چایەک بەنرخی ژیان: چیرۆکەکانی تەسفییەی سیاسی لەرێی ژەهرەوە

ئارام رەفعەت
لەم رۆژانەدا خانەوادەی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند کە ئەو پەرلەمانتارە ژەهر خواردکراوە و باری تەندرووستی ناجێگیرە. پێشتریش چەند ئەندامێکی باڵای حیزبێکی دەسەڵات ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ژەهر خواردکراون. لە دوو دەیەی رابردووشدا، مەرگی چەند کەسایەتییەکی دیاری حیزبێکی تری دەسەڵات دەنگۆ و گومانی ژەهرخوارد کردنی بەدوادا هات. ئەو دەنگۆ و ئیدیعایانە راست بن یان نا، کاریگەری نەرێنی و نەخوازراوی لەسەر ژینگەی سیاسی و ململانێی ئاشتیانە و پرۆسەی بە دیموکراسیکردن هەیە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەو دۆخ و فاکتەرانە چێن کە سیاسییەکان نااچار دەکات ژەهر وەک چەکێک بۆ تەسفییەی نەیار و رکابەرەکانییان بەکاربێنن؟
لەبەر ئەوەی هیچ کام لە ئیدیعاکانی ژەهر خواردکردنی کەسایەتییەکانی باشور لەلایەن دادگا یان راپۆرتی پزیشکی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بۆیە ناکرێت وەک کەیسێک بۆ گەییشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە سوودییان لێوەربگیرێت. لەبری ئەوە، چەند کەیسێکی بەناوبانگی مێژوویی وەک نموونە بۆ تیشک خستنەسەر زەمینە و فاکتەرەکانی پشت ژەهر خواردکردن وەردەگرین.
کەیسی ژەهر خواردکردنی بەرهەڵستکارەکانی پۆتین سەرنجراکێشترین کەیسی لەو جۆرەی سەدەی بیست و یەکن. پێشنیوەڕۆی یەکی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ ئەلێکساندەر لیتڤینێنکۆ، ئەندامی پێشووی دەزگای هەواڵگری کەی جی پی رووسی و بەرهەڵستکارێکی دیاری ئەوسای پۆتین لە هۆتێلێکی لەندەندا لەگەڵ دوو لە کۆنە هاوڕێکانیدا دیدارێکی دەبێت و چایەک دەخواتەوە. دوای نیوەڕۆکەی هەست بەو هەڵە گەورەیەی ژیانی دەکات و ئەو چایە دەبێتە دوا چا خواردنەوەی ژیانی. دواتر پزیشکەکان رایانگەیاند لیتڤینێنکۆ ژەهر خواردکراوە و دوای چەند رۆژ گیانی لەدەست دا. ١٤ ساڵ دواتر و لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢دا، ئەلەکسی ناڤالنی، بەرهەڵستکاری قسەلەڕووی پۆتین لە فرۆکەخانەی تۆمسک و پێش چوونە ناو فرۆکەکەی چایەک دەخواتەوە. لەناو فرۆکەکەیدا باری تەندرووستی تێکدەچێت و فرۆکەکە ناچار بە نیشتنەوە دەبێت دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە. ناڤالنی، وەک لیتڤینێنکۆ بەدبەخت نەبوو و لەمەرگێکی حەتمی رزگاری بوو. بەڵام ئەو دکتۆرە نەگبەتەی ئەو رۆژە ئێشکگری نەخۆشخانەکە بوو و پشکنین و چارەسەری بۆ ناڤاڵنی کرد دوای ماوەیەک کتوپڕ و بەمەرگێکی گوماناوی دەمرێت.
کەیسێکی تری سەرنج راکێش، ژەهر خواردکرنەکەی راسپۆتینە. لە دوا رۆژەکانی ساڵی ١٩١٦، وەک زۆرجاری تر، راسپۆتین لەلایەن هەردوو شازادەی روسیا، فلیکس یوسوپۆڤ و دەمتری پاڤلۆڤیچ بانگێشتی کۆشککەکەیان دەکرێت. بەڵام ئەمجارە بە ئامانجێکی جیاواز، بۆ تەسفیەکردنی هاوڕێ و دۆستی قەیسەر و ژنەکانی خانەوادەکەیان بوو لە رێگای ژەهرەوە. ئەو رۆژە دەبوایە راسپۆتین بمرێت، باشترین مەرگێکیش کە هەندێک لە شکۆ و ئابڕوی خانەوادەی قەیسەر بپارێزێت، ژەهر خواردکردن بوو. ژەهرێکە و لە جەوێکی هاوڕێیانەدا و لە عزووری شازادەکاندا دەخورێتەوە و دواتریش رادەگەیەنرێت راسپۆتین بەمەرگی ئیلاهی ئۆغری کرد و نهێنییەکانیشی لەگەڵ خۆی دەمرن. شازادەکان کێک و شەڕابی تژی لە ژەهرییان خستە بەردەم راسپۆتین. ئەم بەچێژەوە کەوتە خواردنییان، بەڵام وەک ئەوەی هەنگوین نۆش بکات نەک ژەهر، بەخەیاڵیدا نایەت و بەردەوامە لە نۆشکردنی شەراب و کێک. ناچار شازادەکان راستەوخۆ دەیدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و راسپۆتین و نهێنییەکانیش دەبنە مۆرکێکی هەمیشەیی بە تەوێڵی خانەوادەی قەیسەر و پەڵەیەکی نەسڕاوەی مێژوویان.
تەسفییە و لەناوبردنی رکابەر و نەیارەکان بە ژەهر خواردکردن دیاردەیەکی تایبەت نییە بە مۆدێرنەتەوە، بە پێچەوانەوە، لە سەدەکانی ناوەراستیش دەیان چیرۆکی بەناوبانگی ژەهر خواردکردن تۆمار کراون، بەتایبەتی لە ئیتالییای سەر و بەندی رێنسانسدا. بەڵام، بۆ خوێنەری کورد نزیکترین نموونەی ئەو چیرۆکانە ژەهر خواردکردنی میر سلێمان، میری میرنشینی سۆرانە لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەمدا. میر سلێمان لەکاتی سەردانی بۆ بەغدا و دانوسانکردن لەگەڵ والی عوسمانییەکاندا، بەپیلانی والی و بە هاوکاری لەشکری ژەهر خواردکرا. دیوە خەمناکەکانی ئەم رووداو فرەن، بەڵام هەرە خەمناکەکەیان غەدر و خیانەتی والی بەغدا بوو. میر بۆ دانوسان لەگەڵ والی عوسمانییەکان دەچێتە بەغدا و دەبێتە میوانی والی. بەڵام والی دوور لە عورف و ئەخلاقی سیاسی و میوانداری، پیلانی ژەهرخوارد کردنی میر دادەڕێژێت . لە خیانەتی والی خەمناکتر، خیانەتی لەشکرییە لە میر. لەشکری جێی متمانە و دەستەراسی میر و سەر لەشکری سوپاکەشی بوو، ئەو متمانە و باوەی میری قۆستەوە بۆ ژەهر خواردکردنی بەو ئومێدەی ئەم لە شوێنی میر سڵێمان ببێتە میری سۆران، هەر وک والی پەیمانی پێدابوو. رەنگە ئەمە کۆنترین کەیسی ژەهر خواردکردن و تاکە کەیسی لەوجۆرەش نەبێت لە مێژووی کورددا، بەڵام بەناوبانگترین کەیسە. شۆکی رووداوەکە و دەرهاویشتە و دەرەنجامەکانی هێندە کاریگەربوون تا ئێستاش هەم لە کۆنەست و لە فۆلکۆری کوردیدا بەنەمری ماونەتەوە.
لەراستیدا ئەگەر ژەهر خواردکردن وەک بەشێکی کەلتوری سیاسی تەماشای بکرێت، ئەوا ریشەی ئەو کەلتورە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین. دوو رووداوی مێژوویی ژەهر خواردکردن لە چوار سەدەی ێش زاییندا شایستەی هەڵوێستە لەسەر کردنن. رووداوی یەکەم ژەهرخواردنەوەی سوقراتە. سەدەی چوارەمی پێش زایین و بەدیاریکراویش لە ساڵی ٣٩٩ی پێش زاییندا، مێژوو دەبێتە شاهیدی بەناوبانگترین کەیسی ژاراویکردن، ئەمیش ژەهر خواردنەوەی سوقرات، فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی، بوو. هەرچەندە، سوقرات خۆی ژەهرەکەی ئاگاییانە خواردەوە و وەک کردەیەکی خودکوژی چاوی لێدەکرێت، بەڵام ئەو، خۆبەخشانە فەرمانی دادگای جێبەجێکرد نەک ب ویستی خۆی خودکوژی بکات. دادگای ئەسینا، فەرمانی مردنی سوقراتی لەرێگای خواردنەوەی کوپێک لە ژەهری هێملۆکی دەرکرد. بەگوێرەی یاساکە، سوقرات دەبوایە خۆی ئەم ژەهرە بخواتەوە، واتە خۆی ببێتە جەلادی خۆی. رەنگە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەمە ئاشکراترین و مەردانەترین شکۆمەندترین کردەی ژەهر خواردکردن بێت. ئاشکراترین کەیسی ژەهر خواردکردنە، چونکە سوقرات دەیزانی ئەو بادەیەی دەیخواتەوە ژەهری هێملۆکی کوشندەیە. مەردانە ترینی کردەی ژەهر خواردکردنیشە، چونکە هەم لایەنی بکوژ لەرێگای دادگایی کردنێکی ئاشکرا کە سوقرات خۆی تێیدا بەشدار بوو و بەرگری لەمافی خۆی دەکرد بڕیاری ژەهر خواردکردنی سوقراتی دەرکرد. ئەم کردەیە، شکۆمەندانەترین کردەی ژەهر خواردکردنیشە چونکە سوقرات لە پێناوی بیروباوەڕەکەیدا ئامادەی ژەهر خواردنەوە و مەرگی حەتمی بوو.
دووەم رووداوی بەناوبانگی پێش زایین دەرکردنی یاسای لێکس کۆرنیلیا نلەلایەن ئیمپراتۆرییەتی رۆمانییەوە. یاساکە تایبەتە بە سزادانی ئەوانەی تاوانی ژەهر خواردکردن ئەنجام دەدەن و بەیەکەم یاسای لەم شێوەیە هەژمار دەکرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە سەدەی چوارەم تا سەدەی یەکەمی پێش زایین، لە هەرێمەکانی ژێر قەڵەمڕەوی رۆمانەکاندا ژەهر خواردکردن دەبێتە مۆدێکی باوی کوشتن و مۆتەکەیەکیش بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی بەوهۆیەشەوە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ئیمپراتۆرە بەتەواوی ئاڵودە دەبێت. فراوانی ئەو شێوازی تەسفییەیە بەرادەیەک فراوان بووە کە لە ساڵی ٨٢ پێش زاییندا، ئیمپراتۆری رۆمانی ناچار دەبێت ئەو یاسایە دەربکات. دوای دەرکردنی یاساکە بە دەیان تاوانبار، لەوانەی لە تاوانی ژەهر خواردکردن تێوەگلا بوون سزای مەرگییان بەسەردا سەپێنرا
دوا چیرۆکی سەرنج راکێش. دەمەقاڵێی ژەهر خواردکردنە لە نێوان ناسنی ئەستۆر و وێنستن چێرچڵ، کە دوو لە بەناوبانگترین سیاسییەکانی سەدەی بیستی بەریتانییان و جێپەنجەیان بەسەر مێژووی بەریتانیا و جیهانەوە هەیە. ناسنی یەکەم ژنە پەرلەمانتاری بەریتانیە و چێرچڵیش کاریگەرترین سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. نانسی بە چێرچڵ دەڵێت "وینستن، ئەگەر تۆ مێردم بویتایە ژەهرم دەکردە چایەکەت". چێرچڵیش لەوەڵامدا دەڵێت "ناسنی، ئەگەر تۆ ژنم بویتایە چایەکەم دەخواردەوە". ئەگەر بەسەر دیوە گاڵتەجاڕییەکەی ئەم گفتوگۆیەدا بازبدەین ئەوا دیمەنێکی تر دەبینین، دیمەنی رق یان ترس تارادەی بیرکردنەوە لە ژەهر خواردکردنی ئەوی تر.
ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، زەمینە و فاکتەرەکانی پشت ژەهر خواردکردن چین؟
لەو کەیسە مێژووییانەدا کە لەسەروە ئاماژەمان پێداوە، سێ فاکتەری سەرەکی هاوبەش هەن کە وادەکەن ژەهر خواردکردن ببێتە بەدیل و شێوازێکی گونجاوی تەسفییە و لەناوبردن. فاکتەری یەکەم رق یان ترسە لە قوربانییەکە، رق و ترسێک تا رادەی ئارەزووی تەسفییە و لەناوبردن. ئەم رقە یان ترسە، لە پۆتین بەرامبەر لیتڤینێنکۆ و ناڤالنی؛ رق و ترسی شازادەکانی روسیای قەیسەری بەرامبەر راسپۆتین و والی بەغداش بەرامبەر میر سلێمان بە ئاشکرا دەردەکەوێت. فاکتەری دووەم، متمانەیە. هەمیشە لەنێوان تاوانکار و قوربانییەکەدا متمانەیەک هەیە و تاوانکار پێویستی بەو کەشی متمانەیە بۆ ژەهر خواردکردنی قوربانییەکەی. ئەمەش لە متمانەی لیتڤینێنکۆ و ناڤاڵنی بە چایخانەکان، لە میر سڵێمان بە لەشکری و والی بەغدا، لە راسپۆتین بە شازادە 'هاوڕێ'کانیدا دەردەکەوێت. نانسیش پێویستی بە متمانەی ژن و مێردایەتی بوو بۆ ژەهر خواردکردنی چێرچل. فاکتەری سێیەمیش، ونبوونی ئاسەوارەکانی ژەهر خواردکردنە. جا چ لەبەر ئەوەی زۆربەی جارەکان ژەهر خواردکردن لەگەڵ مردنی ئاساییدا تێکەڵ دەکرێت، یان لەبەر ئەوەی کەسی تاوانکار هێندە نزیکە لە قوربانییەکەوە، کەمتر شک و گومانی دەچێتە سەر. زۆربەی جارەکانیش، کەسی ژەهر خواردکراو یەکسەر نامرێت و ئەمەش وادەکات کەس و لایەنی تاوانکار لەناو کۆمەڵێک گومانلێکراودا، وون ببێت.
63
 
8 comments
Like
 
 
Comment
 
Share
 
 

11/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر