چۆن لە کەسایەتی موقتەدا سەدر تێبگەین؟

ئارام رەفعەت
تێگەییشتن لەسەدر ئاڵۆزە، هەر لەبەر ئەوەنا کە ئەو پیاوی سوپرایزەکانە یان کەسایەتییەکی رارا و ناجێگیرە لە بڕیار و هەڵوێست و مانۆرە سیاسییەکانیدا، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە لە وردبوونەوە لەو کەسایەتییە شیعییە مڕومۆنجەدا، دەکرێت زیاتر لە سەدرێک، یان فرە کەسایەتی لەناو کەسایەتی سەدردا  ببینرێت. 

بۆ تێگەییشتن لە سەدر، هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر هەندێک لە دیوە جیاوازەکانی کەسایەتی ئەو سیاسییە شیعییە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پەیامە چوار لاپەڕەییەی سەدر، کە لە سێی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە زمانی فارسی لە هەژماری تویتەکەی خۆیدا بڵاوکردەوە، وەک بنەمایەک بۆ شرۆڤەی کەسایەتی سەدر بەکاردێنم . لە پەیامەکەیدا، کە تایبەتە بەهاتنی زیارەتکەرانی ئێرانی بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمی چلەی شیعەکاندا، دەتوانرێت چەندان خۆ-وێنای جیاوازی کەسایەتی سەدر ببینرێت. 

یەکێک لەو خۆ-وێناکردنانەی سەدر، کە خوێنەر لە پەیامەکەیدا دێتە بەرچاوی، ئاخاوتنی ئەوە وەک کەسی یەکەمی عێڕاق. ئەو لە پەیامەکەیدا بڕیار دەدات کێ و چۆن و بە چ هەلومەرج و تایبەیمەندییەکی شەرعی و ئیداری بێتە عێڕاق و بەشداری بۆنەی چلەی شیعەکان و سەردانی مەزارە پیرۆزەکان بکات. 

خۆ-وێناکردنێکی تری سەدر ئەوەیە لە پەیامەکەیدا خۆی وەک کەسایەتییەکی سەرووی دەسەڵاتە دونیایەکان تەرح دەکات. لە پەیامەکەیدا سەدر وەک مەرجەعی باڵا هەم سنوورەکانی "ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکیر" دیاری دەکات وە هەم فەرمان بە دەسەڵات دەکات ئەم رێسایانەی کە ئەو بە مەعروف و مونکیر دیاری دەکات بەسەر زیارەتکەرە ئێرانییەکاندا جێبەجێ بکات. لێرەدا سەدر هەنگاوێک زیاتر دەروات و پێی وایە هاومەزهەبە ئێرانییەکانی سنوورەکانی مەعروف و مونکیر نازانن و پێویستیان بە سەدرە بۆ زانینی ئەو سنوورانە.

بەشێکی پەیامەکەی سەدر ئاشناکردنی زیارەتکەرانە بەو پایانە. 

خۆ-وێناکرردنێکی دیکەی سەدر رابەرێتی ناسیونالیستی شیعی عەرەبییە. سەدر لەپەیامەکەیدا، مافی خاوەندارێتی شیعیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک مەزهەب و وەک پرۆژەی سیاسی لە ئێرانییەکان دەسەنێتەوە و لەبەرامبەریشدا عەرەب و نەجەف وەک خاوەنی ئەسڵی شیعیزم دەناسێنێت، هەڵبەت، لەناو دێڕی پەیامەکەیدا ئەوەش بەڕوونی دەبینرێت کە ئەو شایستەترین رابەر و بیریاری ئەو شیعیزمەیە. 

لە ناو پەیامە فارسییەکەی سەدردا خۆ-وێناکردنێکی تری سەرنج راکێشیش دەبینرێت، ئەویش خۆ-وێناکردنە وەک تاکە رابەری  ناسیونالیزمی شیعی-عێڕاقی. لە پەیامەکەیدا عێڕاق پیرۆزتر و بانتر و گرنگترە لە ئێران. هەڵبەت پێوانەی سەدر بۆ پیرۆزتر بوون و بانتر و گرنگتر بوونی عێڕاق ژمارەی مەرقەدە پیرۆزەکانە، کە وەک خۆی دەڵێت ژمارەی مەزارە پیرۆزەکانی عێراق لەهەموو دونیای ئیسلامی زیاترە. ئەمیش حامی و پارێزەری ئەو مەقام و پێگە پیرۆزەی عێراقە، سەدر و بنەماڵەکەشی خاوەنی ئەسڵی ئەم "پیرۆزترینەن".

بەمجۆرە، لەپەیامە فارسییەکەیدا، کە ئاراستە یئێرانییەکان کراوە. سەدرێکی فرە کەسایەتی دەبینرێت. ئەم فرە کەسایەتییەی سەدر رەنگدانەوەی خەونە ئەزەلییەکەیەیەتی، کە خۆ-وێناکردنە بە پادشای سیاسی و باوکی رۆحی شیعەکان. بۆ ئەم مەبەستەش سەدر پێویستی بە بەرەوتی سەدری کردنی کۆی پەیوەندی خۆی و کۆمەڵگای شیعی و عێڕاقییە. بەو واتایەی، کە چۆن لەناو رەوتی سەدردا، پەیوەندی هەواداران و لایەنگرانی رەوتەکەی  لەگەڵ خۆیدا پەیوەندی بەیعەت و تاعە و گوێڕایەڵییەتێکی رەهایە، سەدر دەیەوێت هەمان پێوەندی بگوازێتەوە بۆ کایەی فراوانی کۆمەڵگا. دەکرێت ئەم خۆ-وێناکردنەی سەدر بە دەربڕینێک کورتبکرێتەوە کەلەکەلتوری سیاسی عێڕاقییەکاندا ریشەی داکوتاوە کە ئەویش هاوتاکردنی کەسایەتییەکە بە عێڕاق، کەلتورێک کە پێشتر مەلیک فەیسەل و قاسم و سەدام پیادەیان کردووە و سەدریش دەیەوێت لە قاڵبێکی تردا فۆرمەڵەی بکاتەوە، قاڵبی "اذ قال الصدر، قال العراق."

ئەم خەیاڵانەی سەدر پوچ نییە و ریشەیەکی دەچێتەوە سەر واقیع. واقیعێک کە بەرهەم و دەرهاویشتەی نزیک بە ٧٠ ساڵەی هەژموونی خێزانەکەیەتی. ئەم وەک نەسەب، میراتگری سەدری مام و خەزوور، واتە محەمەد باقر ئەلسەدرە، کە داهێنەر و رابەری رەوتی شیعی ئیسلامی نوخبەوییە. محەمەد باقر بە باوکی رۆحی نزیک بەسەرجەم رەوتە شیعییەکان، بەتایبەتیش حیزبی دەعوە و گروپ و لقە جیابووەکانی، دادەنرێت. لەوەش گرنگتر ئەو میراتگری سەدری باوک، محەمەد سادقیشە، کە شیعیزمی ئیسلامی لە نوخبەوە گواستەوە ناو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. بەواتایەکی تر، ئەلسەدری باوک، زەمینەی شیعەی سیاسی لە دەستی نوخبە و چینی ناوەراستی کۆمەڵگای شیعی ترازاند و هێنایە ناو گەڕەگە میللیە هەژارنشینەکانی بەغدا و شارە گەورەکانی تری عێڕاق. فرە-کەسایەتییەکانی موقتەدا، کە لەپەیامە فارسییەکەیدا دەبینین، لەو خۆ میراتگرییەی سەدر دێت بۆ هەردوو باوکە رۆحییەکەی شیعە، محەمەد باقر و محەمەد سادق.

ئەم میراتگرییە وایکردووە کە لەناو ماڵی شیعەکاندا و جیاواز لەسەرجەم رکابەرەکانی، پانتایی هەژموونی سەدر و رەوتەکەی لە کایەی سیاسی دا قەتیس نەمێنێت و بخزێتە هەردوو پانتایی جوگرافی و عەقائیدی. یەکەمییان ریشەی جەماوەرییە و لە گەڕەکە شەعبی و هەژارەکانی شارە گەورەکاندا بەرجەستەبووە، وە دووەمیشییان کڕۆک و جەوهەری جوڵانەوە شیعییەکانە و ماک و دەمامکی ئایدۆلۆژی و رەوایی و رێکخراوەیی دابین دەکات. ئەم دوو پانتاییەی کە سەدر لێی بەهرەمەندە، سەرچاوەی خەسڵەتە فرە-کەسایەتییەکەی ئەوە. دوو پانتاییەک، کە ئەوانی تری رکابەر لێی بێ بەشن. بۆیە ئەوانی تری رکابەر، بەتایبەت ئەوانەی لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کۆبوونەتەوە، بێ گەڕانەوە بۆ شەعبییەتی ئەوی تری مەرجەع، بەتایبەتی سیستانی، وە بێ گەڕانەوە بۆ فیقهییەتی ئەوی تری مەرجەع، بەتایبەتیش خامنەئی، خۆیان ناتوانن نە پایەی جەماوەری و نە چوارچێوەی عەقیدەیی دەستەبەر بکەن. هەم ئەم میراتگرییەیشە کە جۆرێک لە پارێزبەندی بەدیل دەداتە سەدر، پارێزبەندییەک کە بەنەمانی موبارەکەی مەرجەعەکەیشی، ئەو هەر بە پارێزراو دەمێنێتەوە. ئەمەش بەکردەوە ئەزموون کرا. سەرەڕای ئەوەی حائیری کە مەرجەعی سەدرییەکان بوو، خۆی لە سەدر و رەوتەکەی بێبەری کرد، بەڵام لایەنگرانی سەدر پشتی ئەوییان بەرنەدا، کە لەحاڵەتی هەر سەرکردەیەکی تری سیاسی عێڕاقی چاوەڕوان کراو بوو. ئەمەش لە خۆپیشاندانە خوێانوییەکەی دوای بڕیاری سەدر بۆ وازهێنان لەسیاسەت و دواتریش کشانەوەیان لە زۆنی سەوز لەماوەی کاتژمێرێکدا، لەسەر خواستی سەدر بۆ جارێکی تر سەلمێنرا.

ئەم تایبەتمەندی و موتەمەکینی و هەژموونە فرە رەهەندییەی سەدر وایکردووە خۆی بۆ بوونی بە پادشای سیاسی ناو کۆمەڵگای شیعەکان ئامادە بکات، پادشاییەتیەکی باوکانە، پادشایەتییەک کە تاجی پیرۆزی لەسەدری مام و باوکەوە بەمیرات گرتووە.

لێرەدا پێویستیمان بە فاکتەری کاتیشە بۆ تێگەییشتن لە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی خەسڵەتی فرەکەسایەتی سەدر بەسەر واقیعی سیاسی عێراقی و هاوکێشەی هێزەکانەوە. لە فاکتەری کاتدا دەکرێت لەدوا وێسگەوە دەستپێبکەین، لە پەیامە فارسییەکەی ئەودا کە لەدوای پرۆسەیەکی ناکامەی چەند قۆناغی دێت. پرۆسەیەک کە لەهەوڵی تێکشکاندنی نەزمی باوی سیاسی و حوکمڕانی عێڕاق، کە نەزمی موحاسەسە و دامەزراندنی حکومەتی زۆرینەی رەوتەکەی دەست پێدەکات. لەم قۆناغەدا، سەدر دەڵێت من خاوەنی عێڕاقم و منیش بڕیار لەسەر سیستەمی سیاسی عێڕاقی دەدەم. کە لەم هەنگاوەیدا کورت دێنێت و پەرلەمانتارەکانی ئیستیقالە پێدەکات، ئاپۆرەی سەدریستییەکان بەرەو کۆنترۆڵکردن و پەکخستنی پەرلەمان  ئاراستە دەکات. لەم هەنگاوەیدا سەدر دەڵێت من تاکە کەسایەتی خاوەن شەرعییەتی جەماوەریم و توانای ئەوەم هەیە کە ئەو شەرعییەتەم هەم لە پەرلەماندا وە هەم لەناو ئاپۆرای جەماوەردا پیادە بکەم. کە ئەم هەنگاوەشی ئامانج ناپێکێت، سەدر دەست بۆ هەرەمەی دەسەڵاتی تەنفیزی دەبات و کۆشکی کۆماری کۆنترۆڵ دەکات. لێرەدا بە رکابەرەکانی دەڵێت من خاوەنی دەسەڵاتی تەنفیزی عێڕاقیم و هەرکاتێک بمەوەێت دەتوانم ئەو دەسەڵاتەتان لێ بسێنمەوە. مەیدانێکی تر کە سەدر دەتوانێت مانۆری تێدا بکات و دیوێکی تری کەسایەتییەکەی خۆی تێدا بەرجەستە بکات، مەیدانی ئەهەقییەتی رابەرایەتی جیهانی شیعەکانە. ئەمەش بەڕاشکاوی لە پەیامە فارسییەکەی سەدر دا دەبینرێت و کڕۆکی خەونەکەی سەدرە بۆ پەڕینەوە لەسنوورەکانی عێڕاقی شیعی بۆ جیهانی (هیلالی) شیعی. 

رەنگە سەدر لەهیچ کام لەم موناوەرە و موغامەرانە، کە هەر کامێکی رەنگدانەوەی دیوێکی کەسایەتییەکەتی، سەرکەوتوو نەبووبێت، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە حەنانەی نەجەف هەم بکاتە مونافیس و هەم بەدیلی زۆنی سەوزی بەغدا،  وە هەمووان تێبگەیەنێت کە بڕیارە چارەنووسسازەکانی عێڕاق بە حەنانەدا تێدەپەڕن نەک بە زۆنی سەوزدا.

بەکورتی، تیگەییشتن لەسەدر ئاڵۆزە، ئەوەی کە زیاتر تێگەییشتنی لە سەدر ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە سەدر خاوەنی کاریزمایەکە کە هی خۆی نییە. سەدر پۆپۆلیستترین کەسایەتی شیعەکانە کە زۆرترین کاریگەری لەسەر شەقامی شیعی هەیە، بەڵام نە پۆپۆلیزمییەکەی زادەی کەسایەتی ئەون و نە شەقامەکەش زادەی توانا و بەهرەکانی. دواجار، ئەو خەونی ئەوەی هەیە کە پادشای سیاسی عێڕاق و واجیهەی حوکڕانییەکەی بێت و کەرەستەی بە واقیعکردنی ئەو خەونەشی هەیە، بەڵام نە خەونەکەی هی خۆیەتی و نە کەرەستەی بەدیهێنانەکەیشی، بەڵکو هەردووکیانی میراتێکن و لە باوک و مامییەوە بۆی جێماون.

16/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر