حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت سندوقی خانەنشینی بەهێزبکات‌و ئیدارەی بدات؟!

د. سامان شاڵی

لە جیهاندا سندوقەکانی خانەنشینی گەلێک گرینگن و باشترین ئیدارەکردنیشیان هەیە چونکە نوێنەرایەتی داهاتووی خانەنشینانی ئەو دەوڵەتە دەکەن. هەر بۆیە ئەم جۆرە سندوقانە لەلایەن پسپۆڕانی باڵای داراییەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گەشەی پێدەدرێت و داهاتووی خانەنشینەکان مسۆگەر دەکات.

بۆ نموونە بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا زیاتر لە 5000 سیستەمی خانەنشینی کەرتی گشتی لە ئەمریکادا هەن، هەندێکیان نزیکەی 300 پلان لەلایەن دەوڵەتەوەئیدارەدەدرێن و 5000 پلانی بەڕێوەبردنی ناوخۆییان هەیە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم و هەریەکەیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەرەیان سەندووە.

سندوقەکانی خانەنشینی ناوچەکانی دیکەی جیهان گەشەیان پێدەکرێتبەهۆیهەڵاوسانەوە.ساڵانە ئەم هەڵاوسانە  بە ڕێژەی ٢-٣% مەزەندە دەکرێت وئەمەش ڕەچاودەکرێت لە مووچەی خانەنشیناندا کە زیاد دەکرێت بە هەمان بڕ.بەڵام یاسایخانەنشینی عێراقی و حکومەتی هەرێمحیسابیهەڵاوسانی نەکردوە! سندوقەکە لەلایەن کەسانی پسپۆڕانەوە بەڕێوەناچێت و ڕەچاوی گەشەکردنی بۆ نەکراوە تا قەرەبووی هەڵاوسان بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی موچەی ساڵانەی خانەنشینان و هەڵاوسانی دراو کە تەنها سەختی بۆ خانەنشینان زیاد دەکات و ئەمەش هێزی کڕینیان لاواز دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێ لە ئیدارەدانی سندوقی خانەنشینی. ئەمەش لەڕێگایجێبەجێکردنی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە پاشەکەوتی خانەنشینی بەرەوپێش دەبەن و بەردەوامی سیستەمی خانەنشینی مسۆگەر دەکەن. لە کارنامەی ئەم کابینەیەدا هاتووە "دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی بۆ دابینکردنی فەرمانبەرانی خانەنشینکراوی حکومی وەک مافی خۆیان". بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارنامەیە لێرەدا چەند میکانیزمێکی گرینگهەیە بخرێتەڕوو، کە حکومەت دەتوانێت لەم ڕێگایانەوە سندوقی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرێت و بەهێز بکات:

1-دانانی سیستمی خانەنشینی: حکومەت دەتوانێت سیستمی خانەنشینی گشتی دابمەزرێنێت کە پلانی خانەنشینکردن بۆ هاوڵاتیانی شایستە دابین بکات. دەتوانرێت سیستەمی خانەنشینی لە ڕێگەی بەشداریکردنی کارمەندان و خاوەنکاران و حکومەتەوە دابین بکرێت.

2-هاندانی پاشەکەوتکردنی خانەنشینی: حکومەت دەتوانێتهاندەربێت بۆ پاشەکەوتکردنی خانەنشینی بە پێشکەشکردنی کەمکردنەوەی باج یان هاوتاکردنی بەشداریکردنی مووچەخۆران بە بڕی بەشداری حکومەتبۆیان لە سیستیمەکەدا تابڕی موچەی خانەنشینیەکانیان زیادبکات.

3-وەبەرهێنان لە سندوقەکانی خانەنشینی بە بە شێوەیەکی عەقڵانی: حکومەت دەتوانێت بە شێوەیەکی وریا و هەمەچەشن وەبەرهێنانی سندوقەکانی خانەنشینی بکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی درێژخایەنی سیستەمی خانەنشینی. هەروەها حکومەت دەتوانێت دەستەیەکی سەربەخۆی وەبەرهێنان دابمەزرێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی وەبەرهێنانی سندوقی خانەنشینی، ئەم دەستەیە کەسانی پسپۆڕ لەدەرەوەی حکومەت لەخۆبگرێت، و تەنها حکومەت دەتوانێت سەرپەرشتی دارایی وەبەرهێنانەکانی بکات.

4-باشترکردنی ئەدای وەبەرهێنان: سندوقەکانی خانەنشینی پێویستیان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی سەروەت و سامانەکانیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی مەترسی لە هەمان کاتدا بەدەستهێنانی داهاتی زیادتر. ئەمەش بەهای سندوقەکە زیاد دەکات و بەردەوامی درێژخایەن مسۆگەر دەکات. سەرەڕای ئەوەش دەتوانن ساڵانە لە قازانجەکانیان بە بڕی ڕێژەی ٢-٣% زیادکردنی خانەنشینەکان بدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵاوسان.

5-پاڵپشتیکردن حوکمڕانی: شێوازەکانی حوکمڕانی باش دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سندوقی خانەنشینی بە شێوەیەکی شەفاف و لێپرسراوانە و کارا بەڕێوەدەبرێت. ئەمەش بە کارپێکردنی سیاسەت و ڕێکارە ڕوونەکان، چاودێریکردنی ئەدای کارکردن و پێشکەشکردنی چاودێرییەکی گونجاو.

6-ڕێکخستنی پلانی خانەنشینی لە کەرتی تایبەت: حکومەت دەتوانێت پلانی خانەنشینی بۆ کەرتی تایبەتیش ڕێکبخات، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە بەباشی بەڕێوەدەبرێت و یارمەتی دادپەروەرانە پێشکەش بە بەشداربووان دەکات. وە دەکرێ ئەم پلانە ئەوانەش بگرێتەوە کە لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەتدا کاردەکەن یان کاریانکردوە. کەواتە ئەگەر مووچەی خانەنشینی حکومەتیشیان هەبێت. ئەم پلانە دەبێتە بژاردەیەکی خۆبەخشانە بۆ ئەوانەی لەناو پلانی حکومەتدان یان دەرەوەی حکومەت یان لەهەردووکیاندان.

7-دابینکردنی ڕۆشەنبیری دارایی: حکومەت دەتوانێت هۆشداری و ڕۆشەنبیری پەیوەست بە پلانی دارایی و خانەنشینی دابین بکات، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان باشتر لە پلانی خانەنشینی و ستراتیژی وەبەرهێنانەکان تێبگەن.

8-بە بەردەوامی پێداچوونەوە و چاکسازی لە سیستەمی خانەنشینیدا: حکومەت دەتوانێت جار جار پێداچوونەوە بە سیستەمی خانەنشینیدا بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە و پێداویستی خانەنشینان دابین دەکات. ڕەنگە دەستکاریکردن لە سیستەمی خانەنشینیدا پێویست بێت بۆ ئامادەسازی بۆ گۆڕانکارییەکانی دیمۆگرافی و بارودۆخی ئابووری و هۆکارەکانی دیکە.

9-پتەوکردنی چوارچێوەی یاسایی: پێویستە چوارچێوەی یاسایی بۆ سندوقی خانەنشینی بەهێز بکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیابوون لە ڕوونی و یەکگرتوویی و کارایی و کاریگەری. ئەمەش بریتییە لە دانانی ڕێسا و ڕێسای ڕوون و دابینکردنی پاراستنی یاسایی بۆ سودمەندان و دڵنیابوون لە سەلامەتی پارەکانیان لە بەکارهێنانی حکومەت و دەستێوەردانی سیاسی.

10-حکومەتی هەرێم هانی هەموو بانکەکانی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دانانی سندوقی خانەنشینی بۆ ئەوەی خانەنشینان بتوانن پارەی زیادەیان هەبێت بەدەر لە سندوقی خانەنشینی گشتی دوای خانەنشین بوون، چونکە سندوقی خانەنشینی حکومەت زیاد ناکات بەهۆی هەڵاوسانەوە. ئەمە بژاردەیەکە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی حکومی، تایبەت، یان پیشەگەرە تایبەتەکان بۆ دابینکردنی پارەی زیادە بۆ خانەنشینی داهاتوو لە قەرەبووکردنەوەی هەڵاوسان و هەڵاوسانی دراو.ئەم سندوقەبژاردەیەکی خۆبەخشییە بۆ هەموو کەسێک تا موچەیەکی خانەنشینی بۆ خۆیان دابین بکەن.

11- کەمکردنەوەی ڕۆتینی پرۆسەی خانەنشینی: ئەرکی حکومەتە ئەم پرۆسەیە بە کەمترین تێچووی ماددی و مەعنەوەی و کات بخاتە پێش ئەوانەی دەیانەوێت خانەنشین بن. لەکاتی ئێستادا ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و درێژخایەنە و لەم سەردەمی تەکنۆلۆجیای زانیاریەدا هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەم ئاڵۆزیە.

12- بەئەلەکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان: بێگومان دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم دەکرێت کەدەسپێکی ئەم پرۆژەیەی ئەنجامداوە بۆ بەکارهێنانی کارتی مووچە بۆ فەرمانبەران. بەڵامگەر ڕەچاوی تەمەن و باری تەندروستی زووربەی خانەنشینان بکەین دەزانین کە ئەوان لەبەرترن بۆ ئاسانکاری وەک لە مووچەخۆرانی گشتی و ئەوان ناتوانن چاوەڕێیڕیزی درێژی بەردەم بانکەکان بکەن.

13-چارەسەری پاشەکەوتی مووچە: دەبێت حکومەت چارەسەری ئەم بابەتە بکات. بە دڵنیاکردنەوەی خانەنشینان و فەرمانبەرانی ئێستا کە مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بۆ دەگەڕێنرتەوە. ئەمەش بە کردنەوەی ئەکاونتێکی تایبەت بۆ هەر مووچەخۆرێک یان خانەنشینکراوێک تا بتواننلەم هەژمارانەوە بڕی پارەی قەرزی حکومەتی لێوە بدەن هەتا بڕی پاشەکەوتەکانیان بەتەواوی دەدرێتەوە یان حکومەت هەموو پاشەکەوتەکان دەداتەوە.  بەم شێوەیە دڵنیاکراونەتەوە لەپاشەکەوتەکانیان و هەردوولاش براوە دەبن.

جگە لەو پێشنیازانەی سەرەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت گرنگترین هەنگاو بنێت بۆ خزمەتکردنی خانەنشینان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی عێراقی لە هەرێمی کوردستان. چونکە مووچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمترە لە مووچەی خانەنشینانیعێراق و ئەمەش ناڕەوایە بەرامبەر خانەنشینانی هەرێمی کوردستان. بۆ نمونە ئەندازیارێک بە 35 ساڵ خزمەت لە حکومەتی ناوەند بە 1,800,000 دیناری عێراقیخانەنشین دەبێت بەڵام هەمان ئەندازیار لە هەرێمی کوردستان تەنها 800,000 دیناری عێراقی وەردەگرێت! ئەمەش بە هیچ پێوەرێک دادپەروەرانە نییە!

هەروەها دەبێت مووچەی خانەنشینان لەسەرەتای مانگەوە خەرج بکرێت بەو پێیەی زۆرترین پێویستیانە گەر ڕەچاوی تەمەن و تەندروستیان بکرێتلەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و کەمئەندامان. وە پێویستە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بەو پێیەی ئەمانە زیادترین خزمەتیان کردوە یاخود قوربانیان داوه.

بە گشتی ئیدارەدانی سندوقێکی خانەنشینی کاریگەر لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بە تێکەڵەیەک لە دەستپێشخەری کەرتی گشتی و تایبەت هەیە. بە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەت و ڕێسایانەی کە پاشەکەوتی خانەنشینی بەرەوپێش دەبەن و بەردەوامی سیستەمی خانەنشینی مسۆگەر دەکەن، وە هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوکار بێت لە ئامادەکردنی هاووڵاتیانی بۆ خانەنشینیەکی ئاسوودە.


03/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر