سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی "بنکه فراوانی" هه‌رێم!
ئاریان تاوگۆزی*
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له هاتنه بونیه‌وه که ده‌کرێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می به‌ره‌ی کوردستانی تا چه‌ند مانگێک له‌مه‌و پێش بریتی بوه له پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێک کات و له دوو پایته‌خته‌که‌ی زۆنی سه‌وزی سلێمانی و زۆنی زه‌ردی هه‌ولێر پارت و رێکخراوه سیاسیه‌کانی تری کوردستانیش له نێو حکومه‌ته‌که‌دا هه‌بون به‌ڵام به‌کارهێنانی وشه‌ی به‌شدار له‌وانه‌یه زیاده‌ڕۆی بێت. یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، سۆشیالیست، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، شیوعی، زه‌حمه‌تکێشان، هه‌ر لایه‌نێک له‌م لایه‌نانه به‌شێک بون له‌و حکومه‌تانه‌ی له‌م به‌ر یان ئه‌و به‌ر پێک ده‌هات و یه‌کێتی و پارتی بۆ شه‌رعیه‌تدان به حکومه‌ته‌که‌ی خۆیان که هه‌ر لایه‌کیان حوکمی پارێزگا و نیوێکیان ده‌کرد ئه‌و لایه‌نانه‌یان بۆ جوانکاری ده‌هێنایه ناو حکومه‌ته‌کانیان.
ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستا که بریتیه له کابینه‌ی هه‌شته‌م و به حکومه‌تی بنکه فراوان ناسراوه؛ واته هێزه سیاسیه سه‌ره‌کیه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان له خۆ ده‌گرێت که بریتین له پارتی، یه‌کیتی، گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ و لایه‌نی تورکمانی و مه‌سیحیه‌کان. تا ئه‌م ساته گله‌ی به‌شدار نه‌بونیان له بڕیاره سیاسیه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌کانیاندا نه‌کردوه. ئایا وایه به‌ڕاستی وه‌زیره‌کانیان خاوه‌ن بڕیارن و سیاسه‌تی گشتی حکومه‌ت به به‌شداری هه‌مویان داڕێژراوه و وه‌زیر و کاربه‌ده‌سته‌کانیان خاوه‌ن بڕیارن و به‌ربه‌ستیان بۆ دروستناکرێت له‌لایه‌ن یه‌کێتی و به‌تایبه‌تر پارتی، یان ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردوه و بارودۆخی ناله‌باری شه‌ڕی تیرۆری داعش کپی کردون و ده‌نگ هه‌ڵبڕین له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و ده‌نگده‌ران و گه‌لی کوردستان نازانن له‌م کاته‌دا.
په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی کوردستان تا کابینه‌ی هه‌شت دابه‌شی دوو لایه‌ن بوو که هه‌ریه‌که‌یان بنه‌ما و ئایدۆلۆژی و ستراتیژی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوه. دابه‌ش بونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ناکۆکی نێوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان له ساڵی 60کانی سه‌ده‌ی ڕابوردو له نێوان مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و مه‌لا موسته‌فا بارزانی که دوو به‌ره‌یی له گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان تۆختر بویه‌وه و له‌و کاته‌وه ئه‌و سیاسه‌ته درێژبویه‌وه بۆ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه چه‌ند جارێک به وته‌ی خۆشیان ڕۆشتنه خانه‌ی خیانه‌تی نیشتیمانی. ده‌ست تێکه‌ڵکردن و هاوکاری و پیاده‌کردنی سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی حکومه‌ته‌کانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا دژ به گه‌لی کوردستان ئه‌زمونی تاڵی ئه‌و دوو ڕێکخراوه سیاسیه بوو به‌رامبه‌ر به کوردستان له هه‌ندێک زه‌مان و مه‌کاندا. له کاتی ئێستاشدا پارتی و یه‌کێتی هه‌مان سیاسه‌ت په‌یڕه‌و ده‌که‌ن و به‌رده‌وامن له‌و ستراتیژه درێژ خایه‌نه‌ی که بۆ ماوه‌یه‌کی زۆره کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن.
له که‌س په‌نهان نیه که ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی سونه و شیعه‌دا دابه‌ش بوه، به‌ره‌ی شیعه به‌ته‌نها ئێران ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات و هه‌ریه‌که له وڵاتانی عێراق و سوریا و ئێستای یه‌مه‌ن و نیوه‌ی لوبنان له‌و به‌ره‌یه‌دان له‌گه‌ڵ چه‌ند پارتێکی سیاسی چه‌کدار له ناوچه‌که وه‌ک حیزبوڵای لوبنان، حوسیه‌کانی یه‌مه‌ن، سوپای به‌دری عێراق و حه‌ماسی فه‌له‌ستینی پێش هاتنه سه‌ر حوکمی ئیخوانه‌کان له میسر و پاش نه‌مانیان. ئێران هه‌مان حیساب بۆ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش ده‌کات ئه‌گه‌ر یه‌کێتی خۆی ئینکاری له‌و شێوازه په‌یوه‌ندیه‌ش بکات له‌گه‌ڵ ئێران. ئه‌ڵبه‌ته یه‌کێتی په‌یوه‌ندییه‌که‌ی ستراتیژیانه و ئایدۆلۆژیانه‌یه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی. له مێژووی ئه‌و ڕێکخراوه‌دا دوور که‌وتنه‌وه یان هه‌چ کارێک دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و وڵاته نابینرێت ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر کورت نه‌بێت له ده‌ستپێکی ساڵه‌کانی 80ی سه‌ده‌ی پێشوو، یه‌کێتی وه‌فاداربوه و په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران هێڵی سوره بۆی.
پارتی به پێچه‌وانه‌ی یه‌کێتی له‌به‌ره‌ی سونه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له قه‌ڵه‌م ده‌درێت به‌سه‌رۆکایه‌تی سعودیه و تورکیا که ئه‌وانیش دوو به‌ره‌ن له‌نێو خۆیاندا و وه‌ک به‌ره‌ی شیعه‌کان یه‌کگرتونین. پارتی دیموکراتی کوردستان جگه له‌و ماوه که‌مه‌ی که یه‌کێتی له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌ندی باش نه‌بوه په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌گه‌شتوه‌ته ئاستی ستراتیژ یان قوڵتر ئایدۆلۆژیانه وه‌ک یه‌کێتی. پارتی له‌په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه زیاتر له تاکتیک ده‌چێت تا ستراتیژ، یان هه‌ڵسوکه‌وتیان به ئاراسته‌ی تیۆری ڕیالیست ده‌ڕوانێت که دۆستی هه‌میشه‌یی نیه به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌میشه‌یی هه‌یه. یه‌کێتی به به‌راورد به پارتی زۆر موحافه‌زه‌کارانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌کات و که‌متر هه‌نگاوی مه‌ترسی دار هه‌ڵده‌گرێت.
ئه‌و لایه‌نانه‌ی تریش که له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا ئاماده‌ییان هه‌یه دابه‌شن به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا؛ یه‌کگرتوو هه‌مان به‌ره‌ی پارتی و سونه‌کانی گرتوه و کۆمه‌ڵیش له ئێران و یه‌کێتیه‌وه نزیکه. هه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه به پێی جوگرافیا چاودێران له ئیران نزیکی ده‌که‌نه‌وه به‌ڵام نزیکبونه‌وه‌ی له پارتی و ئاماده‌بونی له‌م کابینه‌یه‌دا له تورکیای نزیک کردوه‌ته‌وه. تا که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌توانێت خۆی یه‌کلای نه‌کاته‌وه له‌م هاوکێشه قوڵ و پێچاوپێچه‌ی ناوچه‌که و بتوانێت ده‌وری بالانس ببینێت له په‌یوه‌ندی لایه‌نه سیاسیه کوردستانیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو به‌ره‌یه ته‌نها کات ده‌توانێت پێمان بڵێت.
له‌پاش ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 2003 وه کاروباری په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به عێراقیشه وه له‌ده‌ست پارتیدا بوو، ئیستاش زۆرترین دیپلۆماتکاره‌کانی کورد چی له عێراق یان کوردستان سه‌ر به پارتین و سیاسه‌ت و کاروباری ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به ته‌نها پارتی ئیداره‌ی ده‌کات و به گوێره‌ی په‌یوه‌ندی و هه‌ڵسوکه‌وته‌کان ده‌کرێت به‌و ئه‌نجامه بگه‌یت که تا ئه‌م ساته‌ش جڵه‌وی کاره‌کانی له‌ده‌ست پارتی دایه و لایه‌نه‌کانی تر چه‌ندین فه‌رسه‌خ لێوه‌ی دورن.
له‌گه‌ڵ پێکهاتنی حکومه‌تی هه‌رێم ڕێکخراوی ده‌ڵه‌تی ئیسلامی (داعش)یش توانی موسڵ له‌ده‌ست حکومه‌تی عێراقی ده‌ربێنێت و کوردیش ئه‌و هه‌له بقۆزێته‌وه زۆربه‌ی ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ڕزگاربکات و به‌بێ زیانێکی زۆری مادی و گیانی. له‌سه‌ره‌تا دا گومان خرایه سه‌ر کورد و به‌تایبه‌تی پارتی که به‌شدارن له هێنانی داعش و یه‌کێکن له‌ئه‌کته‌ره سه‌ره‌کیه‌کان به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورکیا. زۆری نه‌خایاند هاوکێشه‌کان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و داعش روی هێرشه‌کانی کرده کوردستان. ئاشکرایه ئه‌گه‌ر هاوکاری سه‌ربازی ئه‌مریکا و ئێران به‌تایبه‌تی و چه‌ند وڵاتێکی تری ئه‌وروپی و گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نه‌بونایه ئه‌وا ئێستا ده‌بوایه شه‌ڕی ئازادکردنی هه‌ولێرمان بکردایه. تورکیا ئه‌و وڵاته‌ی که هه‌موو هێلکه‌کانمان له سه‌به‌ته‌که‌یدا دانابوو هه‌مووی برد و به‌ردی له‌جێگه‌ی دانان، ئه‌و کاره‌ی تورکیا زۆر لایه‌نی کوردستانی چاوه‌ڕێیان ده‌کرد لێی و هه‌میشه به گومانه‌وه لێیان ده‌ڕوانی توانی پارتی که سه‌ره‌کیترین هاوپه‌یمانی بوو به ئاگابێنێ و گاز له په‌نجه‌ی شایه‌تومانی بگرێت و هاوکاری ئێران و په‌که‌که قه‌بوڵ بکات.
سیاسه‌تی په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌کان بێت و به هاوبه‌شی و به‌شداری هه‌موو لایه‌ک داڕیژه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته بن. ئه‌م بارودۆخه ناله‌باره‌ی شه‌ڕی داعش ده‌توانێت لایه‌نی ئه‌رێنی هه‌بێت له بواری په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم باشترین سودی لێوه‌ربگیرێت. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا ناکرێت سیاسه‌تی حکومه‌تێکی بنکه فراوان بێت. په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئێران، تورکیا، حکومه‌تی ناوه‌ندی، ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و ڕوسیا و چین هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بکرێت. پویه‌ندییه باشه‌کانمان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا به گشتی و ئه‌مریکا به‌تایبه‌تی به‌کاربهێنرێت بۆ سه‌رخستنی ئه‌زمونی کوردستانی ڕۆژئاواش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه که به‌ربه‌ست دروست کردنه بۆ به نێوده‌وڵه‌تیکردنی کێشه‌ی ڕۆژئاوا ته‌نها له‌به‌ر یه‌ک خاڵ ئه‌ویش ناکۆکی نێوان پارتی و په‌که‌که که هه‌ریه‌که‌یان بۆ زیاترکردنی نفوزی کارکردنی خۆیان له پارچه‌کانی تر له شکاندنی یه‌کتر به‌رده‌وامن.
گه‌وره‌ترین به‌رپرسیارێتی مێژووی ده‌که‌وێته سه‌رشانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پاشان یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی که بتوانن داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به‌لای که‌مه‌وه ببێته سیاسه‌تی حکومه‌تێکی بنکه فراوان ئه‌گه‌ر پێیان ناکرێت سیاسه‌تێکی گشتی نیشتیمانیان هه‌بێت.
______________________________________________
*ماسته‌ر له دیپلۆماسیه‌ت، یاسایی نێوده‌وڵه‌تی و گۆڕانکاریه جیهانیه‌کان له به‌ریتانیا.
*به‌رپرسی ڕێکخراوی خۆری سوور له به‌ریتانیا.
11/02/2015
وتارەکانی تری نوسەر