ئایا کۆمەڵگای باشور نەزۆکە...؟

ئارام رەفعەت

دوێنێ، شەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٢، هەدەپە خۆپیشاندانێکی دەیان هەزارکەسی لە ئامەد رێکخست. خۆپیشاندانەکە لەدژی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانی تورک بوو بۆ سەر کورد.

 

 

هەر لەهەمان رۆژ، نەوەی نوێ لە باشور بەرنامەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری هەبوو، خۆپیشاندانەکە لەزۆربەی شارەکاندا یان ئەنجام نەدرا، یان زۆر سنووردار بوو.

 

 

ئەو دۆخە دژوارەی کە هەدەپە و کوردانی باکور رووبەڕووی بوونەتەوە، لە خەیاڵی مرۆڤ بەدەرە و کەم هێزی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان هەیە هاوشێوەی هەدەپە رووبەرووی بووبێتەوە.

 

هەدەپە، جگە لە هاوسەرۆکەکانی و دەیان پەرلەمانتار و شارەداری، نزیک بە ١٧ هەزار کادیر و ئەندامی چالاکی ئەم حیزبەش لەزیندانن. جگە لەوەش، یەکێک لە عەملاقترین میدیاکانی جیهان، واتە میدیای تورکی (بە میدیای دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە) کار لە سەر دێواندنی هەدەپە و هەڵخڕاندنی رای گشتی تورکی لەدژی هەدەپە دەکەن بەجۆرێک کە هەدەپە بوون هاوتای  تاوان و تیرۆریزمە و دەیان دۆسییە بۆ داخستنی ئەم حیزبە کراونەتەوە.

 

 

سەرەرای ئەم دژواری و سەرکوتکارییە، هەدەپە، وەک دوێنی ئیسپاتی کرد، هێشتا توانای مۆبالیزەکردن و هێنانە مەیدانی دەیان هەزار کەسی هەیە. مۆبالیزەکردنێک کە هیچ کام لە حیزبە تورکییەکان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنییەوە خەونیشی پێوە نابینن.

 

 

پرسیارەکە ئەوەیە ۆچی ئەمە لە باشوردا روونادات؟

پرسیارەکە ئەوە نییە بۆچی خەڵک بەشداری خۆپیشاندانەکەی نەوەی نوێی نەکرد، بەڵکو ئەوەیە بۆچی لە باشوردا هێزێکی نیشتیمانی خاوەن روئیا و پرەنسیپ و مۆبالیزەی هاوشێوەی هەدەپە درووست نابێت..؟ هێزێک کە هەم لەئاست داگیرکەری دەرەکی و هەم لەئاست نادادپەروەری ناو کۆمەڵگای کوردی توانای رێکخستن و مۆبالیزەکردنی ملیۆنان خەڵکی هەبێت، هەر لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تا کەرکوک ق خانەقین و شەنگال؟

یان لانی کەم، بۆچی لەباشوردا حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن درووست نابێت..؟

 

ئایا کۆمەڵگای باشور نەزۆکە...؟

 

 


08/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر