ئاری بابان، پیاوێکی گەورە بە تامی منداڵ!

زاهیر عەبەرەش

ئاری گیان! تۆ پیاوێک بوویت عاشقانە ژیایت، عاشقانە وێنەت دەکێشا، پیاوێک بوویت منداڵێک لە ڕۆحتدا بوو هەرگیز نەتهێشت گەورەبێت، ئەوە یەکێک بوو لە جوانیەکانی تۆ، هەموو دانیشتن و بینیێکی تۆ بەبێ پێکەنین نەدەبوو، هەرچی قین هەبێت لە دڵی تۆدا نەبوو. هیچ کات بە ناوی خۆمەوە بانگت نەکردووم هەمیشە ووتوە زاهیری برام، هەندێک جار خەڵک وای دەزانی ئێمە هەر بەڕاستی براین، بەڵام تۆ نەک هەر برا بەڵکو هاوڕێ باوک مامۆستا و تەنانت وەک کوڕی خۆشم وابوویت، من شت زۆر لە تۆوە فێربووم، یەک لەو شتانە لێبوردەیی، دڵفراوانی، خۆشویستنی ژیان بوو.

 

یەکێک لەو شتانەی کە من بە تۆ زۆر موعجیب بووم هەمیشە وەک منداڵ پێدەکەنیت، سەیری هەر شتێکت بکرداایە عاشقانە لێی ورد دەبوویتەوە. هەمیشە بە هیواوە بۆ ژیان دەتڕوانی، هەمیشە گاڵتەت بە مەرگ هاتووە، زۆر جار پرسیارم لێدەکردی دەمووت ئاری برام لەمەرگ ناترسی، لە وەڵامدا دەتووت مەرگ هەرکات هات بەخێربێت، ئەویش سەفەرێکە دەبێت لەگەڵیدا بیکەم، بەڵام وا ئەمجارە بەڕاستی مەرگ هاتو و سەفەرێکی ئەبەدی بەتۆ کرد  ئاری گیان لەگەڵ خۆیدا ڕەنگەکان و کچە باڵا بەرزە مل درێژەکانی ناو تابلۆکانتی برد .

 

ئەم کۆچەت تا سەرئێسقان غەمباری کردم، هیچ وشەیکم نیە بۆ گوزارشت کردن لە رۆحی تێکشکاوم، زۆر بیرت دەکەم، دەزانم هەمووان دەبێت بمرین، بەڵام هەندێک مردن هەیە ناتوانرێت باوەڕ بکرێت، رۆیشتنت زۆر زوو بوو، زۆر سەفەری تر هەبوو بەنیازبووین پێکەوە بیکەین، هەر بابەتێکی هونەریت بنوسیایە یان تەرجەمە بکردایە تۆ بۆ منت دەنارد، کۆمبیوتەرەکەم پڕە لە نامەی ڕەنگینی تۆ، بە درێژای ئەمڕۆ من سەریری وێنەکان و ڤیدۆکانتم دەکرد، بەدرێژای ئەمرۆ چەند جارێک نامەکانتم دەخوێندەوە، لەگەڵ هەر وێنەیەک و هەر نامەیکدا یادگاریەک هەیە، لەگەڵ هەر جوڵەیەکدا هاتووچۆیەکدا یادگاریەک لەگەڵ تۆدا هەیە.

 

هەمیشە لەگەڵ قسەکانتا دەژیم. ئەم چەند ڕۆژەی بەر لە مردنت زۆر نیگەرانبووم بە شپرزەیەوە تەلەفونم بۆ پەری خانی هاوسەرت و، ڕۆزای کچت و، ژیان و شوان دەکرد بۆ هەواڵپرسینت. لە دواجاردا ژیانم ڕاسپارد وێنەیەکی تۆم بۆ بنێرێت، دوا وێنەی تۆی بۆ ناردم کە لەسەر قەرەوێلەی مەرگ ڕاکشابوویت. نەمتوانی سەیری بکەم. بەڵام  هەستم کرد هێشتاش تۆ بە هیواوە پێدەکەنیت. سەرەخۆشی بۆ پەریخان و ڕۆزاو سیروان، خوشک و براکانت هەموو هاوڕێ دڵسۆزەکانت خۆشم دەوێێت.


26/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر