دۆخی کورد لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا

ئارام رەفعەت
یەکەم:

دۆخێکی دژوار

کورد لەباکور حەوت ساڵی سەختی بەڕێکرد. لەو حەوت ساڵەدا، زۆرینەی ئەو سەرکردەو پەرلەمانتارو سەرۆکی شارەوانییانەی خراونەتە زیندان کە خاوەن پێگەو کاریزمان و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەیە. ئەوە جگە لە هەزاران سەرکردەو کادیری تری هێڵی یەکەم و دووەم سێیەمی هەدەپە.

دووەم؛

کودەتای هەڵبژاردن

وەک گرتنی هەزاران سەرکردەو کادیری کورد بەس نەبێت، لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەوڵەتی تورک زۆرینەی ئەو کادیرو پسپۆڕانەی راگەیاندنی هەدەپەیان گرت کە ئیدارەی بانگەشەی هەڵبژاردنییان دەکرد. ئەوە جگە لە دەیان پارێزەرو چالاکوانی مەیدانی. گرتنی زیاتر لە ٢٠٠ کەسایەتی کاریگەری لەم جۆرە، وەک کودەتای هەڵبژاردن وێنا دەکەن.

سێیەم:

هیچ حیزبێکی تورکی ئامادەی هاوپەیمانی نییە لەگەڵ کورد

کورد لە تورکیا بێ دۆست و پشتیوانە. نە چەپەکانی تورک و نە راستەکانی، نە ئیسلامییەکانی و نە عەلمانییەکانی هیچ کام ئامادە نین کورد لەخۆبگرن و بچنە هاوپەیمانێتی لەگەڵیدا. تاکە هاوپەیمانێک حیزبی کاری تورکی بوو، ئەمیش بە خەیاڵی کودەتا بەسەر هەدەپەدا هاتبووە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەو ئێستاش بەکردەوە هاوپەیمانێتییەکە ئیفلیج بووە.

چوارەم؛

جەمسەرگیری کۆمەڵگای تورکی

هەرگیز کۆمەڵگای تورکی وەک ئێستا جەمسەرگیر نەبووە. زۆرینەی کۆمەڵگای تورکی بەسەر دوو هاوپەیمانێتیدا دابەشبوون. هاوپەیمانێتی جەمهوری ئاکەپەو مەهەپە وە هاوپەیمانێتی میللەتیش کە لە شەش حیزبی ئۆپۆزسیۆن پێکهاتووە.

هەمیشە فەزای سیاسی تورکیا جەمسەرگیر بووە، بەڵام جەمسەرگیرییەکەی ئەمجارە جیاوازەو شەڕەکە تەنها لەسەر کێکی دەسەڵات یان باڵەکانی ناو کەمالیزم یان کەمالیزم و ئیسلامیزم نییە. شەڕی ئەمجارە لەسەر کۆی سیستەمی حوکمڕانی وڵاتە. سیستەمێکی سەرۆکایەتی خاوەن سەرۆکێکی تا رادەی دیکتاتۆر بەهێز، وەک ئاکەپە دەیەوێت یان سیستەمێکی پەرلەمانی بەهێزو فرە حیزب و سەرۆکێکی بێهێز وەک ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت.

پێنجەم؛

کورد پارسەنگی هێزە لە تورکیا

تایبەتمەندییەکی تری ئەم جەمسەرگیرییەی لە خاڵی چوارەم ئاماژەم پێدا ئەوەیە، ئێستا هەردوو لایەنی جەمسەرەکە هاوسەنگن و ناتوانن یەکێكیان ئەوی تر بخات. کورد دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە لەبەرژەوەندی لایەنێکییان بگۆڕێت. ئەوەی پێگەی کوردی بەهێزتر کردووە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو دۆخە دژوارەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، هیچ کاتێک کوردی باکور وەک ئێستا بەهێزو یەکگرتوو نەبووە. کورد، مەترسی بەربەستی ١٠٪ی تێپەڕاندووەو بە باوەڕ بە خۆبوونەوە ئامادەیە بچێتەوە پەرلەمانی تورکیا.

گرنگی ئەم ١٠٪ی دەنگ لەوەدایە بچێتە پاڵ هەر لایەکەوە، لاکەی تر شکست دێنێت.

شەشەم؛

هەڵبژاردن لەنێوان دوو جەلاددا

بەکورتی کورد لە تورکیا نابێتە پادشا، بەڵام دەتوانێت پادشایەک بۆ تورک دروست بکات. بەڵام کورد هەر پادشایەک بۆ تورک دروست ناکات، جەلادێکیش بۆ کورد دروست دەکات. ئەو پادشایەی بەدەنگی کورد دەچێتە سەرتەخت، هەمان پادشا دەبێتە جەلادی کوردیش. ئەم چیرۆکە هەر لە ئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان راستە.

ئەوەی کە بەدەست کورد ماوەتەوەو دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات ئەوەیە بەرگەی گورزی کامە جەلاد دەگرێت، کلیچدارئۆغلوی هاوپەیمانی ئاکشنار یان ئەردۆغانی هاوپەیمانی باخچەلی؟ هەلبەت کورد بڕیاری خۆی داوەو دەزانێت دەنگ بۆ کامە جەلاد دەدات.

01/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر