خراپی بكە تا چاك بێتەوە

ئارام رەفعەت
لە ساڵی ١٩٩١دا و راستەوخۆ دوای راپەرین و لەگەرمەی ململانێی نێوان بەرەی كوردستانی و چەپ و شوراكان، یەكێتی كەوتە موجامەلەی بزوتنەوەی ئیسلامی. یەكێتی پێی وابوو بزووتنەوەی ئیسلامی دەتوانێتن سنوورێك بۆ گەشەی چەپەكان دابنێت و هاوسەنگییەك درووست بكات. 

لەساڵی ١٩٩٤دا و لە گەرمەی ململانێی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی، یەكێتی بەئاشكرا كەوتە پشتیوانی و موجامەلەی یەكگرتووی ئیسلامی، كە تازە خۆی وەك حیزب راگەیاندبوو. یەكێتی پێی وابوو كە یەكگرتووی ئیسلامی دەتوانێت سنوورێك بۆ گەشەی بزوتنەوەی ئیسلامی دابنێت و هاوسەنگییەك درووست بكات.

لە ساڵی ٢٠١١دا و لەگەرمەی خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و پەیوەستبوونی یەكگرتوو و كۆمەڵ بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە، یەكێتی كەوتە موجامەلەی وەهابییەكان (سەلەفییەكان) و لایەكی سلێمانییان بۆ دابڕین و كەناڵی تەلەفزیۆنییان بۆ كردنەوە. یەكێتی پێی وابوو كە وەهابییەكان دەتوانن سنوورێك بۆ  گەشەی یەكگرتوو و كۆمەڵ دابنێت و هاوسەنگییەك درووست بكات.

ئێستا و لەساڵی ٢٠٢٣ و دوای ئەوەی وەهابییەكان وەك مۆرانە بەدەنەی هێزی چەكداری یەكێتییان هەڵتەكاندوو و بوونەتە هێزێكی فیعلی ناوچەی سەوز، یەكێتی كەوتۆتە پشتیوانی و موجامەلەی ئەشعەرییەكان (تەریقەتەكان) و پێی وایە ئەشعەرییەكان دەتوانن سنوورێك بۆ گەشەی وەهابییەكان دابنێن و هاوسەنگییەك درووست بكات.

دڵنیام ماوەیەكی تر، یەكێتی ناچار دەبێت بەدوای هێزێكی تردا بگەڕێت  تا بەخەیاڵی ئەوەی سنوورێك بۆ گەشەی ئەشعەرییەكان (سۆفی و دەروێشەكان) دابنێت، موجامەلە و پشتیوانی بكات. گرفتی یەكێتی ئەوەیە هێز و فیرقەی مەزهەبی نەماوە ئەمجارە پەنای بۆ ببات و بیهێنێتە مەیدان و بیكاتە كەڵەگا بەسەر خەڵكەوە. هەیە و نییە جوندولئیسلامی مەلا كرێكار و داعشەكەی ئەبوبەكر بەغدادیین ، خوا پەنامان بدات. 

رێك ئەو پەندەی دەڵێت چاكی مەكە با خراپ نەبێت بۆ سیاسەتە هەڵەكانی سی ساڵەی رابردووی یەكێتیدا دەگونجێت ولەهەر هەنگاوێكدا وێرانتری كردووە. بەڵام یەكێتی ناتوانێت دابنیشێت و ئەمجارەش بەمەبەستی چاككردن خراپتری دەكات... بۆیە ناچارم بڵێم جەنابی یەكێتی  خراپی بكە تا چاك بێتەوە.

26/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر