وەهمی حیجاب و خێزان

ئارام رەفعەت
تەڵاق نموونەیەکی زەقی ترە کە پەیوەستە بە حیجابەوە. ئیسلامییەکان مانەوەی خێزان و رێگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی دەبەستنەوە بە حیجابەوە . بۆ زانینی راستی و درووستی ئەو بانگەشەیەی ئیسلامییەکان، با هەر خودی تەڵاق لە نێوان وڵاتێکی سەکیولاری بێدیندا، کە ئوسترالیایە، بەراورد بکەین لەگەڵ دوو وڵات کە سەرتاپای ژنانی حیجابین و سەرچاوەی هەناردەکردنی حیجابیشن بۆ کۆمەڵگاکانی تر، ئەوانیش ئێران و سەعوودییەن. 

ئوسترالیا جگە لە عەلمانی بوونی رژێم و کۆمەڵگاکەی، ژن هاوتای پیاو مافی تەڵاقدانی مێردەکەی بۆ مسۆگەر کراوە، نە ژن نە پیاو هیچ بەربەستێکی یاسای و دینییان لەبەردەم نییە بۆ تەڵاقدان. جگە لەوە، زۆرینەی ئوسترالییەکان هیچ پابەندێکی ئایینییان نییە و رێژەی بێدینەکانی لە ٣٨٪ی کۆمەڵگای ئوسترالی پێکدێنن و بەپلەی یەکەم دێن  و لەرێژەی سەرجەم ئایین و ئاینزادەکانی زیاترن.

ئەگەر ئیدیعای ئیسلامییەکان بۆ وێناکردنی حیجاب وەک چارەسەری کێشەکانی خێزان و کۆمەڵایەتی راستبوایە دەبوایە رێژەی تەڵاق لە ئوسترالیا چەند هێندەی رێژەی تەڵاق بوایە لە دوو وڵاتە ئیسلامییە حیجابپۆشەکەدا. 

بەڵام پێچەوانەکەی راستە. بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بۆ هەر رۆژێک ١٣٢ حاڵەتی تەڵاق لە ئوسترالیا هەبووە، لەکاتێکد ائەم رێژەیە بۆ سەعودییە کە لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە لە ئوسترالیا نزیکە ١٥٧ کەیسی تەڵاقە و ژمارەی کەیسەکانی تەڵاق لە سەعودییەش زیاترە لە سێیەکی ژمارەی کەیسەکانی هاوسەرگیری. 

ئەم وێنەیە بۆ ئێران زۆر کارەساتبارترە. ژمارەی کەیسەکانی تەڵاق لە ساڵی ٢٠٢٠ لەئێراندا ٥٠١ کەیس بووە لە رۆژێکدا، ئەمەش نزیک بە چوارئەوەندی ژمارەی کەیسەکانی تەڵاقی ئوسترالییایە، ئەمە لەکاتێکدا کە ژمارەی دانیشتوانی ئێران تەنها سێ ئەوەندی ئوسترالییایە.  
لەراستیدا ئەم بەراوردە لە نێوان ئوسترالیا و دوو وڵاتە حیجابپۆشەکەدا، ئەو سیحرەی کە ئیسلامییەکان بە حیجابییەوەیان لکاندووە  بەتاڵ دەکاتەوە. ئەم بەراوردە دەکرێت بۆ هەموو بوارەکانی تری کۆمەڵایەتی و خێزانی تاقیبکرێتەوە و ئەنجامی هاوشێوەی هەیە. 

دواجار ئەزموونی ٤٠ ساڵ زیاتری سەپاندنی حیجاب بەسەر ژنانی ئێرانیدا خەریکە بە سەمای سووتاندنی حیجاب کۆتایی بێت و دۆخی سەعودییەش لەهی ئێران خراپترە و بچوکترین دەرفەت هەڵکەوێت ژنانی سەعودییەش هەمان سەما بەدیار سوتاندنی حیجاب و نیقابەکانییانەوە دەکەن.

29/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر