گردە رووتەڵەکەی پشت نوێژبارانەکە

ئارام رەفعەت

ئێرە سلێمانییە. کات کۆتاییەکانی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکە و کۆمەڵێک هاوڵاتی سەرقاڵی نوێژەبارانەن.
تابلۆکە تێکڕا بە نوێژە بارانە و گردە رووتەڵەکەوە، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان لەناو مێژوو بوون و لەدەرەوەی مێژوو بوونی نەتەوەیەکە.
هێلی جیاکەرەوەی لەناو مۆدێرنەتە بوون و پێش مۆدێرنەتە بوونی کۆمەڵگایەکە.
چۆن...؟
با تەرکیزی خۆمان بخەینە سەر ئەو گردە روتەڵەیەی پشت نوێژەبارانەکە. 
🔶لێرە، لەم گردە روتەڵەیە سرووشت و یاساکانی سرووشت حاکمن. 
یاساکانی سرووشت نەگۆڕن و هەڵە قەبوڵ ناکەن. 
لێرە، لەم گردە روتەڵەیەدا هەمیشە ١+١=٢، 
١+١ هەرگیز نە یەکسان دەبێت بە (٣) وە نە بە (سفر).
واتە ١ درەخت + ١ درەخت = ٢ درەخت
 ١ درەخت ٢٤ کیلۆ لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا هەڵدەمژێت.
٢ درەخت= ٤٨ کیلۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و
سفر درەختیش= بە سفر کیلۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
🔶گریمان رووبەری ئەم گردە رووتەڵەیە ١٠ هێکتارە.
دەتوانرێت لەهەر هێکتارێکدا ٥٠٠ درەخت بڕوێنرێت.
کۆی درەختەکانی گردە روتەڵەکە دەکاتە ٥٠٠٠ درەخت.
هەر ٥٠٠ درەختێک بە تێکڕا ساڵانە ١٢ تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت.
بە ٥٠٠٠ درەختەوە، ساڵانە و لەم گردە رووتەڵەیە دەتوانرێت ١٢٠ تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵبمژرێت.
وە بەقەد هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیش ئۆکسجینمان دەداتێ.
🔶ئێستا ژمارەی درەختەکانی ئەم گردە روتەڵەیە= سفر
سروشت هەڵە ناکات..
لەم گردە رووتەڵەیە کێشی دووەم ئۆکسیدی هەڵمژراو لە ساڵێکدا = سفر
🔶ئێستا با بگەڕێینەوە لای هاوڵاتییانی نوێژە بارانە.
ئەم هاوڵاتییانە نیگەرانی وشکەساڵین و نوێژ و نزا بۆ رزگاربوونە لەم دیاردە سرووشتییە.
لێرەدا هاوکێشەیەک هەیە، هاوکێشەیەکی سروشتی...
🔶هاوکێشەکە بەم جۆرەیە:
وشکە ساڵی دەرهاویشتەیەکی راستەوخۆی گۆڕانی کەش و هەوا و گەرم بوونی زەوییە.
گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەش و هەواش دەرهاویشتەیەکی راستەوخۆی زیادبوونی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.
کەوابێت بۆ ئەوەی سروشت بگەڕێتەوە دۆخە ئاساییەکەی جارانی، پێویستە رێژەی دووەم ئۆکسید کەم بکەین و هی ئۆکسجینیش زیاد بکەین.
🔶ئێستا هاوکێشەیەکی ترمان هەیە:
ساڵانە مرۆڤ دەبێتە هۆی بەرهەم هێنانی ٤٠ ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا
بە تێکڕا هەر تاکێک ساڵانە زیاتر لە (٥ ) تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەردەکەوێت.
واتە هەر مرۆڤێک پێویستی بە ٢٠٠ درەخت هەیە تا دووەم ئۆکسیدەکەی پاک بکرێتەوە و بکرێتە ئۆکسجین.
🔶 کێ بەرپرسە...؟
کۆمەڵگا و دەسەڵات...
کۆمەڵگا بەنەبوونی وشیاری و تێگەییشتنی لە یاساکانی سروشت. 
دەسەڵاتیش بە بەهەڵنەگرتنی بچکۆلەترین بەرپرسیارێتی بەرامبەر نیشتیمان و ژینگە و مرۆڤ.
🔶نموونەیەک بۆ تێگەییشتن
بیرتانە چەند ساڵێک لەمەوبەر هەرزەکارێکی یەکێک لە بنەماڵە حاکمەکان بە ٥٠٠ هەزار دۆلار و تەنها بۆ چەند شەوێک راپەرێکی رەشپێستێکی  داوەتی هەولێر کرد؟
گریمان چاندن و گەورەکردنی درەختێک لەم گردە رووتەڵەیە (١٠٠) دۆلاری تێدەچێت.
واتە شەوێکی راپەڕەکە بەس بوو بۆ رواندنی ٥٠٠٠ درەخت.
واتە چارەی ١٢٠ تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
ئەوەی هەرزەکە کردی دڵۆپێکە لە دەریاچەی ئەو هەموو سەروەت و سامانەی بەهۆی گەندەڵییەوە بەهەدەر دەدرێت.
تەنها بەشێکی کەمی سەروەت و سامانی دزراوی کوردستان بەس بوو بۆ سەوزکردنی هەرچی گردە رووتەڵەی کوردستان هەیە.
🔶دەسەڵات باش دەزانێت کە چارەسەرەکە لەسەر زەوییە و لە ئۆدەی ئەودایە و بەرامبەر دینار بە دیناری داهاتی گشتی ئەم کۆمەڵگایە بەرپرسە. 
بەڵام بۆ خەڵەتاندنی کۆمەڵگا، لەشکرێک کاهینی هێناوە و داوا لەخەڵک دەکەن لە ئاسمانەکان بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.
دواجار ١+١=٢
هاوکێشەکە روونە؟

20/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر