چەواشەی میدیای باشور، ئیدیعای چوار وەزیرە کوردەکەی ئەردۆغان، وەک نمونە..

ئارام رەفعەت
میدیای باشور وەک ڕوداوێکی گرنگ هەواڵی بونی چوار وەزیری کورد لەکابینەکەی ئەردۆغاندا بڵاودەکەنەوە. ئەمجۆرە هەواڵانە، بەمەبەست یان بێ مەبەست، چەواشەکاریی‌و گەوجاندنەو ئاو دەکاتە ئاشی جەنگی تایبەتی داگیرکەر دژ بەکورد. ئەو چوار وەزیرە کورد نین، تورکی بەرەچەڵەک کوردن. لەتورکیا، بەڕەچەڵەک کوردبون، بەمانای کوردبون نایەت. بەملیۆنان تورک هەن کە بەڕەچەڵەک کوردن، بەڵام ئینکاری کوردبونیان دەکەن‌و خۆیان بەتورک دەناسێنن.

جا هەڵبژاردنی تورکبون هەلپەرەستی بێت، لەژێر زەبرو زەنگ‌و جەبەروتی دەوڵەت‌و کۆمەڵگای تورکیەوە بێت، یان بەهۆی ژینگەی سیاسی‌و کۆمەڵایتییەوە بێت، یان لەژێر فشاری ئابوری‌و جەنگی دەروونییەوە بێت، هیچ لەپرسەکە ناگۆڕێت‌و ئەوانە ئیتر تورکن.....

لەکۆتایی نەوەتەکان، سێ ساڵ لەشاری ئەماسیای نزیک دەریای ڕەش بوم، لایەکی ئەوشارە لەو جۆرە تورکە بەڕەچەڵەک کوردانە بون، زۆربەیان موزایەدەی تورکبوونیان بەسەر تورکەکانەوە دەکرد، سەرۆکی شارەوانی، لەسەر لیستی مەهەپە، کەناوی حەسەن تاش بوو، لەمجۆرە تورکە بەڕەچەڵەک کوردانە بوو، سەرۆکی لقی مەهەپەی ئەوشارەش هەر لەو جۆرە تورکانە بوو، موختاری گەڕەکەکەو ئەو کابرایەی خانوەکەمان لێ بەکرێ گرتبوو و ئەو وەستایەش کارم لەگەڵ دەکرد، لەوجۆرە تورکانە بون.

بولەند ئەجەویدیش کە سەردەمێک سەرۆک وەزیر بوو، لەو جۆرە تورکانە بوو. لەسەردەمی ئەجەویدا گەلەکۆمەکێی سەر ئۆجه‌لان کرا. لەباشوریش تەها یاسین ڕەمەزان عەرەبێکی بەڕەچەڵەک کورد بوو، بەڵام ئەو ئیتر عەرەب بوو و تەواو.

ئەو چوار تورکەش، کە ئەردۆغان کردونی بەوەزیر، کوردنین‌و تورکی بەڕەچەڵەک کوردن. وەک تەها یاسین ڕەمەزانەکەی لەمەڕ خۆمان‌و وەک ئەو تورکانەی ئەماسیاو وەک بولەنت ئەجەوید، ئەوانەش هەرگیز ئیدیعای کوردبونیان نەکردوەو بچوکترین سۆزیشییان بۆ کورد نییە.

بەپێچەوانەوە، لەدڵسۆزییان بۆ تورک‌و دەوڵەتەکەیان، لەدژایەتییان بۆ کوردو دۆزە ڕەواکەی، کەم تورک هەیە شانبدات لەشانی هاکان فیدان‌و سێ تورکەکەی تر، گورزی ئەوجۆرە تورکانە توندترو ڕەقترە لەهی تورکەکانی تر.

ئەوانە، هەر لەبەر ئەم تورکبون‌و دڵسۆزییەیان بۆ دەوڵەتی تورک‌و دژایەتییان بۆ کورد، کراونەتە وەزیر. ئیتر بەچ پێوانەیەک ئەوانە کوردن، میدیا عاجباتییەکەی باشور...!

06/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر