حکومەتی هەرێم نایەوێت تێبگات

هۆشیار عەبدوڵا


لە ئێستادا گەورەترین ئەرک کامەیە ؟!
تکایە بزانن کێیە دەیەوێت دۆخی خراپی موچە بەردەوام بێت ؟!
کێن ئەوانەی دەیانەوێت تاڵانی نەوت بەردەوام بیت؟!
ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە لەبری خۆسەرقاڵکردنی حکومەتی هەرێم بە موازەنەی عێراقەوە خۆی موازەنە بۆ حکومەتی هەرێم ساڵی ۲٠۱۹ ئامادە بکات ؟!

ئێمە لێرە لە بەغداد هەر کارێک بکەین لە موازەنەدا ئەگەر لە هەرێم هاوکار نەبن، تێنەگەن، نەیانەوێت ئیلتیزام بکەن ، ریسەکەمان دەبێتەوە بە خوری بەتایبەت لە پەیوەست بە نەوت و موچە بۆیە ناچارم راشکاوانە رو بە حکومەتی هەرێم بدوێم.

ئەوانەی دەیانەوێت لە ئێستاوە بڵێن ، هەرێم نەوت بنێرێ یان نەنێڕێ ئەوا بە غداد موچە دەنێرێت و ئەوەش کراوە بە یاسا ، جیا لەوەی قسەیەکی نادروست دەکەن ، موجازەفەیەکی گەورەش بە موچە و ژیانی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەکەن تەنها بۆ ئەوەی نەوت نەدرێتە سۆمۆ و بە ناشەفافی وەک خۆی لە بەرژەوەندی چەند گروپێکی حزبیدا بمێنێتەوە .

مەسەلەی ئەوەی موچە بێ ناردنی نەوت یەکلابۆتەوە ناراستە چونکە هێشتا موازەنە رەشنوسە و نەکراوە بە یاسا و ماددەی دە ، دوەم ، برگەی (ج) ئاسان نیە تێپەڕبونی و تا تێنەپەرێت و دەنگی لەسەر نەدرێت ناکرێ خەلکی پێ بخەڵەتێنرێت.

مەلەفی نەوتی هەرێم و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم مەلەفێکی پێکەوە گرێدراون و جیا نین ، ئەوانەی دەیانەوێت جیای بکەنەوە هەوڵ ئەدەن ئەو مەلەفە پینە بکەن ، لە کاتێکا مەلەفی نەوتی هەرێم پێویستی بە چارەسەر و حەسمکردنە نەک پینە و پەڕۆ!

ئەوانەی دەیانەوێت یا شەڕی ئەوە دەکەن هەرێم نەوتەکە نەداتە بەغداد و لەدەستی چەند گروپێکا بمێنێتەوە نازانن چ موجازەفەیەک بە ژیان و موچەی خەڵکەوە دەکەن.

ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی حکومەتی هەرێم دەزانن با هانیبدەن بۆ ساڵی ۲٠۱۹ یاسای موازەنە ئامادە بکات ، رونە کە یاسای موازنە کۆمەلێک ژمارەی تەخمینیە بۆ ساڵێکی دارایی ، هەرێم چەندین ساڵە خۆی لە ئامادەکردنی موازنە ئەدزێتەوە لە کاتێکا گرنگە بۆ داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانی هەرێم بێ ئەوەی بەغداش بە یاسا داهاتەکان دابەش بکات ، ئەگەر باسی حوکمڕانی دروست دەکەن ئەوە حکومەت بۆ سیاسەتی دارایی پێویستی بە پلان هەیە و ئەو پلانەش دەبێت لە یاسای موازەنەدا بەرجەستە بێت ، گەندەڵیی و فەزیحەیەکی گەورەیە کە حکومەتی هەرێم بێ یاسای موازەنە بمێنیتەوە، دەبو تێکرای فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان فشار بکەن بەو ئاراستەیەدا ، عەبادی سور دەیزانی نامێنیتەوە و دەروات و عەبدولمەهدی دێت ، بەڵام پێش رۆشتنی موازەنەی ۲٠۱۹ی ناردە پەرلەمان!

گومانم نیە لەوەی لەسەدا نەوەد زیاتری موچە خۆرانی هەرێم لەگەڵ ئەوەدان هەرێم نەوت بداتە سۆمۆ و دژی ئەوەن چەند کەس و گروپێک داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خۆیان بەرن و باجەکەشی ئەوە بێت فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگە و کەس و کاری شەهیدان بێ پارە بن .

لەو سۆنگەیەوە کە دڵنیام لەوەی مانەوەی مەلەفی نەوت بەم جۆرەی ئێستا وێرانبونی ئێستا و ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەی تێدایە و دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە دژی ئەبم بە هەمو توانامەوە .

گەورەترین ئەرکی ئینسانیی ، نیشتیمانیی ، دینیی، سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی ، ئەخلاقیی بەرامبەر خەڵک و خاکی کوردستان بریتیە لە روبەروبونەوەی ناشەفافیەت لە داهاتی نەوتی هەرێم و داهاتی باج و رسوماتی هەرێم و ئەو تاڵان و بڕۆیەی تیایدا دەکرێت.


ئەندامی لیژنەی دارایی


17/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر