کشانی تورک و شکانی کورد

ئارام رەفعەت

تورکەکان سەرگەرمی ئامادەکارین بۆ هێرشکردنە سەر رۆژاڤا. لە ١٠ رۆژی رابردوودا نۆ کاروانی سەربازی تورک و بەسەدان تانک و تۆپ بەڕێکراون و لەنزیک مەنبەج جێگیرکراون. ئەمە جگە لە بەرێکردن و جێگیرکردنی هەزاران تیرۆریستی توندرەوی سووری.

ئێستا تورک ئامادەکاری بۆ سەپاندنی شەڕێکی وێرانکەر بەسەر رۆژاڤادا دەکات. ئەم شەڕە پێدەچێت حەتمی بێت و دەبێت روو بدات. ئەوەی شەڕەکە دەکات تورکە و ئەوەی بەئاگری شەڕی تورکیش دەسوتێ کوردە. 

تورک دەیەوێت بکشێت بۆ ئەو دیو سنوورەکانی خۆی. چونکە سنوورەکانی ئێستای تورکیا، بە باکوری داگیرکراویشەوە، بۆ پۆستاڵی تورکەکان تەسک و بۆ کەللەشییان بچوکە. 

لە دوای هەرەسی حوکمی قەرەقۆشی عوسمانییەکانەوە، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا تورکەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکانییان نەکشاون. ئێستا پۆستاڵی تورک لە باشور و رۆژاڤای کوردستانە، وە لە قوبرس و ئەدلیبی سوریا و قەتەر و ئازەربایجان و لیبیا و ئەریتریاش هەیە. بەڵام ئەم مەودایە هێشتا بۆ پۆستاڵی تورکەکان تەسک و بۆ ئەقڵەکەشیان بچوکە و تورکەکان دەیانەوێت زیاتر و زیاتر بکشێن.

شەش سەدەیە کشانی تورک بەند بووە بە شکانی کورد.  چیرۆکی شەش سەدەی رابردوو چیرۆکی کشانی تورک و شکانی کورد بووە. ئێستاش جارێکی تر ئەم چیرۆکە خەریکە دووبارە دەبێتەوە.

سەدان مەتەڵ لە پشت ئەم چیرۆکە دووبارە و سەدبارەیەی کشانی تورک و شکانی کوردەوە هەیە. سەرەتا و کۆتایی هەموو مەتەڵەکانیش راهاتنی تورکە لەگەڵ باڵادەستی و راهاتنی کوردیشە لەگەڵ ژێردەستی. چەقی هەمو ومەتەڵەکانیش ئەوەیە، تورک دووژمنی کوردە و کوردیش دووژمنی خۆیەتی.

دواجار، تورکەکان سەرگەرمی خۆ ئامادەکردنن بۆ تێکشاندنی کورد و کشان بەرەو قوڵایی خاکەکەی، رۆژاڤان. هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن کە جارێکی تریش چیرۆکە تاڵەکەی کشانی ئەوان و شکانی ئێمە دووبارە دەبێتەوە.

11/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر