک دادەنێن. ئەڵبەتە کواڵێتی و پێویستی و پڕکردنەوەی کەلێن، بڕیاردەرنین لەسەر بوونی ئەم ھەموو ئامرازانەی ڕاگەیاندن، بەڵکو وەدیھێنانی خەونی سیاسیی ناماقوڵ و نادیموکراسیی و ناتەندروست، ئەو دوکانە میدییایە گەورانە ئاڕاستە دەکات.
‎ئەوەشی لەھەموی خراپترە، ئەم نەوە تازەیە، کە کوڕەکانن یان خزمە نزیکەکانی سەرکردە کۆچکردوەکانن، خاوەنی لانی کەمی توانای فکری و سیاسی و ئیعلامی نین. زۆریشیان بەشی ئەوە زمانی کوردی نازانن کە ئینشایەکی بێھەڵەی پێ بنووسن.
‎مەبەستی سەرەکی ئەم کوڕە گەنجانە لە دروستکردنی ئمپراتۆریەتی ئیعلامی، ململانێکردنی یەکتر و پەیداکردنی ھەژمون و کڕینی وەلای گروپێک لە میدیاکارانە بۆئەوەی شەڕی بەوەکالەتیان پێبکەن. جگە لە کەناڵەکانی: ڕوداو و کوردسات و کوردستان ٢٤ و جگە ەل ڕۆژنامەکانی: باس و ڕوداو و ئاژانس و ژیان و ھەولێر، سایتی پەیسەر و ڕۆژنامەی زەمەن، دوایەمین پەردەی ئەم نمایشە بێمانایەیە (ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کەناڵی تری تیڤی و ڕادیۆش دەکرێت !).


15/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر