كورد قەرزاری ئەخلاقی بەرزی سویدییەكانە

ئارام رەفعەت
لەم رۆژانەدا سوید دۆسییەیەكی  گەندەڵی بۆ كوڕەكەی ئەردۆغان كردۆتەوە. كردنەوەی ئەو دۆسییەیە راستەوخۆ پەیوەندی بەكوردەوە هەیە.
 
وردەكاری دۆسییەی گەندەڵییەكە لەخوارەوە باس دەكەم، بەڵام، با سەرەتا ئاماژە بەوە بدەم بۆچی كردنەوەی ئەم دۆسییەیە پەیوەندی بەكوردەوە هەیە و بۆچی كورد قەرزاری ئەخلاقی بەرزی سویدییەكان و سیاسەتی گشتی ئەو وڵاتەیە.

نزیكەی ساڵێكە سویدییەكان لەبەردەم دەرگای ناتۆ چاوەڕێ دەكەن و دەیانەوێت ببنە ئەندامی ئەو رێكخراوە. بۆ سوید ئەندامبوون لە ناتۆ پرسێكی چارەننووسازە و تەواو پەیوەستە بە پرسی ئاشاییشی نەتەوەیی سوید و پاراستنی لە هەڕەشەكانی روسیا و بە ئۆكرانیكردنی  ئەو وڵاتەیە.

ئەوەی رێگری لەئەندامبوونی سوید دەكات دەوڵەتی توركە. وەك ئەندامی ناتۆ، دەوڵەتی تورك مافی ڤیتۆی هەیە و ئەم مافەشی دژی ئەندامبوونی سوید بەكاردێنێت. 

دەوڵەتی تورك ئامادەیە ئەم ڤیتۆیەی لابەرێت، بەڵام بەمەرجێك ڤیتۆكەی بەكار ناهێنێت ئەگەر سوید داواكارییەكی توركەكان جێبەجێ بكات.

داواكاری تورك سادە و روون و ئاشكرایە، راوەدوونان و رادەستكردنەوەی ژمارەیەك كوردی باكور و پارچەكانی ترە بە دەوڵەتی تورك. سەرچاوەكان ئاماژە بە لیستێكی 138 كەسی دەكەن.سەرجەمیان كوردی وڵاتپارێزن. بەكورتی، بۆ ئەوەی سوید ببێتە ئەندام و توركەكان رازی بكات و چیتر ئەو ڤیتۆیە دژی بەكارنەهێنرێت دەبێت كورد بكاتە قوربانی.

لەسەد ساڵی رابردوودا كردنە قوربانی كورد بێ كێشەترین و بێ باجترین جۆری سازش و مامەڵەكردنی وڵاتان بووە. نەك هەر چوار دەوڵەتە داگیركەرەكەی كوردستان، سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانی دونیا و لەوانەش ئەمریكا و روسیا و بەریتانیا، هیچ دوودڵ نەبوونە لەم جۆرە بەقوربانی كردنە. 

تەنانەت خودی كوردیش زۆر بەسادەیی ئامادەی یەكتریكردنە قوربانییە. چوونە پاڵ كۆماری ئیسلامی پارتێكی باشور لەهەشتاكانی سەدەی رابردوو و شەڕكردن لەگەڵ كوردی رۆژهەڵات نموونەیەكی زیندووە.

نموونەیەكی تری قوربانیكردنی كورد لەلایەن كوردەوە، ئەوتیرۆرەیە كە لەساڵی رابردوودا دژی كوردانی باكور و رۆژاڤا و بۆ رەزامەندی توركەكان لەباشور كراوە. 

ساڵێكە سوید دەست و پەنجە لەگەڵ توركەكاندا نەرم دەكات و ئامادە نییە یەك لەوكوردانەی تەسلیم بكات كە لەسەر تەڤگەری وڵاتپارێزی باكور و رۆژاڤا هەژمار دەكرێن. بەڵام، لەم ساڵەدا لانی كەم دە كوردی وڵاتپارێزی ئەو دوو پارچەیە لەباشور تیرۆركراون. زۆرینەی ئەو تیرۆرانە بە چاوپۆشینی لایەنێك و بە پشتیوانی جیۆلیستی و هەواڵگری لایەنێكی تر بووە.

جگە لەوە، لەسەر ئاستی جەماوەریش، هەروەك لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری ئەمساڵی توركیادا دەركەوت، كەمنین ئەو باشورییانەی كە بەسەر ئازار و ژێردەستەیی و مەزڵوومی باكورییەكان باز دەدەن و هاوسۆز و پشتیوانی دەوڵەتی تورك و رژێمەكەی ئەردۆغانن.

ئەخلاقی بەرزی گەل و وڵاتی سوید لێرەدا دەردەكەوێت. ئەوان ئامادەن ئاساییش و بەرژەوەندی وڵاتەكەیان بخەنە مەترسییەوە، بەڵام ئامادەنین تەسلیمی خواستە دژە كوردییەكانی تورك بێت. ئەمە لەكاتێكدا، ئەم تەسلیمبوونەی لە رووی سیاسییە و پێگەی نێودەوڵەتییەوە نە هیچلێكەوتەیەكی نەگەتیڤی هەیە و نە لەسەریشی دەكەوێت.

وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، سوید بەهاوكاری ئەمریكا دەیەوێت لێكۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگلانی بیلالی كوڕەكەی ئەردۆغان لە   گەندەڵی بكات.

گەندەڵییەكە بەو جۆرەیە. كۆمپانیایەكی سویدی بۆ پارچەكانی ئۆتۆمبێل، كە هاوبەشە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی ویستوویانە لەڕێگای بەرتیل پێدانەوە كوڕەكەی ئەردۆغان بۆ لۆبیكردن لەتوركیا بەكاربێنێت. بەگوێرەی مامەڵەكە، كۆمانیاكە دەیان ملیۆن دۆلار دەداتە بیلال ئەردۆغان و ئەویش لەبەرامبەردا پێگەی خۆی و باوكی بەكاردێنێت كە بۆ ماوەی دە ساڵ مافی قۆرخردنی بازاڕی تورك لە بوارەكانی ئەو پارچەیەی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو كۆمپانیایە مسۆگەر بكات.

هەڵبەت مامەڵەكە سەری نەگرتووە و كۆمپانیاكە كشاوەتەوە و پەشیمانبۆتەوە. بەڵام، پێدەچێت بیلال جۆرێك لە ئامادەیی و رەزامەندی تێدابووبێت و كەوتبێتە ناو مامەڵەكەوە.

كردنەوەی ئەم دۆسییەیە توركەكانی شێت و هەراسان كردووە، بەتایبەت رژێمەكەی ئەردۆغان و حیزبەكەی و حیزبە گورگەبۆرە هاوپەیمانەكانی. 

لەیەكەم پەرچەكرداردا، دەوڵەتی تورك زیاتر لە 90 سایت و رۆژنامە و پەیجی سۆشیال میدیای بلۆك كردووە كە ئەو هەواڵەیان بڵاوكردۆتەوە.

پێدەچێت سوید بە مەرام لەم كاتەدا ئەم دۆسییەی گەندەڵییەی كردبێتەوە و بییەوێت وەك كارتێكی فشار بەرامبەر توركەكانی بەكار بێنێت و ناچارییان بكات لەپرسی داواكارییەكانییان دەرهەق بە رادەستكردنەوەی كوردە پەناهەندەكانی سوید پاشەكشە بە توركەكان بكات.

چەندە ئەم كارتە سەردەگرێت یان نا، چەندە سوید لەبەردەم ڤیتۆی تورك و فشارەكانی توركەكان بۆ بەقوربانیكردنی كورد  خۆی دەگرێت یان نا، هیچ لەوە كەم ناكاتەوە كە ئەم وڵاتە مێژوویەكی پڕ لەسەروەری و ئەخلاقی سیاسی و مرۆیی بۆخۆی تۆماركرد. مێژوویەك كە هەموو كوردی قەرزبار كرد. هەڵبەت مەبەست لە هەموو كورد، ئەو كوردەیە كە شەهید ئاپێ موسا عەنتەر، بە كوردی بەنامووس پۆلێنییان دەكات.

28/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر