سەدام بالیسان و شێخوەسانی کیمیاباران نەکرد

ئارام رەفعەت

ئەمڕۆ ٣٧مین ساڵڕۆژی کیمیابارانی شێخوەسان و بالیسانە.
من شاهید عەیانێکی ئەو   تاوانە کۆمەڵکوژییەم. زۆربەی قوربانییەکانیشم دوور و نزیک  دەناسی.   
بەهۆی نزیکی بالیسان لە گوندەکەمانەوە، ئەو رۆژە بەچاوی خۆمان فڕۆکەکانی دەوڵەتی عێڕاقمان  بە ئاسمانی   ئەو دوو گەورەدێیەدا دەبینی.  هەر هەمان رۆژ پورزاکانم، کە  خەڵکی بالیسانن و لە کیمیابارانەکە رزگارییان ببوو،  گەییشتنە  ماڵی ئێمە.
لەو رۆژەوە، کەم و زۆر لەگەڵ ئەو جینۆسایدە و لێکەوتە و دەرەنجامەکانی، وە چیرۆکە خەمناکەکانیدا دەژیم. کارەکتەرە قوربانییەکان بەردەوام  لەخەیاڵدانی مندا زیندوون و لەهەر بۆنە و رووداوێکدا خۆ وێنادەکەنەوە.  
ئەوەی لەو رۆژەوە لە کیمیابارانەکە زیاتر ناخ و رۆحم ئازار دەدات وێناکردن و ناونانی تاوانباری ئەو جینۆسایدەیە.
بەشێوەیەکی گشتی، لە گوتار و ئەدەبیاتی سیاسی باشوردا، کە زیاتر گوتاری جووت حیزبە ناکوردستانییە خێڵگەراکەیە، هەوڵی بەشەخسەنەکردنی ئەو جینۆسایدە دەدرێت.
لەم بەشەخسەنەکردنەدا وا وێنا دەکرێت کە ئەوە سەدام یان حیزبی بەعسە تاوانەکەی ئەنجام داوە. 
لەڕاستیدا، تاوانبار و بکەری ئەم جینۆسایدە، نە سەدامە و نە حیزبی بەعس، بەڵکو عێڕاقە چ وەک کیان و چ وەک دەوڵەت، هەروەها نەتەوەی عەڕەبە چ وەک نەتەوەی سەردەست و چ وەک خاوەن و پارێزەری ئەم دەڵەتە. 
ئەمە فۆرم و نۆرمێکی جیهانییە، کە دەوڵەتەکان و نەتەوەی خاوەن دەوڵەت نەتەوەکە بەرپرسیای هەر جۆرە تاوانێکن کە رژێمەکانییان لەسەر خاکی نەتەوەیەکی تر ، کەداگیرییان کردوون، ئەنجامی دەدەن.  
بۆ نموونە، ئەوە دەوڵەتی بەریتانیا و بەریتانییەکانن کە بەرپرسن لەهەر تاوانێک کە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لە هەر وڵاتێکی ژێردەستەی بەریتانیا لەسەردەمی چێرچڵ ئەنجامی دابێت، نەک خودی چێرچڵ و  پارتی پارێزگارانی بەریتانی. هەمان شت بۆ ئیسرائیل و یەهودییەکان راستە، بۆ هەر تاوانێک کە لەفەلەستین ئەمجامی دابێت،لەسەردەمی شیمۆن پیرێز.
پرسی بەرپرسیارێتی سرووشتێکی وەرەسەیی و هەمیشەیی هەیە، نە تێپەڕبوونی کات و زەمەن و گۆڕینی رژێمەکان، وە نە سرووشت و پەیوەندە نەتەوەی قوربانی و وڵاتی ژێردەستە لەگەڵ دەوڵەت و رژێمی تاوانکار، هیچ لەم سروشتە وەرەسەییە ناگۆڕێت و لەو تاوانەی کە دەوڵەت و نەتەوەی داگیرکەر ئەنجامییان داوە کەم ناکاتەوە.
ئەو جۆرە ناونان و بەشەخسەنە کردنە، واتە، بەسەدامی و بەعسی کردنی تاوانەکانی دەوڵەتی عێڕاقی و نەتەوەی سەردەستی عەڕەب، ئەگەر لەنەزانی و بەرائەتەوە بێت، ئەوا ئاماژەی کاڵفامی و ناکامڵی سیاسی و ئەقڵیەتی خێڵگەراییە. ئەگەر ئامانجدار و بە پلانیش بێت و مەبەست لێی تەبریئە و بێبەریکردنی دەوڵەتی عێڕاق و نەتەوەی سەردەستی عەڕەب بێت،  ئەوا تاوان و خیانەتە.
سەدام و بەعس تەنیا تاوانباری جینۆساید و داگیرکاری کوردستان نین، دەوڵەت و نەتەوەی عەڕەب و یەک بەیەکی رژێمەکانی ئێستا و داهاتووش بەرپرسیار و تاوانبارن.

16/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر